پێناسەی پێنجخشتەکی
بە عەرەبی: مُسَمَّط
ئەم قاڵبە دەڵێن مەنوچێهری دامغانی دایری کردووە و دایهێناوە، ئەویش قاڵبێکە کە لەوێدا بەیت و میسرەع نییە، بەڵکە (بەند) یان خانە هەیە، شاعیر بە سێ و چوار و هەندێ جار پێنج میسرەع لەسەر یەک کێش و هەوا دەڵێ، دوایە هەر لەسەر ئەو کێش و هەوایە بە قافیەی جیاواز بەندێکی دیکە هەر بە ڕادەی میسرەعەکانی بەندی هەوەڵ دادەنێ بەڵام قافیەی ئاخر میسرەعی دەبێ بێتەوە سەر قافیەی ئاخر میسرەعی بەندی هەوەڵ. لە هەموو بەندەکاندا کە بە ئیختیاری شاعیرە هەرچەند بەند دابنێ مەجبوورە میسرەعی ئاخر بێتەوە سەر قافیەی ئاخرین میسرەعی بەندی هەوەڵ.
جا موسەممەت یان پێنجخشتەکی دوو جۆرە: یەکیان:- تەواوی هۆنراوەەکە هەر هیی خودی شاعیر، ئەویان:- غەزەلێکە کە شاعیرێک پێشتر وتوویە و شاعیری دواتر لەسەر قافیەی میسرەعی هەوەڵی بەیتەکان چەن میسرەعێک (زیاتر (3) میسرەع) دەڵێت و غەزەلەکە دەکاتە موسەممەت و فارسەکان بەم کارە دەڵێن: (موسەممەت تەزمینی) و کوردەکان پێی دەڵێن: (تێهەڵکێش) یان (موخەممەس) یان شایەد (موسەددەس) و موسەددەس و تەخمیس بە ئیشتیای شاعیری دووەم، زۆربەی موسەممەتەکانی حەمدی لەم چەشنەن. ڕەحمەتی مامۆستا هێمن زۆر موخالیفی ئەم تێهەڵکێشە بوو، دەیفەرموو: فەقەت (مامۆستا حەقیقی) مافی تەخمیسی هەیە. لە شاعیرانی کورددا مەلا ڕەسوول، حەمدی، میسباح، قانیع و حەقیقی لەم قاڵبەدا سەرکەوتوون.
#محەمەد سەعید نەجاڕی # (ئاسۆ) [1]