ناومیشانی بابەت: چرچی پێست؛ هۆکار و چارەسەر
ئامادەکردن: د. #گەشین کەمال شا محەمەد#
چرچی پێست یەکێکە لەو کێشانەی کە خەڵکێکی زۆر بە دەستییەوە دەناڵێنن، بە شێوەیەک بێزارکەرە کە شێوەی پێست بە ماندوو نیشان دەدات و ئاماژەیەکی سەرەکیشە بۆ پیربوون.
هەمیشە چرچی پێستیش لەسەر ئەو شوێنانە دەردەکەوێت کە دیارن وەک دەمووچاو و دەست و قاچ و بەشی سەرەوەی سنگ و پشتەمل.
$هۆکارەکانی چرچبوونی پێست:$
1- تەمەن: مرۆڤ چەند تەمەنی سەرکەوتێت، ئەوەندە پێستی نەرمتردەبێتەوە و توندی نامێنێت، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی چەوری سرووشتی و وشکبوونەوەی پێستەوە ڕوودەدات.
2- بەرکەوتنی بە شەبۆلی سەرو بنەوشەیی: شەپۆلی سەروو بنەوشەیی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ چرچبوونی پێست، چونکە خانەکان دەشکێنێت لە پێستدا و کۆلاجین کەمدەکاتەوە لە ژێر پێستدا.
3- جگەرەکێشان: جگەرەکێشان پڕۆسەی چرچبوونی پێست خێراتر دەکات، بەهۆی ئەوەی کە هەم کونیلەکانی پێست دادەپۆشێت، هەم هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی کۆلاجین لە ژێر پێستدا.
4- جوڵەی ماسولکەکان: بە تایبەت خوو گرتن و چەندبارەکردنەوەی جوڵە لە دەمووچاودا وا دەکات ماسولکەکانی دەمووچاو شل دەکاتەوە و لە شوێنی خۆیان دەیانجوڵێنێت، وەک پێکەنینی زۆر و مۆڕەکردنی زۆر.
$چارەسەر و خۆپارێزی:$
1- پاراستنی پێست لە تیشکی خۆر و هەموو ئەو تیشکانی تر کە ڕۆژانە دەیانبینین، پێویستە کاتێکی دیاریکراو و کەم لەبەردەم خۆری بەتیندابین بە تایبەت لە ناوڕاستی ڕۆژ و نیوەڕواندا.
2- بەکارهێنانی دژە خۆر و پێست نەرمکەرەوە، بۆ ئەوەی پێستت بپارێزێت لە تیشکەکان و بە تەڕی و نەرمیش بیهێڵێتەوە.
3- کەمکردنەوە و وازهێنان لە جگەرە، بۆ ئەوەی کونیلەکانی پێست بکرێنەوە و کۆلاجین لە ژێر پێستدا کاری خۆی بکات.
4- چارەسەر پزیشکییەکان، بە تایبەت دەبێت پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست دەستنیشانی بکات و بە پێی جۆری پێستەکە چارەسەری بکات، کە هەندێک جاریش لە ڕێگەی جوانکارییەوە چارەسەر دەکرێت. [1]