ناونیشانی بابەت: پەیوەندی نێوان غوودەی تەمەڵ و زیادکردنی کێش
ئامادەکردن: #کامەران ژاژڵەیی#
تەمەڵی یا سستی غوودەی دەرەقی کێشەیەکی تەندرووستیە کە لە ئەنجامی غوودەی دەرەقی بڕی پێویست لە هۆرمۆنەکانی غوودە بەرهەم بهێنێت کە لێپرسراون بەشێوەیەکی گشتی لە پڕۆسەی زیندەچالاکی ناو لەش.
تەمەڵی غوودەی دەرەقی لە سەرەتادا هیچ نیشانەیەکی دیاریکراوی نییە بەڵام ئەگەر پشتگوێ بخرێت و چارەسەر نەکرێت یا لە قۆناغە پێشکەوتووەکان گەلێ ئاکامی خراپی هەیە وەک ئازاری جوومگەکان، و نەزۆکی و نەخۆشیەکانی دڵ و قەڵەوی.
$پەیوەندی نێوان تەمەڵی غوودەی دەرەقی و زیاد بوونی کێش:$
- یەکێک لە گرنگترین نیشانەکانی تەمەڵی غوودەی دەرەقی زۆری کێش و قەڵەویە چونکە ڕێژەی سووتاندنی وزە و زیندەچالاکی جەستە کەمتر دەبێتەوە و ئەو خۆراکەی دەخورێت کەمتر بەکاردێت لەلایەن لەشەوە.
- بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت تا سستی و تەمەڵی غوودەی دەرەقیەکە زیاتر بێت؛ ئەو کەسە زیاتر قەڵەوتر دەبێت.
- هەروەها بەشێکی کەم لەو زیاد بوونە بەهۆی کەڵەکەبوونی چەوریەوەیە، بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەی شلەمەنی و ئاو لەدەرەوەی خانەکان.
--- بڕی زیاد بوونی کێش بەهۆی غوودەی تەمەڵەوە زۆر نییە و لە (2.25 - 4.5) کێلۆ زیاتر نییە، بۆیە پێویستە ئەو کەسە نەڵێیت بۆیە وا قەڵەو بووم تەنیا چونکە غوودەکەم تەمەڵە.
- چارەسەری قەڵەوی و زۆری کێش لەم کاتەدا لە ڕێگەی ڕێجیمی زانستی و وەرزش و ستایلی ژیانی تەندرووست و چارە کردنی تەمەڵی غوودەی دەرەقەیەکەوە دەبێت. [1]