ناونیشانی بابەت: گرنگیدان بە پێست
ئامادەکردن: د. #گەشین کەمال شا محەمەد#
پێست بە سەرەکیترین بەشی مرۆڤ دادەنرێت، بەو پێیەی کە لە ڕێگەی پێستمانەوە هەموو ئەندامەکانی جەستەمان داپۆشراوە و چینێکی هاوسەنگی لە ڕەنگ و شێوە بەخشیوە بە کەسایەتیمان.
زۆر جار ئەم هەستە لای مرۆڤ ونە، چونکە لە درووستبوونەوە خاوەنی پێستی خۆیەتی، بەڵام کاتێک پێستمان توشی ڕووداوێک دەبێت، یان دەچینە تەمەنەوە، ئەو کاتە زۆر بە ڕوونی هەست بە گرنگی و جوانی مانەوەی پێستمان دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بە جوانی بمێنێتەوە.
بۆیە لە بواری پزیشکیدا پسپۆڕی پێست و نەخۆشییەکانی پێست گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت، لە ئێستاشدا بەهۆی گرنگی پێستەوە جوانکاریش بە بەهێزی هاتۆتە ئاراوە و هەمووان پەنای بۆ دەبەن بۆ ئەوەی جوانتر و شیاوتر و شایستەتر دەرکەون.
پێست جیاواز لەو ئەرکە گەورەیەی کە دەیبینێت بۆ مرۆڤ، لە هەمان کاتدا ئامرازێکی گرنگیشە بۆ جیاکردنەوەی شێواز و جۆری پێستەکان، بە پێی پاکی و جوانی و سافی پێستەکەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت.
مەبەستمە بڵێم گرنگیدان بە پێست، ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی گرنگیدان بە مرۆڤ و کەسەکانەوە، چونکە بواری پێست و جوانکاری بۆ ئەوەیە کە پێست لەسەر بنەما و ئاست و شێوە و توانای خۆی بهێڵێتەوە و ئەوانەی گرفتییان هەیە لە پێستیاندا چارەسەری بکەن.
ڕێنمایی زۆرن بۆ هێشتنەوەی پێست بە زیندویی و گەشاوەیی و پاکی، گرنگترینییان خواردنەوەی ئاوی زۆر و پاک ڕاگرتنی پێست و لابردنی هەموو بەکارهێنەرێک لەسەر پێست و دوورکەوتنەوە لە تیشکی خۆر و ماندوو نەکردنی پێستە، هەروەها بە پێی جۆرەکانی پێستیش وەک چەور و مامناوەندوو وشک، ڕێنماییەکانیش دەگۆڕێت لە ڕووی بەکارهێنانی کرێم و تەڕکەری پێست و شێدارکردنی پێست و وشککردنەوەی پێست.
کەواتە هەر پێستێک بە پێی هەڵکەوتەی خانەیی پێستی کەسەکەوە دوای پشکنین ڕێنمایی پێویست وەردەگرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ پێستیدا بگونجێت و پێچەوانە نەبێت کە زۆر جار دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە پێستەکە و تێکدانی.
هەمیشە پێستتان بە پاکی و جوانی ڕابگرن و بەردەوامیش ئامۆژگاری لە پزیشکی پسپۆڕ وەربگرن بۆ پێستتان گەر دەتانەوێت بە جوانی بمێننەوە بۆ ئەوەی درەنگتر نیشانە لاوەکییەکانی پێست دەربکەوێت و زوو چارەسەربکرێت. [1]