#عەبدولڕەحمان سدیق#
بەشی یەکەم
پێشەکی:
ئیکۆڵۆژیا تەنیا فاکتەری کاریگەر نییە لەسەر کەسایەتیی تاکەکانی هەر کۆمەڵگەیەک، بەڵام لەو کۆمەڵگەیانەی کە ماوەیەکی زۆر ماونەتەوە لە قۆناغی ڕاوکردن و کشتوکاڵییدا و، دوور بوون لە پێشکەوتنە زانستی و تەکنۆلۆژییەکان، ئەوسا ڕۆڵی ئیکۆڵۆژیا دەبێتە فاکتەرێکی کاریگەر بە سەر پێکهاتنی کەسایەتیی ئەو کۆمەڵگەیەوە.
کە دەڵێین کاریگەریی نێگەتیڤی ژینگە، مانای وایە کاریگەریی پۆزەتیڤیشی هەیە، بەڵام لێرەدا تەنیا مەبەستمان تیشک خستنە سەر لایەنە نێگەتیڤەکانە بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.
ژمارەیەک زانستی دیکەش هەن کە ڕۆڵیان هەیە لە نیشاندانی ڕووە ئەرێنی و نەرێنییەکانی کەسایەتیی هەر کۆمەڵگە و نەتەوە وگەلێک ئەوانیش وەک: ئیتنۆگرافیا و سۆسیۆلۆجیا و جیۆپۆڵۆتیک و.. هتد.
جیۆپۆڵۆتیک وەک دکتۆر محەمەد ئەزهەر سەعید ئەلسەمماک دەڵێت: (ئەو زانستەی کە لە هێزو توانای دەوڵەت دەکۆڵێتەوە بە ڕەچاوکردنی پێگەی زەمینی) (1) .
جیاوازییش هەیە لەنێوان جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆڵۆتیک و بە ڕای دکتۆر محەمەد ئەزهەر سەعید ئەلسەمماک، جیاوازییەکەی ئەمەیە: (لە کاتێکدا جوگرافیای سیاسی لە دەوڵەت دەکۆڵێتەوە لە ڕووانگەی ڕووبەرییەوە، بەڵام جیۆپۆڵۆتیک لە ڕووبەر دەکۆڵێتەوە لە ڕووانگەی دەوڵەتەوە) (2) .
بە مانایەکی دیکە وەک دکتۆر محەمەد ئەزهەر سەعید ئەلسەمماک دەڵێت: (جیۆپۆڵۆتیک ئامرازی نەخشەکێشانی سیاسەتی نیشتمانییە بە پێی ڕاستییە جوگرافییەکان) (3) .
بەڵام ئێمە لەم باسەدا پشت بە ئیکۆڵۆژیا دەبەستین بۆ شیکردنەوەی کاریگەریی نێگەتیڤی ژینگە لەسەر لایەنێکی کەسایەتیی کوردی.
کاریگەریی فاکتەرە جیاوازەکان لەمێژە کەسانی وەک هیرۆدۆت و ئەفلاتوون و ئەرستۆو و جان بۆدان و مۆنتسکیۆ ئالان چەرچڵ و ئیبن خەلدوون و زۆری دیکەش ئاماژەیان بۆ کردووە لە ڕووانگەی جیاجیاوە.
پێکهێنەرە سەرەکییەکانی ژینگە
یەکەم: ئاو و هەوا
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو دەڵێت: (ئاو و هەوای کوردستان بە گشتی سارد و گەرمە، جیاوازیی نێوان پلەی بەرز و نزمی گەرما لە کوردستاندا 80 پلەیە، لەنێوان (- 35هەتا + 45) (4) .
واتە وەک لە (گۆڤاری زانیاریی کورد) دا هاتووە، بریتییە لە ئاو و هەوای نیمچە ئیستیوائی، واتە سارد و باراناوی لە زستاندا و وشک لە هاوێندا (5) .
بۆیە لە زستاندا ئەم دیاردانە بینراون:
لە ئەنجامی بارینی بەفردا، کەمبوونەوە، یان نەمانی هاتوچۆ، بێئاگابوون لە هەواڵی یەکدی، نەمانی چالاکیی بازرگانی، دەرکەوتنی هەژاری و کەمدەرامەتی.. لەحاڵەتی وشکەساڵیشدا، وەک لە توێژینەوەیەکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕژێمی ئێراقدا باس کراوە، (بارێکی دەروونیی مۆلەق و ناجێگیر، کەمیی بەرهەم و دیاردەی گرانی، تێکچوونی پەیوەندییەکان، سەرهەڵدانی شەڕی پاوانخوازی، بڵاوبوونەوەی خورافات وەک بووکە بەبارانە کە وەک خورافاتێک ڕۆڵێکی دەروونیی کۆمەڵایەتیی گەورە دەگێڕێت بۆ دابینکردنی هاوسنگییەکی دەروونی و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ) (6) .
+ بە ڕای دکتۆر جەلیلی جەلیل -یش وشکەساڵی بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕی پاوانخوازی، بۆیە لە باسی ڕووداوێکی ڕابردوودا دەڵێت: (لە ئەنجامی بێ بارانی و نەبوونی دەغڵ و دان، نرخی نان زۆر بەرز بووەوە، کوردە برسییەکەش دەست بە چەکەوە پەلاماری عەمارەکانی گەنم و جۆی دا) (7) .
هەروەها دەڵێت: (بێ بارانی لە سایەی نەبوونی توانای زانستی بۆ دەستخستنی سەرچاوەی دیکەی ئاو، دیاردەی گەرمیان و کوێستانی هێنایە ئاراوە، پاشتریش بووە هۆی دابەزین و ڕووکردنە شارەکان، چونکە (برسێتی و بێ دەرامەتی کاریان کردە سەر کۆچەرەکانیش، گەلێک لە کوردە خاوەن مەڕوماڵاتەکان ئەوانەی لە بەخێوکردنی مەڕوماڵات کەوتبوون، ناچاربوون شاخەکانیان بەجێبهێڵن و ڕوو بکەنە شارەکان.) (8) .
+ کۆچەریی و نیشتەجێنەبوونیش دەرئەنجامێکی فاکتەرە ژینگەییەکان بوون و، لەوێشەوە نەبوونی دامەزراوەکان و پەنابردنە بەر سوڵح و عورفی کۆمەڵایەتی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، بۆیە وەک لە توێژینەوەکەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕژێمی ئێراقدا باس کراوە (کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکی عەشائیری بووە کە دابوونەریت و عورف زیاتر باڵادەست بووە لە چاو یاسا نووسراوەکاندا.) (9) .
هەروەها لەهەمان توێژینەوەی ناوبراوی پێشوودا باس کراوە کە تاکی کورد لەبەرانبەر هەمان ڕووداودا دوو هەڵوێستی جیاوازی پەیڕەو کردووە، بۆیە (جارێک دەستەوەستان و ڕادەست بووە، جارێکیش هەڵچووە و شۆڕشی کردووە.) (10) .
+ شێوەی سنووری دەرەوەی جوگرافیای هەر وڵاتێک کاریگەریی هەیە لەسەر ئاساییشی نیشتمانی، بۆ نموونە ئەگەر بازنەیی، یان چوارگۆشەیی بێت، ئەوا لە ڕێی کارگێڕی و سەربازییەوە باشتر بەڕێوە دەبرێت و، بەمەش بارێکی ئاساییشی باش و دەروونیی جێگیریش بۆ هاووڵاتیانی مسۆگەر دەکات.
بەڵام کاتێک سنووری دەرەوە شێوەی لاکێشە، یان سێگۆشە بە هەر خاکێک دەدات، ئەوسا لە ڕووی کارگێڕی و سەربازییەوە لاوازییەک لە بەڕێوەبردندا دێتە ئاراوەو، بارێکی ئاساییشی لاواز و بارێکی دەروونیی ناجێگیریش لای هاووڵاتیانی پەیدا دەبێت.
بۆیە د. عەبدولڕەحمان قاسملۆ دەڵێت: (درێژایی کوردستان لە شیمالەوە بۆ جنووب دەگاتە هەزار کیلۆمەتر و، ڕادەی ناوەنجیی پانایی کوردستان لە بەشی جنووبی دووسەد کیلۆمەترە و، پاشان هەتا بەرەو شیمال بڕۆی، زیاد دەکات، تا دەگاتە حەوت سەدو پەنجا کیلۆمەتر.) (11) .
ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە کوردستان شێوەی سێگۆشەی سەربەرەوخواری وەرگرتووە، بنکە فراوانەکەی لە سەرەوەیە و لوتکەکەی لە خوارەەیە، بۆیە هەمیشە دابڕان و قرتاندن و لێکردنەوە لێی لای باشووریەوە ئاسانتر ڕووی داوە.
تێبینیی: ئەم باسە چوار بەشە، هەر جارەو بەشێکی دادەبەزێت، لە بەشی کۆتاییدا ئاماژە بە تەواوی سەرچاوە و پەراوێزەکان دەدرێت.[1]