ئەی کوردینە!
نووسینی: شێخ سەعیدی کوردی (#بەدیعولزەمان#)
لە کورمانجییەوە: محەمەد عزەدین
ئەی کوردینە... لە یەکگرتوویدا هێز و لە یەکێتیدا ژیان و لە برایەتیدا بەختەوەریی و لە حکومەتدا ئاشتەوایی هەیە.
ئەی کوردینە... توند دەست بە پەتی یەکگرتوویی و خۆشەویستی بگرن؛ تا ئێوە لە بەڵا بە دوور بگرێ.
ئەی کوردینه، باش باش گوێم بۆ بگرن، دەمەوێ شتێکتان پێبڵێم:
دەمەوێ ئەوە باش بزانن، سێ بەهای بنچینەیمان هەیە و لەسەر ئێمە پێویستە بیانپارێزین.
یەکەم: ئیسلامەتی.
هەزاران شەهید لە پێناویدا خوێنیان ڕژاوە.
دووەم: مرۆڤایەتی.
بە پێی بیر و بۆچوونی دنیا، دەبێ بە هەوڵ و کردەی هزری و زانستی چاک، مرۆڤایەتیمان بۆ هەموو دنیا بسەلمێنین.
سێیەم: ناسنامەی نەتەوەیمان.
ئەوەیان بە شەڕەف و بوونمان دادەندرێ. ئێمە بە کار و کردەوەکانمان و ناسنامەی نەتەوەیمان، فەرهەنگمان دەپارێزین و، دەبێ بە کرداری چاکە، ڕۆحی ئەژدادەکانمان لەناو گۆڕ شاد بکەین، چوونکە ئەوان هەر وەک چاکەکار ژیاون. دەبێ ئێمەش وابکەین، ئەژدادمان لەناو گۆڕەکانیان شانازیمان پێوە بکەن.
جا با پێتان بڵێم، سێ دوژمنیشمان هەیە، گەر بەسەریان سەرنەکەوین لەناومان دەبەن:
یەکەم: هەژاری.
بوونی 40000 حەمباڵی کورد لە ئیستانبوڵ، بەڵگەی ئەو وتەیەمە.
دووەم: جەهالەت و نەخوێندن.
ڕێژەی خوێندنەوەی ڕۆژنامە لە هەزارا یەک، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە.
سێیەم: بوونی دوژمنداری و ناکۆکییەکانی نێوانمان.
ئەو دوژمنە وزەمان دەپوکێنێتەوە و هێسقانمان ورد و خاش دەکا. ئەمەش وادەکات، تووشی ئەوە بین کەسانی دیکە ئامۆژگاریمان بکەن. حکومەتیش لە بێ ویژدانیدا زوڵممان بەرانبەر بکا.
ئەی کوردینە، گەر لەمانە تێگەیشتبن، باش بزانن تاقە چارەشمان هەر ئەمانەن: بۆ ئەوەی نەهێڵین ئەو سێ بەهایەمان لەدەست بچێ و لە مەترسییەکانی ئەو سێ دوژمنە دوور بکەوینەوە، دەبێ ئەو سێ چەکە بەکار بهێنین.
چەکەکانیش ئەمانەن
یەکەم: پەروەردە و خوێندن.
دووەم: یەکگرتوویی و خۆشەویستی نەتەوەیی.
سێیەم: مرۆڤ بە قودرەتی خۆی کاری خۆی بکا و وەک سەفیل چاوەڕوانی توانای خەڵک نەکا و پشت بە کەس نەبەستێ.
ئەی کوردینە... ئامۆژگاری کۆتایشم ئەمەیە:
خوێندن و خوێندن و خوێندن...
و
یەکگرتن و یەکگرتن و یەکگرتن.
سەرچاوە: حەفتەمین ژمارەی ڕۆژنامەی (تەعاون و تەرەقی کوردی) ڕێکەوتی 5-12-1908.[1]