$ئاییندەی ئێڕاق لەنێوان ململانێی مالکی و سەدردا$
نووسینی: جەزا فارس
ئێڕاق لە لێواری ڕووداو گەلێکی گەورەدایە، کە ئاییندەی ئەم وڵاتە بەندە لەسەر ئەم ڕووداوانە؛ ململانێکانی نێوان سەدر و مالکی کە باگراوندێکی مێژووی هەیە ئەم وڵاتەی بەرەو دۆخێکی ناسەقامگیری ڕامیاری بردووە بە شێوەیەک ئێڕاق لەبەردەم چەند سیناریۆیەکدایە کە خۆی دەبینێتەوە لە (دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن، شەڕی ناوخۆ، مانەوەی بارودۆخەکە وەک خۆی یان گەیشتنە ڕێکەوتن) ڕوودانی هەریەک لەم سیناریۆیانە وابەستە بە بڕیاری مالکی و سەدر هەروەها هەوڵە ناوخۆیەکان لە لایەک، دەستوەردانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە لایەکی ترەوە.
سیناریۆی یەکەم: ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن
ئەگەرێکی بەهێزە جارێکی ترهەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە بەو پێیەی سەدرییەکان لە پەیامەکانیاندا ئەوە ڕوونە لەلای ئەوان ئەم خولەی پەڕڵەمان کۆتای هاتووە، بەڵام پرسیارێک لێرەدا درووست دەبێت چی جۆرە سیستەمێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت؟
مالکی و هاوپەیمانەکانی خەون بەوە دەبینن لە حاڵەتی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، لە ڕێگەی پەڕڵەمانەوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکەنەوە لەبەر ئەوەی لە دابەشکردنی ئێڕاق بۆ (83) بازنە زەرەرمەند بوون، بەڵام سەدرییەکان و هاوپەیمانییەکانیان لەگەڵ ئەمەدا نین ئەوان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە دەبێت دەستور هەموار بکرێتەوە و تەواوی سیستەمی سیاسی ئێڕاق بگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی بە خەونی ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی ئەو زۆرینەی هەیانە حوکمڕانی ئێڕاق بکەن. کە ئەمەش لەم قۆناغەدا کارێکی ئەستەمە.
سیناریۆی دووەم: ئێڕاق بەرەو شەڕی ناوخۆ دەڕوات
بە وردبوونەوە لەباگراوندی مێژووی ململانێکانی سەدر و مالکی لەو ڕاستییە دەگەین کە مالیکی لە خولی یەکەمی سەرۆک وەزیرانی (2006-2010) لەپاڵ ئەوەی کە بە خراپترین شێوە دامودەزگا سەربازیەکانی حکومەتی ئێڕاقی بەکارهێنا دژی لایەنگرانی (سەدر) بەڵام نەیتوانی کۆتای بە سەدرییەکان بینێت لەبەرئەوە هەر لەوکاتەوە سەدرییەکان بەدوای دەرفەتێکدا گەڕاون تۆڵەی خۆیان لە مالیکی و دەوروبەرەکەی بکەنەوە.
لە ئێستادا بەو پێیەی کە هەریەکە لە سەدر و مالکی خاوەنی هێزی چەکدارن ئەگەری پێکدادانی سەربازی لەنێوان لایەنگران و شوێنکەوتووەکانیاندا ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام هەریەک لەم دوو لایەنە ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر ململانێکانیان بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی یەکلای بکەنەوە لەپاڵ ئەوەی هیچ کامێکیان ناتوانن لە گۆڕەپانەکە لایەنی بەرانبەر بسڕنەوە؛ ئەگەری گەرانەوەی سەقامگیری ڕامیاری بۆ ئێڕاق کارێکی مەحاڵ دەبێت، لەبەرئەوە لەم قۆناغەدا هەریەک لە سەدر و مالکی خۆیان بە دور دەگرن لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بەرانبەر بە یەکتری.
لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی؛ وڵاتانی دراوسێی ئێڕاق و وڵاتە زلهێزەکان لەگەڵ ئەوەدا نین کە کە شەڕی ناوخۆ ڕووبدات و بە وردی چاودێری بارودۆخی ئێڕاق دەکەن.
سیناریۆی سێیەم:مانەوەی دۆخەکە وەک خۆی لە ئێستادا(مانەوەی حکومەتەکەی کازمی)
حکومەتی کازمی لە (2020) درووستکرا بە ڕەزامەندی لایەن سیاسییەکانی ئێڕاق بە مەبەستی دەرچوون لە و ئاڵۆزیانەی کە ئێڕاق تێی کەوتبوو پاش دەست لە کارکێشانەوەی (عادل عەبدلمەهدی) سەرۆک وەزیرانی ئێڕاق بەهۆی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان کە بە شۆڕشی (تشرینییەکان) ناسرا، بەڵام دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە (2021) دا جارێکی تر ئێڕاق کەوتەوە ناو قەیرانێکی سیاسی گەورەوە.
بە هەموو پێوەرێک ئەم حکومەتەی کە کازمی سەرۆکایەتی دەکات لە (سەدر)ەوەنزیکە بۆیە سەدر بە جووڵاندنی شەقامی ئێڕاقی دەیەوێت کە درێژە بە مانەوەی ئەم حکومەتە بدات و ڕێگربێت لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ درووستکردنی حکومەت وەک چۆن ئەوان ڕێگر بوون لەبەردەم هەوڵەکانی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لە ئێڕاقدا هەرچەندە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانش بوو.
چوارچێوەی هەماهەنگی کە مالیکی سەرۆکایەتی دەکات مەبەستیانە کە بە زووترین کات کازمی لە پۆستەکەی دوربخەنەوە و حکومەت درووست بکەن، بەڵام ئەمە کارێکی مەحاڵە چونکە سەدرییەکان دەتوانن ڕێگربن لە کۆبوونەوەی پەڕڵەمان لە هەر کات و ساتێکدابێت شەقام وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بەکاربیەنن.
سیناریۆی چوارەم: گەیشتنە ڕێکەوتن
زۆرێک پێیان وایە هیچ ڕێگەیەک لە بەردەم سەدر و مالکیدا نییە جگە لە گەیشتنە ڕێکەوتن بەو پێیەی هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا وەک دوو هێزی کاریگەر داوای ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتیمانی دەکەن بە مەبەستی گەیشتنە ڕێکەوتن.
لەسەر ئاستی ناوخۆش لەپاڵ ئەوەی کە یەکێتی و پارتی دابەشبوون بەسەر بەرەی مالکی و سەدردا و لەگەڵ یەکتری نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار بەڵام هەردوولا داوای ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی دەکەن لەسەر ئاستی باڵای سەرکردە ئێڕاقییەکان، هەروەها کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی ئێڕاق دەستیکردووە، بە سەردانکردنی سەرکردە سیاسییەکانی ئێڕاق وەک نێوەندگیرێک بە مەبەستی دەستکردن بە ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە، بەڵام سەدر نایەوێت بکەوێتە گفتۆ گۆکردنەوە هەروەها مەرجی قورسی بۆلایەنی بەرانبەر داناوە کە دەبێت هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە. [1]