ڕەخنە شیکردنەوە و ڕاڤەکردن و هەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبیە یان دیاریکردنی بەهای دەقی ئەدەبییە واتە ڕەخنەی ئەدەبی لەو بنەما هونەریە و بیریانە دەکۆڵیتەوە کە دەقی ئەدەبییان لێ بنیات دەنرێت و بەشێوەیەکی زانستییانە بەهای ئەو بنەمایانە دیاریی دەکات، بەمەش ڕادە و ئاستی گرنگیی و بایەخی دەق بۆخوێنەر و داهێنەریش دەستنیشان دەکات.
ڕەخنە جۆرێکە لەهەڵسەنگاندن و نرخاندن بە مەبەستی دەرخستن و نیشاندانی لایەنی باش و خراپ.دیارە ڕەخنەش پەیوەندی بە زۆر بوارەوە هەیە بۆ نموونە (ڕەخنەی سیاسی، ڕەخنەی ئاینی، ڕەخنەی ئەدەبی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی ….) بەڵام لەم بابەتەدا تەنها باس لە ڕەخنەی ئەدەبی دەکەین ڕونتر لە بارەی نووسینەوە، تابزانین گرنگی ڕخنە چیە و چۆن ڕەخنە بگیرێت وە جۆرەکانی ڕەخنە چین.
ڕەخنە هەوڵێکە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەموکوڕییانە لە بوارێکدا هەیە ئەگەر بە وردی باس لە ڕەخنەی ئەدەبی بکەین. ڕەخنەی ئەدەبی کەموکوڕیەکانی ناو نووسین دەستنیشان دەکات، ڕەخنەی ئەدەبی کارێکی داهێنەرانەیە وزۆرجار ڕەخنەگری ئەدەبی دەبێ بەقەدساحێب بەرهەم زەوق وداهێنەری تێدابێت،
بێگومان هیچ نووسینێک لە دەرەوەی ڕەخنە نییە.
هیچ نووسینێک بێ کەموکورتی نیە، کە نووسین هەبوو بێگومان ڕەخنەش دەبێت وە لە هەرکۆمەڵگایەک ڕەخنەگر نەبوو ڕخنە بگرێت بێگومان هیچ پێشکەوتنێک نابێت لە بواری نووسیندا چونکە ڕەخنە دەرخستنی هەڵە و کەم وکوڕیەکانی نێو نووسینەکە دەر دەخات خۆ ئەگەر ڕەخنە نەبێت ئەوا نووسینە پڕ لەهەڵە کان بەردەوام دەبێت.
ڕەخنە گرتن تەنها نابێتە هۆی دەرخستنی هەڵەکان بەڵکو وا دەکات نووسین باشتر و بەرەو پێشتر بچێت لە چاو ئەو قۆناغەی تێیدایە وادەکات نوسینەکان ببنە نووسینی سەردەمیانە و باشتر و گوجاو تر بێت.
مرۆڤ کەدەخوێنێتەوە دەیەوێت خوێندنەوە بکاتە دەلاقەیەک بۆ ئەوەی لێوەی فێر ببێت و بابەتی نوێ و پڕ لە نوێگەری بخوێنێتەوە نەک خوێندنەوەی بابەتە کۆنەکان لە بەرگێکی نوێدا.
کە ئەگەر ڕەخنە نەیەت و بەربەستێک بۆ ئەمە دا نەنێت نووسینەکانی سەردەم بەو جۆرەی لێدێت کە باسمان کرد.
ڕەخنەگرتن وردبینیی و عەقڵی زانستی گەورەی دەوێت کە تیایدا جیاوازی نەکرێت لەنێوان هیچ نووسینێک.
گەروانەبێت نووسین هیچ بیرکردنەوە و مەعریفەی نوێمان پێ نادات و بەڵکو هەڵەکان بەردەوام دوبارە دەبێتەوە.
دوو جۆر لە ڕەخنەمان هەیە :
یەکەمیان ڕەخنەی ڕوخێنەر ئەمجۆرە لەڕەخنە کەسی ڕەخنەگر بەمەبەستی کەمکردنەوەی نووسین و ناشرین کردنی نووسەر ڕەخنە دەگرێت و دەیەوێت لە ئاستی نووسینەکە کەم بکاتەوە کە ئەمجۆرە لەڕەخنە ناتوانێت کار بکاتە سەر بەرەو پێش چوونی نووسین.
دووەمیان ڕەخنەی بنیاتنەر ئەمجۆرە لە ڕەخنە کەسی ڕەخنەگر بەجۆرێک ڕەخنە دەگرێت کە وا لە نووسەر بکات هەوڵی چارەسەری بدات، بێگومان شێوەی دووەم کار دەکاتە سەر نووسین و زیاتر بەرەو پێشی دەبات.
ڕەخنە هەر تەنها زلکردنی کەموکوڕیەکان نیە بەڵکو دەرخستنی ئەو هەڵانەیە بۆ باشکردنی، بێگومان ڕەخنەش سنووری خۆی هەیە و نابێت سنوور بشکێنرێت چونکە ڕەخەی بێ سنوور ئاژاوە درووست دەکات و ڕەخنەی بەجێش کۆمەڵ بەرەو پێش دەبات ئەوە تەنها ڕەخنەیە، کە زیندووێتی بە کولتوورێک دەبەخشێت و هەر ئەویشە داهێنەرەکانی بە خوێنەرانی دیکە و نەوەکانی داهاتوو دەناسێنێت.
سەرەنجام، ئەگەر ڕەخنە نەبێتە ڕێگەیەک بۆ گەیشتنی خوێنەر بۆ نێو بەشە شاردراو و نەزانراوەکانی دەق ئەوا لە دەمەقاڵێی نێوان ڕەخنەگر و نووسەر کورتدەبێتەوە بە واتایەکی دیکە ڕەخنەکە ناتوانێت لەنێوان ڕەخنەگر و نووسەردا پردی دیالۆگ و مشتومڕی هزریی دروستبکات.
لەکۆتایدا ماوە بڵێین ڕخنە پێویستە هەبێت چونکە ڕەخنە پیشاندانی کەموکوڕی و خزمەتکردنی ئەدەبە.
ڕاستی بەهادی مەجید [1]