ناونیشانی بابەت: لابردنی شڵی لەسەر دەمووچاو
ئامادەکردن: د. #گەشین کەمال شا محەمەد#
شڵی دەمووچاو یەکێکە لە شێوە پێستانەی کە هەندێک کەس لایان جوانە، هەندێک کەسیش لێی بێزارن و خواستی لابردنی دەکەن، چ ژنبن یان پیاو.
لابردنی شڵی لە ڕێگەی لێزەرەوە دەکرێت، بواری پزیشکی بە ئاستێک پێشکەوتووە کە بە کاتێکی کەم و خێراییەکی زۆر دەتوانرێت شڵییەکانی سەر دەمووچاو لاببرێت و لەداهاتوودا هەست نەکردێت کەسەکە شڵ بووە.
پڕۆسەکە بە لێزەر ئەنجام دەدرێت و ڕووی سەرەوەی پێست دەگرێتەوەو ماوەی چارەسەرەکە 15-20 خولەک دەخایەنێت.
تەنیا دوای 3 جەلسەی لابردنی شڵی بە تەواوی ئەنجامێکی شایستە و جوان دەدات بە دەستەوە و هەست بە گۆڕانکاری تەواو دەکرێت لە پێستەکەدا، هەندێک جاریش جەلسەی کەمتر و هەندێک جاریش جەلسەی زیاتری پێویستە، بە پێی قەبارەی خاڵەکان و تۆخی و کاڵییان.
ئەوەی زۆر گرنگە لەم چارەسەرەدا ئەوەیە کە شوێنی پەڵە و خاڵەکانی شڵییەکە بە هیچ شێوەیەک دیارنابێت و پێست بە تەواوی ساف دەکات.
هاوکارێکی بەهێزیشە بۆ وەگەڕخستنەوە و زیندوکردنەوە و چالاککردنەوەی کۆلاجینی ژێر پێست، کە ڕێگری دەکات لە چرچ و لۆچی و زوو پیربوون و بریسکانەوە و جوانی دەدات بە پێستەکە.
هەندێک لێکەوتەشی دەبێت کە زۆر کاتیین و دواتر نامێنێت، وەک سوربوونەوەی کاتی پێست و ئەو شوێنەی لێزەرەکەی لێدەدرێت. [1]