ئەوەی هەقبێژە قەولی ترش و تاڵە
ئەمن هەرچی ئەڵێم ئەیکەن بە گاڵە
خەیاڵی ژێری لێفەی شەو بەتاڵە
هەتا ڕەنجێ نەدەی گەنجێ مەحاڵە
بە ئوممێدی دوعا تۆ دامەنێشە
هەناسەی ڕزق و ڕۆزی هەڵمەکێشە
ئەگەر مەردی وەکوو شێرانی بێشە
شکارت هەوڵە گەر بیکەی بە پێشە
ئەگەر سەروەت بە هاوار و دوعا بێ
گەدای سەر جادە هەڵدەگرێ کە شا بێ
بە یەک هەفتە لە دەرد و خەم ڕەها بێ
نەوەک تا ماوە هەروا بێنەوا بێ
تەماشای دەسی حاجی کردنی تۆ
گەلێ چاترە لەمانە مردنی تۆ
لە گۆشتی ڕانی خۆت برژێنە بیخۆ
تەمەڵ لێی دامەنیشە دەستەوئەژنۆ
بە منداڵی لەبۆ حاجی نەباری
وەکوو تۆ خاو نەبوو ئێسک و دەماری
بە ڕەنجی شانی خۆی بوو کەسب و کاری
بە هیوای کەس نەبوو بۆ کۆڵ و باری
چ مانێک و ژیانێکە هەتا سەر
لەبۆ دەسمایە ڕیش و پرچ و مێزەر
ئەسەف بۆ تۆ ئەگەر مەردی و هونەروەر
نەڕێژی چینی عارەق عەینی گەوهەر
تەماعی دەوڵەمەند و خێر و ئیحسان
خودا دایناوە بۆ ئینسانی نوقسان
ئەمانە گەر نەبێ ئەمرێ لە برسان
حەرامە بۆ کەسێکی ساخ و ملپان
هەتا گەنجی بەکار و خۆخحڵ بە
لەگەڵ ئەهلی وەتەن یەک ڕۆح و دڵ بە
بە ئەخلاق و تەبیعەت خاک و گڵ بە
بە شەوق و میهرەبانی ڕەنگی گوڵ بە
دەروونم کەیل و پڕ دەردی زەمانە
نەبوونی زاڵمێکی بێ ئەمانە
سەعی کردن لە قورئانا بەیانە
بە کفری تێئەگا هەر کەس نەزانە
برا بۆ تۆمە من عاجز نەبی لێم
مەڵێ خراپە هەرچی کە من ئەیڵێم
بە پشکۆی جاهیلی سووتاوە ژێر پێم
نەخۆشێکی پەرێشانم لەسەر جێم
ئەتۆ موفتی ئەگەر ئاوازە خۆشی
لەبۆ خۆت بگری تا ئەمری نەخۆشی
بە داخی خەڵکەوە بۆچ وا بە جۆشی
مەتاعی چاکە هەڵبەت ئەیفرۆشی [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#