ناونیشانی بابەت: ئاگزیما چییە و چۆن چارەسەر دەبێت؟
ئامادەکردن: د. #گەشین کەمال شا محەمەد#
بەشێک لە ئێوەی ئازیز پرسیاڕێکی زۆرتان ناردووە لەسەر ئاگزیما
ئاگزیما یەکێکە لە نەخۆشییەکانی پێست، کە لە ئەنجامی هەوکردنی پێستەوە درووست دەبێت و زۆر جاریش بەهۆی حەساسییەتی پێستەوەیە کە زۆرتر ئەم هۆکارە بۆماوەییە لە کەسەکاندا.
کاتێک کەسێک تووشی ئاگزیما دەبێت نیشانەکانی ئەوەیە کە پێست کەمێک دەئاوسێت لە هەندێک جۆردا و سوردەبێتەوە و دەخورێت و پاشان دەگاتە ئەوەی کە پێستەکە دەقڵیشێت و پێست فڕێدەدات و وەک برین خۆی نیشان دەدات، زیاتر ئاگزیما لە دەمووچاو ودەست و قاچ درووست دەبێت و هەندێک جاریش لە شوێنی تری لەشدا بەدەردەکەوێت.
بۆیە پێویستە کە توشی ئاگزیمابویت نەیخورێنیت چونکە شوێنەکەی دەبێت بە برینی وشک و ئازاری دەبێت.
$هۆکارەکانی پاڵنەر بۆ درووستبوونی ئاگزیما$
1- خوری و قوماش.
2- سابوون و ئەو بەکارهێنەرانەی کە پێست وشک دەکەنەوە.
3- هەستکردن بە گەرما و عارەق کردنەوە.
4- وشکبوونەوەی پێست.
دەستنیشانکردنی ئاگزیماش دەبێت پزیشکی پێست بیکات، بەو پێیەی زۆربەی ئەوانەی تووشی ئاگزیما دەبن، جۆرێک لە جۆرەکانی حەساسییەتییان هەیە، بۆیە دەبێت پشکنین بۆ کەسەکە بکرێت بەر لە وەرگرتنی چارەسەر.
$چارەسەرەکانی ئاگزیما$
پزیشکی پسپۆڕی پێست دوای زانینی جۆری ئاگزیماکە و ڕێژەکەی، چارەسەری پێویستی بۆ دیاری دەکات.
$خۆپارێزی لە ئاگزیما$
1- بەکارهێنانی ئەو کەرەستانەی کە پێست نەرم و تەڕ دەکاتەوە.
2- دوورکەوتنەوە لە هەواگۆڕکێی زۆر لە زۆر گەرمەوە بۆ زۆر سارد یان بە پێچەوانەوە.
3- دوورکەوتنەوە لە عارەوکردنەوەی زۆر یان سەرمابوونی زۆر.
4- کەمکردنەوەی فشارە دەرونییەکان.
5- دوورکەوتنەوە لەو کەرەستانەی کە دەبێتە هۆی خورانی لەش بە تایبەت خوری.
6- خواردنی ئەو خواردنانەی کە پێست بە تەڕی دەهێڵێتەوە بە تایبەت سەوزە و میوە. [1]