$لە بەهاری عەرەبییەوە بۆ زستانی ئەوروپی$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
هەرچەندە من باوەڕم بەو دەسەتەواژەیەی بەهاری عەرەبی نەبووە و نییە و بەڵام وەک جەمکێکی ڕەشۆکی کە هەیە بەکاری دەهێنم.
گرانی و بێ شتومەکی، لەگەڵ چەند هۆکارێکی تردا، دوو لە ڕەگەزە سەرەکیەکانی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی بوون. ئیستا ئەو دوو ڕەگەزە ڕوویان لە ئەوروپا کردووە بەڵام لە زستاندا. بەرزبوونەوەی نرخی شت و مەک لەوانە گاز و نەوت بە سەدان و هەزاران خەڵکی ئەوروپایان هێناوەتە سەر جادەکان. کەم وڵاتی ئەوروپا هەیە نارەزایی سەدان و هەزاران کەسی تێدا درووست نەبووبێ دژ بە زستانی سارد کە ڕووبە ڕوی دەبنەوە. لەوەش خراپتر گرانی و بێ دەرامەتی ڕێچکەی برسیەکانی درووست کردووە و خەڵک بە دەیان و سەدان لە سەرەی خواردنی خۆڕاییدا وەستان. باوبۆرانی زستانەکە ڕووی لە شوێنی تریش کردووە، لە ئاستی حکومەتەکانیشیاندا بارانی تێکچوونی نێوان وڵاتانی ئەوروپی گەیشتۆتە شەستەباران. ئەڵمانیا و فەرەنسا، ئیتالیا و فەرەنسا، سربیا و ئەوروپا، هەنگاریا و ئەوروپا، بەریتانیا لەگەڵ هەموویان.
پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە زستانێکی بێ وێنەدا دەژی. ئەڵمانیا بەسەر هەموو سنوور و پرۆتۆکۆلاتە سیاسی و ئابووریەکاندا بازیدا و هاواری بۆ چین برد لە تەواوکردنی پڕۆژەکانیدا. سەردانی ڕاوێژکاری ئەڵمانی لە مانگی ڕابردوودا بۆ چین، توڕەبوونی ئاشکرای فەرەنسا لە زمانی ماکرۆنەوە لە نەرویج و ئەمریکا لەوەی نەوتیان بە سێ قات لەوەی ڕوسیا پێ دەفرۆشن. ئەڵمانیا و فەرەنسا کە ڕوح و جەستەی یەکێتی ئەوروپان گەورەترین کێشە کەوتە نێوانیانەوە سەبارەت بە ڕێک نەکەوتنیان لەسەر نرخ دانان لەسەر نەوت و گازی ڕوسی. دواتر هاوپەیمانێتی هەردووکیان، بەهەر نرخێک بێ، لە بەرانبەر جەمسەری ئەنگلۆساکسۆنی بەریتانیا و ئەمریکادا. لە هەموو ئەمانە سەیرتر دەستپێکردنی ڕاستەوخۆی دانووستانی ئەمریکا لەگەڵ ڕوسیادایە سەبارەت بە یوکراین. هەفتەیەک شاردیانەوە بەڵام دوێنێکە بە ئاشکرا ڕایانگەیاند کە لە ئەنکەرە دانیشتوون و خەریکی دانووستانن لەسەر هێڵە سوورەکانی جەنگ و کێشە ترسناکەکان و لەو بارەیەشەوە هەر زوو ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان، سەردانی زیلینسکی سەرۆکی یوکراینی کرد و پێی ڕاگەیاندا کە دەبێ ڕازی بێت بە دانووستان لەگەڵ ڕوسیادا.
خیرسون... کشانەوەی خۆبەخشی ڕوسیا لە بەشێک لە ناوجەی خیرسون، بە تایبەت لە مێژە خەڵکەکەی چۆڵ کرد لە زۆر شوێن، ئەو پلانە پەنهانەیە کە هەموو چاودێرێکی سیاسی و سەربازی دەزانێ کشانەوەی ڕوسیا لە ناوچەیەک کە بە پێی نوێترین مەرسومی دەوڵەت بەشێکە لە خاکی ڕوسیا و بگرە مەبەستی سەرەکی لە پەلاماری ڕوسیا بۆ سەر یوکراین ڕزگارکردنی ئەو ناوچەیە بووە کە زۆربەی زۆری دانێشتوانەکەی ڕوسی زوبانن. جگە لە فێڵیکی سەربازی شتێکی تر نییە بەتایبەت لەم مەسەلەیەدا تەنیا کەسە سەربازیەکان قسەیان تیداکردووە و سیاسیەکان بە خودی پۆتینیشەوە کەمتر دەستیان وەرداێێ. کەواتە کشانەوەکە کەمتر بەشێکە لە گەمەی دانووستان وەک هەندێک وای بۆ دەچوون، بەڵکوو داوێکی سەربازیە و بەس، چونکە ئەستەمە ڕوسیا دەستبەرداری خاکی خۆی ببێ؛ لەوەش زیاتر لەوانەیە ڕوسیا ئەم جارە شاری ئۆدیسەشی بخاتە سەر. ئۆدیسە ناوچەیەکی تری ستراتیجی سیاسی و جوگرافی و ئابووریە و دەکەوێتە سەر دەریای ڕەش.
هەموان وایاندەزانی ڕوسیا یوکراین بە دوو سێ هەفتە دەگرێ و هەموو شت تەواو دەبێ، دیارە ڕوسیا لە بەرنامەیدا هەبوو شتێکی وابکات بەڵام هەر زوو زانیتی ناتۆ هەرجی قورسایی خۆی خستویەتیە ناو شاری ماریۆپۆڵەوە بەتایبەت لە کارخانەی ئازۆفی ستاڵ. لە ماریۆپۆڵەوە ڕوسیا ستراتیجیەتی شەڕەکەی گۆڕی بەوەی نەخشەیەکی درێژماوەیی بۆ شەڕەکە کە زۆرتر چاوەڕێی ئەم زستانەی دەکرد. لە زستاندا ڕوسی بە بەردێک جەند کێشکێک دەپێکێ، لەوانە: گرانی درێژماوەیی زیاتر لەسەر ئەروپا لە بابەت نەوت و گازەوە کە جگە لە بارە ئابووریەکەی بارە مەعیشیە کۆمەڵایەتیەکەشی دەخاتە هەلاکەتێکی بێ وێنەوە وەک دەیبینین. لە ئاستی سەربازیشدا، ڕوسیا دەیەوێت هەندێ بەرەی جەنگ بە زستان حەسم بکات وەک لە کشانەوەکەی خیرسوندا دەیبینین. خیرسون بەرەی یەکلارەوەی جەنگەکەیە و لەوەدەچی ڕوسیا زۆر بە خراپی خۆی بۆ هێرشێکی زستان مەڵاسدابێ و ئەو دەم زیلینسکی و یوکراین ناچار بە دانووستان بکات وەک خۆیان دەڵێن دانووستان دەکەین لەسەر ئەرزی واقعەوە کە ئێستا هەیە، واتە گفتوگۆ دەکەین لە دوای ئەو چوار ناوچەیەی مانگی ڕابردوو بە ڕەسمی بوون بە خاکی ڕوسیای فیدراڵ، ئەمە جگە لەوەی ئۆدیسەشی دێتە سەر گەر بێتوو زیلینسکی هەر گوێ بە دانووستان نەدات.
بەهاری عەرەبی تەواو بوو بێ کەش و هەوایەکی ساردی سەخت بەڵام پیدەچێ زستانی ئەوروپی بە شێوەیەکی خراپ بەڕێوەبێ: هەم زستانی ئابووری، هەم زستانی سیاسی و هەم وەرزی زستانی سەرما و سۆڵە. [1]