سەرۆکی #یەکێتی پیاوانی کوردستان#، ئاماژە بەوە دەکات زۆربوونی باخ و ڤێلاکان لە دەرەوەی شارەکان بووەتە شوێنێک بۆ ئەو کەسانەی کە کاری بەدڕەوشتی ئەنجامدەدەن و کاتێکیش پێیان دەزاندرێت بۆ ئەوەی ڕوو بە ڕووی یاسا نەکرێنەوە، بۆ داپۆشینی تاوانەکەیان دەڵێن هاوسەگیری مسیارمان کردووە، جەختیش دەکاتەوە ئەگەر یاسای قەدەغەی فرە ژنی هەموار نەکرێتەوە و ڕێگە بە فرەژنی نەدرێت لە هەرێم، ئەوا لە چەند ساڵی داهاتوودا هاوسەرگیری مسیار دەبێتە هاوسەرگیرییەکی فەڕمی و زۆریش زیاد دەکات.
#بورهان عەلی#، سەرۆکی یەکێتی پیاوانی کوردستان، بەبواری ڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان یاسای قەدەغەی فرەژنی کاری پێدەکرێت و ڕێگە بە فرەژنی نادرێت، کۆمەڵگەی ئیمەش زۆرینە موسڵمان و باوەڕدارن بۆیە پیاوان بەدوای ڕێگا چارەی دیکەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی پێداویستی خۆیان پڕبکەنەوە کاتێک هاوسەرەکانیان بەهەر هۆکارێک بێت ناتوانێت پێداویستییەکانی بۆ پڕ بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە پەنا بۆ ئەنجامدانی زەواجی مسیار دەبەن. حاڵەتەکانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە زۆربوون دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی زۆربوونی باخ و ڤێلاکان لە دەرەوەی شارەکان هۆکارێکی سەرەکین بۆ ئەوەی کە هاوسەرگیری مسیار زۆر ببێت، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا کەسانێک بەبێ ئەوەی هاوسەرگیری مسیاریان کردبێت هەندێکجاریش کاری بەدڕەشتی ئەنجام دەدرێت، بەڵام کاتێک پێیاندەزاندرێت بۆ ئەوەی ڕووبەرووی سزا و یاسا نەکرێنەوە، بۆ داپۆشینی تاوانەکەیان دەڵێن هاوسەرگیری میسیارمان کردووە.
سەۆکی یەکێتی پیاوان ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان هەمواری یاسای فرە ژنی نەکەنەوە و ڕێگە بە فرەژنی نەدرێت، ئەوا لە داهاتوودا هاوسەرگیری مسیار دەبێتە هاوسەرگیرییەکی فەڕمی و بەئاشکرا و بە شێوەیەکی زۆر ئاسای ئەنجام دەدرێت، کە ئێمە لەگەڵ ئەمجۆرە هاوسەرگیرییەدا نین، بەڵام ئەگەر پیاوانیش هیچ ڕێگا چارەیەکیان نەبوو ناچارن پەنا بۆ ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە ببەن. [1]