لە #سلێمانی#، ئەمڕۆ لە چەندین شوێنی جیاواز خۆپیشاندان بوو
لە سنوری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای #هەڵەبجە# و ئیدارەی سەربەخۆی #گەرمیان# لە چەند شوێنێکی جیاواز خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
لە #کەلار#، کەس و کاری ئەو مێرد منداڵەی لەسەر خۆپیشاندان بە چوار ساڵ زیندانی سزادرابوون، لەبەردەم دادگای کەلار گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و داوای پێداچوونەوەیان کرد بە بڕیاری دادگا.
لە بەردەم #زانکۆی سلێمانی#، بۆ داواکردنی دەرماڵەی خوێندکاران، خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و لە بەردەم زانکۆدا گردبوونەوە.
خوێندکارانی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، بەمەبەستی داواکردنی دەرماڵەی خوێندکاران لە بەردەم پەیمانگا گردبوونەوە و پاشان لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگا داواکارییەکانیان دووپاتکردەوە.
هێزێکی زۆری ئەمنی لە دەروازەی باشماخ بڵاوەی پێکرا، بۆ ڕێگریکردن لە خۆپیشاندانی شوفێرانی بارهەڵگر کە داوایاندەکرد لە خاڵە سنوورییەکان وەرگرتنی پارەی نا یاسایی بەردەوامی نەبێت لە شوفێری بارهەڵگرەکان. [1]