$داربڕین وەک کۆڵۆنیالیزمی مۆدێرن$
نووسینی: #پەیڕەو ئەنوەر#
تورکیا لە ڕێگەی سوپاوە بەردەوام لە سنوورەکانی پاسەوان و ئێشکگرە! ئەم پاسەوانبوونەی دەمانباتەوە بۆ ئەو وێنەیەی “سامۆئێل هەنگتینگتۆن” کە پێی وایە (تورکیا وڵاتێکی دڕاو و پارچە پارچەبووە) لە بنەڕەتدا ئەم قەیرانە ڕەگەکەی لە نائامادەبوونی (یەکانگیری و ناسنامەی دانپێدانراوەوەیە) Integration and recognized identity هەستکردن بە ونبوونی ناسنامە لە ناوخۆی تورکیا قەیرانێکی قوڵ و پڕ ئازارە بۆ زۆرینەی گرووپەکانی ناوی.
ئەمڕۆ تورکیا بە تەنیا وەک پاسەوان نەهاتۆتە دەرەوەی خۆی! فۆڕمی پاسەوانبوونەکە گۆڕاوە بۆ داربڕین و شێواندنی سرووشت. داربڕین کردەیەکی سانا و سادەیە بەڵام قوڵاییەکەی لەوەوە دێت تورکیا لە ڕێگەی سوپا و پاسەوانەوە وەک حەوشەی پشتەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەورووبەری ڕێکدەخاتەوە. چەمکی (حەوشەی پشتەوە) زۆر فراوان و فرە ئاستە. ئاستی سانا واتە جوگرافیا، پانتایی و ماڵی خۆم بە دڵی خۆم ڕێکدەخەم. دەیشێوێنم، دەیبڕم و دەیگوازمەوە. دیارە ئەم پڕۆژەیە یەکجار جێگەی مەترسی و ئازارە بۆ دنیای ئێمە.
یەکێک لە کێشەکانی تورکیای هاوچەرخ پرسی ڕوانینێکی ئیمپڕاتۆرانەیە بۆ دەرەوەی خۆی، بۆ دراوسێکانی، بۆ ئەو جوگرافیا سیاسییەی کە ڕۆژگار و سەردەمێک بەشێک بوونە لە ئیمپڕاتۆرییەتەکەی! ئەم پڕۆژە و دیدەی تورکیا لەسەر سێ بنامە دارێژراوە (بوونیاد، سەروەری و تێریتۆری) و دەکرێت ناوی بنێین سیانەی تورکیا بۆ گەڕانەوە بۆ نۆستالیژیا و گەڕانەوە بۆ یادەوەری و چیڕۆکەکانی سەردەمی عوسمانیزم.
تورکیا لە ڕووی بوونیادەوە وا هەست دەکات هێشتا بەشێکی زۆری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بەشێکن لە بوونیادەکەی بەتایبەت یەکەیەکی وەک ئێڕاق. یا وەرگرتنەوەی دوورگەی (سواکن) لە سودان کە ڕۆژگارێک بەشێک بووە لە بوونیادی عوسمانیزم! ئەم دیدە لەوەوە دێت گوایە تورکیا بەهۆی ڕێککەوتننامەی لۆزانەوە سێگۆشەی (تورکیا، ئێڕاق و ئێران) ی لەدەستداوە کە چیاکانی قەندیل و تا نزیک ڕواندز لەخۆ دەگرێت و بەشێکی قوڵە لە جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و گەیشتن بە کەرکووک و دواتریش کەنداو.
لێرەوە دیدی تورکیا بۆ ئێڕاق دیدێکی بایۆلۆژیانەیە و تورکیا لە ڕووی بوونیاد، سەروەری و تێریتۆرییەوە ئێڕاق بە منداڵ و نەوەی خۆی دادەنێت. وەها دەبینرێت کە پەیوەندی نێوان تورکیا-ئێڕاق دەچێتە نێو میتۆدی پەیوەندی (دەوڵەتی باڵا و منداڵەکانی) و بەمەش بەردەوام هەوڵدەدات لە هەناوی ئێڕاق و تێریتۆریەکەی ئامادەبێت. تەنانەت دەستکاری ژینگە بکات و دار ببڕێت و بیگوازێتەوە بۆ ناوەند/ئەنکەرە. ئەم شێوە مامەڵەیە ڕووکارێکی قوڵی کۆلۆنیالیزمی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە بەتایبەت کاتێک سیستمی ئیکۆی تێدا دەبێتە قوربانی و جینۆسایدی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە.
ساڵی 1978 (کەنعان ئێڤرین) ی سوپا سالاری تورکیا سەردانی ئێڕاق دەکات و بڕیاری پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش دەدەن بۆ پرسەکانی پاراستنی ئاساییش و هەواڵگری. هەر لەو سەردانەدا هەردوو وڵات ڕێگەبەیەکتر دەدەن کە بەقوڵایی (17کم) بچنە نێوخاکی یەکترەوە بۆ ڕاوەدوونانی جوداخوازەکان کە مەبەستی پەکەکە و ڕێکخراوە کوردییەکانی تر بوو. ساڵی 1982 (تەها یاسین ڕەمەزان) جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیرانی ئێڕاق سەردانی تورکیای کرد، واژووی لەسەر ڕێککەوتننامەیەکی نهێنی کرد کە ناوەرۆکەکەی بریتی بوو لە:
1- ڕێگە بە هێزی هەردوو وڵات درا بچنە نێو خاکی یەکترەوە بۆ دژایەتی و لەناوبردنی تیرۆریستان (بە قەولی خۆیان کورد تیرۆریستە).
2- هاریکاری و هەماهەنگی ئاساییش و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری.
3- ڕادەستکردنەوەی تۆمەتباران بە یەکتر و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی لەناو خاکی یەکتر و ڕاوەدوونانی بەرهەڵستکارە سیاسییەکان.
ڕێکەوتی (15ی تشڕینی یەکەمی ساڵی 1984) تورکیا و ئێڕاق جارێکی تر ڕێککەوتننامەیەک بە ناوی