$یاخی بوونی ئەڵمانیا لە ناتۆ$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
ڕێکخراوی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەنتیک کورتکراوی ناوی ناتۆیە. ساڵی 1952 یەکەمین سکرتێری ناتۆ جەنەراڵێکی بەریتانی بوو بە ناوی هاستینگ ئیزمەی دەربارەی ناتۆ دەلێت ناتۆ بۆ سێ مەبەست درووست بووە: یەکەمیان هاتنە ناوەوەی ئەمریکا (مەبەست بۆ بلۆکی غەربی واتە ئەوروپا)، دووەمیان بۆ دەرپەڕاندانی ڕوسیا (واتە دەرکردنی ڕوسیا لە نەخشە و هاوبەشێتی ئەوروپا)، سێهەمیشیان ڕوخاندنی ئەڵمانیا.
قسەی ناو کەوانەکان هی منن. لەو کاتەوە تاکو ئێستا ناتۆ نەک هەر بۆ ئەڵمانیا بەڵکوو ئەوروپا هیچ سوودێکی نەبووە جگە لە دەسەڵاتخوازی زیاتری ئەمریکا بەسەر ئەوروپادا و خەرجکردنی پارەیەکی ساڵانەی زۆر لە لایەن ئەوروپای غەربیەوە بۆ ناتۆ. ئەڵمانیا دەزانێ ناتۆ واتە ئەمریکا و بەریتانیا و ئامانجەکەش ئەمە ئینجا ڕوسیا و فەرەنسا. ئەم ترسە پەنهانیە چیتر ئەڵمانیا نایشارێتەوە ئەوەتا لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ناتۆدا ئەڵمانیا ئاوها بەرەو ڕووی ئەمریکا و بەریتانیا ببێتەوە وەک لەم هەواڵانەدا دەیخەمە ڕوو کە دوێنێکە هەموو شەقامی ئەوروپی سەرسام کردووە:
1) ئەمریکا و بەریتانیا داوایان لە هاووڵاتیەکانیان کرد کە ئۆکرانیا بە زووترین کات جێبهێڵن و لە سەفارەتەکانیشیان کارمەندەکانیان کەمکردەوە بۆ نزمترین ئاست گوایە بارودۆخەکە شڕە و پەلاماردانی ڕووسیا لە ئان و ساتدایە. بە پێچەوانەی ئەمەوە دوێنێکە ئەڵمانیا لە زاری وەزیری دەرەوەی خۆی، ئانالینا بەیربۆک، ڕایگەیاند کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک دەستکاری سەفارەت و کەمکردنەوەی کارمەندەکانیان ناکەن چونکە هەنگاوی نیوەداخستنی سەفارەتەکان دۆخەکە خراپتر دەکات نەک باشتر.
2) هاوسەرۆکی پارتی سۆشیالی دیموکراتی حوکمڕانی ئەڵمانیا، لارس کلینگبەیڵ، وتی: بەڵێ ئێمە چەک نانێرین بۆ ئۆکرانیا بۆ شەڕ دژی ڕوسیا بەڵکوو ئێمە ئاشتیمان دەوێ بۆ ئەوروپا و ڕوسیا دەبێ بەشێک بێت لەو ئاشتیە.
3) دوا بە دوای ئەو قسانە، سکرتیری گشتی ناتۆ، جەنس ستۆلنبێرگ، کە بە ئەسڵ نەرویجیە دوێنێکە وتی: هەواڵی تەئکیدمان نییە کە ڕوسیا دەیەوێ پەلاماری ئۆکرانیا بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند هەفتەی ڕابردووەوە ئەمریکا و بەریتانیا بە خۆیان و مەکینەی میدیا و قسەکەرە ڕەسمیەکانیانەوە و لەوانە خودی سەرۆکی ئەمریکا جۆو بایدن وتی کە ڕوسیا لە مانگی جەنیوەری 2022 پەلاماری سەربازی ئۆکرانیا دەدات.
تاکو ئێستا ئەمریکا و بەریتانیا هیچ وەڵامێکی ئەم هەڵوێستەی ئەڵمانیایان نیە، بەڵام شاهیدی دوو پەرچەکردار بووین لە لایەن وەزیرانی دەرەوەی پۆڵەندا و لاتڤیاوە کە ڕەخنەی سەختیان لەو هەڵوسیتەی ئەڵمانیا گرت بەڵام ئەوان و ئەمریکاش باش دەزانن دڵی ئەوروپا و ئەوروپای ڕۆژاوا واتە ئەڵمانیا.
دیارە لەم نێوەدا فەرەنساش دەچێتە پشتی ئەڵمانیا یاخود پێشوەختە لەو بەرەیەی ئەڵمانیادایە. جا گەر ئەڵمانیا سوور بێت لەسەر هەڵوێستی خۆی ئەوا ئاڕاستەی ئاریشەی ئۆکرانیا بەرەو شوێنێکی تر دەچێ و بە دڵی ئەمریکا نابێت مەگەر ئەمریکا سەربەخۆیانە و تاکڕەوانە ئۆکرانیا بکات بەگژ ڕوسیادا. [1]