ناو: سەعید
نازناو: دکتۆر سەعید بارزانی
ناوی باوک: ئەحمەد حەسکۆ
ساڵی لەدایکبوون: #1930#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #05-02-1999#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #بێدود#
شوێنی کۆچی دوایی: شارۆچکەی #پیرمام#
$ژیاننامە$
دکتۆر سەعید بارزانی ساڵی 1930 لە گوندی بێدودى سەربە شارەدێی #پیران# لە شارۆچکەی #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە، ساڵی 1953 لە لوناچارسکی لە تەنیشت تاشکەند دەستی بە خوێندن کردووە، هەر لە یەکێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسەری لەگەڵ بکلال ئیلیلنا نۆڤیا پێکهێناوە، دوو کوڕیان هەبووە بە ناوەکانی عەزیز و ئەحمەد، دواتر لە شاری مۆسکۆ لە کۆلێژی پارتی شکۆلا درێژەى بەخوێندن داوە، لە دوای 14ی تەمووزی 1958 بارزانی نەمر گەڕایەوە کوردستان و ئەویش لەگەڵ هەڤاڵانى گەڕایەوە، لە ساڵى 1959 لە کۆلێژى ئادابى زانکۆى بەغدا بوو بە مامۆستا. لە ڕێکەوتی 5 تشرینی دووەمی 1960 لەسەر بانگهێشتی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤێت، لە ساڵیادی شۆڕشی ئۆکتۆبەر یاوەری مستەفا بارزانی بوو بۆ یەکێتی سۆڤیەت، توانی خوێندن تەواوبکات و بڕوانامەی پەیمانگاى وەرگرت. ساڵی 1961 بۆ جاری دووەم لەسەر داواى مستەفا بارزانی لە دەسەڵاتدارانی یەکێتی سۆڤێت لە ئەکادیمیا بۆ خوێندنی دکتۆرا (ناوک) وەرگیرا کە تایبەت بوو بەفێربوونی ئەکادیمی لە بواری کۆمەڵناسی و ڕۆشنبیری و بەردەوام بوو لە خوێندن و توانی بڕوانامەی دکتۆرا لە بەشی مێژوو وەربگرێت. هەر لەم ئاکادیمیایەدا خێزانیشی وەکوو قوتابی وەرگێرا و دکتۆرای لە زمانی ڕووسی وەرگرت، لە ساڵی 1970 گەڕاوەتەوە و لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا دامەزرا، خێزانەکەشی وەک مامۆستای زمانی ڕووسی، ئیش و کارەکانی مەلامستەفا بارزانی ڕادەپەڕاند کە تایبەت بوون بە باڵیۆزی ڕووسیا لە ئێڕاق.
$خەباتنامە$
ئەحمەد حەسکۆ ئیبراهیمى ناسراو بە ئەحمەد نادر کە باوکی بوو، لە و کەسانە بوو کە مەلا مستەفا وەکوو وەکیل لەگەڵ عەبدوڵڵا کرکەمۆیی و وەلی بەگ لە دەڤەری بارزان داینان، لەبەر ئەوەی متمانەی زۆری پێ هەبوون، ئەحمەد نادری باوکی ساڵی 1932 بەرپرسی پاراستنی دەربەندی زێت بووە و لە ڕاپەڕینی ساڵی 1935 لە شەڕێکی دەستەویەخە لە چیای گۆڤەند لە سنووری نێوان باکوور و باشووری کوردستان لە نزیک گوندی ئەرگۆش شەهید بووە.
دکتۆر سەعید ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕێزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، لە ڕێکەوتی 12 تشرینی یەکەمی 1943 بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسی خێرەزۆکی کردووە، بەم هۆیەوە لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە. لە 5 ئەیلوولی 1945 بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریکی کردووە.
لە ڕێکەوتی 11 تشرینی یەکەمی 1945 لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێکەوتی 31 ئاداری 1946 لە هێزی بارزان-ى سەربە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان خزمەتی پێشمەرگایەتی کردووە و لە شەڕەکانی بەرەی سەقز لە کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشداریکردووە، لە ڕێکەوتی 3 ئایاری 1946 بەشداری شەڕی ملقەرەنی کردووە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان بەشداریی شەڕی نەغەدە و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ #مستەفا بارزانى#، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، شێخ حسێن لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان. هەر لە ساڵی 1959 ناوبراو لە بەغداى پایتەختی کۆماری ئێڕاق لەگەڵ مستەفا عەبدوڵڵا فەقێ نەبی و بابەکر شێخ حسێن لاچین پاسەوانی مەلا مستەفا بارزانی بوونە.
لە ساڵی 1973 لەسەر ڕاسپاردەى بارزانی نەمر زانکۆی بەغداى بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و چووەتە بەرەی حەسەن بەگ، ساڵی 1974 بەشداری لە شەڕەکانی زۆزک، هەندرێن، سەرتیز و گەرووی عومەر ئاغای کردووە، ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر ڕوودەکاتە ئێران و لە نەغەدە نیشتەجێ بووە و دواتر چوەتە کەرەج.
ساڵی 1976 بەشداری شۆڕشی گوڵانی کردووە، ساڵی 1977ز بەرپرسی لقی 2ی باڵی ڕاست بووە لە سنووری بارزان، مێرگەسۆر، سیدەکان و سۆران. لە ڕێکەوتی 4 تشرینی دووەمی 1979 لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، ساڵانی 1979 تا 1980ز بەرپرسی هێزی باڵی چەپ بووە لە لقى یەک، لە دوای کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان باڵى ڕاستى هێزی لقی 2ی ناوەکەی کرا بە هێزی بارزان(قوەتی بارزان)، دواتر کرا بە بەرپرسی ناوچەی بارزان، بەشداری شەڕەکانی مێرۆز، کانی ڕەش، خێرەزۆک، ئەشکەوتوان، مێرگەسۆر، شێروان مەزن، چامە، کۆڵانەدەر، گەرووی سارتێ، کۆڵانە سوورەک، پردی مەزن، گەڵی بێخمە، کۆڕێ، تاوک و ڕێزانی کردووە، لە شەڕی خواکوڕک فەرماندەی میحوەری قاتعی بارزان و مێرگەسۆر بوو کە ئەم شوێنانە دەگرێتەوە: سارداو، هاودیان و بالەکیان، شیڤەدز و سرێشمه، خەلیفان، سەرچیا، دەشتی هێرت و دەشتی بەرازگر. لە ڕێکەوتی 31 ئابی 1980 لە پردى ڕێزان برینداربووە.
لە ساڵی 1988 فەرماندەی بەرەی ڕۆژاوای خواکوڕک بوو، هەمان ساڵ بووەتە فەرماندەی میحوەری ناوەڕاست، لەگەڵ ڕەمەزان دۆسکی بەرپرسی میحوەری چیای خەروانکى سنووری ڕێکخراوی شیرین بوو، لە ڕێکەوتی 28ى ئابدا لە بەرزاییەکانی سەری کوراڤا و بەرێ مشکا بە گوللە تۆپێکی مەزن بریندار دەبێت و هەر لە بەرەکانی شەڕ لەلایەن دکتۆر محەمەد ساڵح دەرمان دەکرێت.
ساڵی 1991 بەشداری ڕاپەڕینی کردووە، لە ڕێکەوتی 7 نیسانی 1991ز فەرماندەی قوەتی بارزان بوو و بەشداری لە داستانی کۆڕێ کردووە و بەرپرسی قۆڵی دەستی ڕاستی پیرمام بوو، ساڵی 1993 کراوە بە ئەندامی لێژنەی باڵای کۆمەڵایەتی ناوچەی بارزان، لە ڕێکەوتی 16 ئابی 1996 لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی یۆبیلی زێڕیندا، لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، ڕێڕەوی بەرەو یەکێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕین لەلایەن سەرۆک #مەسعود بارزانی# میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوە، لە ڕێکەوتی 5 شوباتی 1999 لە پیرمام کۆچی دوایی کردووە.[1]