$کوردستان و کورد لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسیدا$
نووسینی: #کەیوان ئازاد ئەنوەر#
$ڕەچەڵەکی بنەماڵەی عەباسییەکان$
لە نیوەی یەکەمی سەدەی دووەمی کۆچی بەرانبەر بە ناوەڕاستی سەدەی هەشتەمی زایینی، بنەماڵەیەکی عەرەب بە ناوی (عەباسییەکان)، چوون بەگژ بنەماڵەیەکی عەرەبی دیکەی فەرمانڕەوا، کە (ئۆمەوییەکان) بوون. هەردوولاش جگە لەوەی موسڵمان و لە هۆزی قوڕەیشی عەرەبی و خەڵکی شاری (مەککە) بوون، لە هەمان کاتدا ڕابردوویەکی باشیان لە سەرخستن و بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلامدا هەبوو، بەڵام لەوەدا جیاواز بوون، کە وەک (دوو) بنەماڵەی نەیار بەیەک دەرکەوتن و لەسەر دەسەڵات کەوتنە ململانێ. سەرەتای ململانێکەشیان لە شاری (مەدینە)ەوە دەستی پێکرد و لە گوندی (حومەیمە)ی شام ڕیشەی داکوتا و لە هەرێمی خۆراسانەوە گەیشتە لوتکە و لە شاری (کووفە)ەوە بە سەرکەوتن گەیشت.
ڕەچەڵەکی عەباسییەکان بۆ (عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیب) مامی پەیامبەری ئیسلام (محەمەد کوڕی عەبدوڵڵا/ د.خ) دەگەڕێتەوە، کاتێک بەدرێژایی تەمەنی، هاوکار و پشتیوانی برازاکەی بوو لە سەرخستنی ئایینەکەیدا. لەمەوەش (عەلی کوڕی عەبدوڵڵا) وەک یەکەم بانگەشەکار بۆ گەیشتنی بنەماڵەکەیان بە دەسەڵات، کوڕەزای (عەباس کوڕی عەبدولموتەلیب) و یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی بنەماڵەی هاشمی و هۆزی قوڕەیش. بەو هۆیەوەش ناوی بزووتنەوەکەی لە ناوی (عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیب) وەرگرت، تا ببێتە هێزی بنەماڵەیی و ئایینی بۆ بانگەوازەکەیان.
گەڕانەوە بۆ مێژووی بنەماڵەکە، گەڕانەوەیە بۆ مێژووییەک لە خەبات و پشتیوانی لە پەیامبەری ئیسلام (د.خ)و ئایینەکەی. جارێ (عەباسی کوڕی عەبدولوتەلیب) وەک ئاماژەمان پێ دا، دوای کۆچی دوایی (ئەبوتالیب کوڕی عەبدولموتەلیب)ی برای لە ساڵی (620ز)، کە بە (ساڵی خەم و ناخۆشی- عام الحزن) لە مێژووی ئیسلامدا ناسرا، بەهێزترین پشتیوان و هاوکاری برازاکەی بوو لە سەرخستنی ئایینی ئیسلامدا. تەنانەت لە هەردوو پەیمانبەستی (عەقبەی یەکەم) لە ساڵی (621ز) و (عەقەبەی دووەم) لە ساڵی (622ز)دا ئامادە بوو، تا شاهێدی لە بەیعەتکردنی ئەو کەسایەتییانەی شاری (یەسرب) بدات بۆ برازاکەی.
ئەو کەسایەتییانەی شاری (یەسرب)یش بۆ ڕێوڕەسمی حەجی ئەو (دوو) ساڵە هاتبوونە شاری (مەککە). لەوێش پەیامبەری ئیسلام (د.خ) هەلەکەی قۆستەوە و چاوی پێیان کەوت و داوای لێ کردن باوەڕ بە پەیامەکەی بهێنن. ئەوانیش دوای وەرگرتنی پەیامەکە، بەڵێنی پشتیوانی و هاوکارییان پێ دا و میواندارییان بۆ شارەکەیان کرد. بەو هۆیەشەوە (محەمەد کوڕی عەبدوڵڵا/ د.خ) لە ساڵی (622ز) ڕووی لە شاری (یەسرب) کرد و شاری (مەککە)ی زێدی خۆی و ئایینەکەی بەجێ هێشت.
دیارە ئەگەر سەردانی ئەو کەسایەتییانەی شاری (یەسرب) و بەیعەتدان بە پەیامبەری ئیسلام (د.خ) و بوونی (عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیب) وەک مامی پەیامبەری ئیسلام لەو بەیعەتدانە نەبوایە، ئەستەم بوو پەیامبەر و ئایینەکەی لە بندەستی بتپەرەستەکانی هۆزی قوڕەیش ڕزگار بێت، بۆیە بوونی (عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیب) لەو (دوو) ڕووداوە، ڕۆڵی خۆی لە مانەوەی برازاکەی و سەرخستنی ئایینەکەدا بینی.
کاتێکیش پەیامبەری ئیسلام (د.خ) شاری (مەککە)ی بەرەو شاری (مەدینە) بەجێ هێشت، (عەباس کوڕی عەبدولموتەلیب) لە شاری (مەککە) مایەوە، تا لە نهێنی و پیلانەکانی قوڕیش ئاگاداری بکاتەوە. تەنانەت لە کاتی گرتنی شاری (مەککە) لە ساڵی (8ک/629ز) لەلایەن موسڵمانەکانەوە، بووە هێزێکی بنەماڵەیی بۆ برازاکەی و پەیامەکەی. کاتێکیش پەیامبەریش (د.خ) دووچاری نەخۆشی بوو، هاتە شاری (مەدینە) و لە لای مایەوە، تا لە ساڵی (11ک/632ز) کۆچی دوایی کرد.
لەوێش وەک زۆربەی هەرە زۆری موسڵمانەکانی دیکە تەرمی پەیامبەری بەجێ نەهێشت و ڕووی نەکردە (کەپری بنەماڵەی ساعید)، بەڵکوو لەگەڵ (فاتیمە کچی محەمەد و عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب) و هەردوو کوڕەکانی خۆی (فەزڵ و عەبدوڵڵا) لەسەر تەرمەەی مایەوە، تا کفن کرا و بە خاک سپێردرا. هەروەها تا ئەو کاتەی لە ساڵی (34ک/654ز) کۆچی دوایی کرد، یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی بنەماڵەکەی و پشتیوانی ئایینی ئیسلام. دوای خۆیشی کوڕەکەی (عەبدوڵڵا) یەکێک بوو لە دیارترین زانایانی سەردەمەکەی، لە بوارەکانی وێژە و ڕەوانبێژی و زانستە ئایینەکانی ئیسلامدا. ئەمیش تا ئەو کاتەی لە ساڵی (68ک/687ز) کۆچی دوایی کرد، دوور لە کایەی سیاسی، سەرقاڵی خوداپەرستی و پەرەپێدانی زانستەکەی بوو.
دوای کۆچی دوایی (عەبدوڵڵای کوڕی عەباس) کوڕەکەی (عەلی) بەو ڕابردووەی باوک و باپیرییەوە، دەستی دایە بانگەوازەکەی و کاری بۆ سەرخستنی بنەماڵەکەی کرد بۆ دەسەڵات. هەروەها بە مەبەستی ڕێگری لە هەر بنەماڵەیەکی دیکەی وەک ئومەوییەکان، کاریان بۆ درووستکردنی دەوڵەتێکی گەورەی ڕامیاری، تێکەڵ بە ئایین و پادشایەتیی پشتاوپشت کرد، بەڵام بەپێچەوانەی مێژووی بنەماڵەکەی، کاری بۆ پێشێلکردنی مافی کۆمەڵ و پێکهاتەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگای ئیسلامی بە هەمان ئاڕاستەی ئۆمەوییەکان کرد. ئەمەو سەرەڕای گلەیی و گازندەیان لە خراپی و نادادیی بنەماڵەی ئومەوی لە کاتی بانگەشەکردن بۆ بزووتنەوەکەیان، بەوەی دوور لە بنەماکانی ئایینی ئیسلام و لەژێر پەردەی ئەو ئایینەدا، پایەی خەلافەتیان زەوت کردەوە، کەچی ئەمانیش بێ هیچ لێپرسینەوەیەک لە خۆیان، پەیڕەوی هەمان سیاسەتی ئەوانیان کرد! تەنانەت کاردانەوەشیان بەرانبەر هەموو ئەوانە پیشان دا، کە دژی خواست و ئارەزووەکانیان بوون. [1]