شلۆمۆ ئاڤینەری
لە ڕۆژگاری ئێستادا و لەنێو دیموکراسیەتە ڕۆژاواییەکاندا، کەسانێکی کەم هەن بوونی پاساوی ئەخلاقی بۆ درووستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی ڕەتدەکەنەوە، بەڵام کاتێک باس دێتەسەر کوردی باکووری ئێراق- کە تێیدا هەرێمی کوردستان دەوڵەتێکی نیمچە سەربەخۆی هەیە کە بە باشی کاروبارەکانی هەڵدەسووڕێنێت- ئەوا ڕۆژاوا لە بری پاساوی ئەخلاقی، سیاسەتێکی عەمەلی دەگرێتەبەر، کە ئەمەش مایەی شەرمە.
لە ئێستادا، نزیکەی هەموو کەس هاوڕاییە لەگەڵ ئەوەدا کە فەلەستینییەکان شایستەی دەوڵەتن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نابێت گەلی فەلەستینی لە سایەی حوکمڕانی ئیسرائیلدا بمێنێتەوە. زۆربەی ئیسرائیلییەکان هاوڕان لەگەڵ ئەم تێڕوانینەدا، تەنانەت سەرۆک وەزیرانیش، بنیامین نەتنیاهۆ بە دوودڵییەوە ڕایگەیاند کە پابەندە بە بوونی دوو دەوڵەتەوە- دەوڵەتی فەلەستین لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا-. هەروەها لە زۆرێک لە دیموکراسیەتە ڕۆژاواییەکاندا، باڵی بەهێزی چەپڕەو بەردەوام خۆپیشاندان ڕێکدەخات بۆ پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی فەلەستین.
لە بنەڕەتدا بانگەشەی دەوڵەتی فەلەستینی لەسەر بنچینەی پاساوێکی ئەخلاقی داڕێژدراوە بۆ مومارەسەکردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی نەتەوەیی، بەڵام کاتێک مەسەلەکە دێتەسەر دەستەبەرکردنی هەمان ماف بۆ گەلی کورد، ئەوا ڕۆژاوا بە چەشنێک بێدەنگە کە هەم مایەی شەرمەزاری و هەم مایەی سەرسوڕمانە.
دیموکراسیەتە ڕۆژاواییەکان هیچ پشتیوانییەکیان لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نەکرد- کە لە ئەیلوولی ڕابردوودا ئەنجامدرا-، هەروەها دەنگیان بڵند نەکرد لە دژی هەڕەشەکانی هەردوو حکومەتی ئێراقی و تورکی بۆ تێکشکاندنی هەوڵی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە ڕێی بەکارهێنانی هێزەوە.
کاتێک بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا، یان ئەمریکا هۆکارێک دەخەنەڕوو بۆ بەرهەڵستیکردنی سەربەخۆیی کوردستان، ئەوا هەمیشە ئەمە وەک سیاسەتێکی عەمەلی لێکدەدرێتەوە. پێمان دەوترێت کە دەبێت یەکپارچەیی خاکی ئێراق بپارێزرێت و سەربەخۆیی کوردستان دەبێتە هۆی ناسەقامگیرکردنی تورکیا و ئێران، لەبەر ئەوەی کەمینەیەکی گەورەی کورد هەن لەو وڵاتانەدا.
بەڵام ئەمە تەنیا پەردە لەسەر بوونی ئیزدواجییەت و دووپێوانەیی لا دەدات. بانگەشەی ئەخلاقی پەیوەست بە بڕیاردانی چارەنووسەوە و تەنیا لە کەیسی فەلەستیندا باس دەکرێت و بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی پێناکرێت لە وتاری نێودەوڵەتیی پەیوەست بە کوردستانەوە. لەوەش خراپتر، سەرکوتکردنی دڵڕەقانەی چەند ساڵە دژ بە کورد بە تەواوەتی فەرامۆش کراوە. لە سەردەمی سەددام حسێندا، کورد ڕووبەڕووی هێرشی کۆمەڵکوژی و کیمیایی بوونەوە. لە تورکیاش سوپای ئەو وڵاتە بە سەدان گوندی تەخت و وێرانکردووە.
ئەوە دووڕووانەترین و ناڕاستترین پاساوە کە بە ناوی بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی ئێراقەوە ڕێگری لە کورد بکەیت مومارەسەی مافی بڕیاردانی چارەنووس بکات. کاتێک دەوڵەتدارانی بەریتانی لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و تێکشکاندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە ئێراقیان وەک قەوارەیەکی جیاوازی سیاسی درووست کرد، ئەم کارەیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ئیمپریاڵییەکانیان ئەنجامدا. بەو پێیە ئەوان مێژوو و جوگرافیا و دیموگرافیا و فرەیی ئیتنی و ئایینی ئەو خاکەیان نادیدە گرت.
واتە لەو کاتەدا پرس بە دانیشتووانی ئەم دەوڵەتە دەستکردە نەکرا، ئایا دەیانەوێت لە وڵاتێکدا بژین کە زۆرینە تێیدا شیعە بێت و کەمینەگەلێکی گەورەی وەک کورد و کریستیانشی تێدا بێت. هەروەها بە دڵنیاییەوە پرسیان پێنەکرا کە ئایا دەیانەوێت لەلایەن خانەوادایەکی سوننەوە- کە بەریتانییەکان لە حیجازەوە، کە ئێستا بەشێکە لە سعودیە، هێنابوویان- حوکمڕانی بکرێن.
لە سەرەتادا و بە گوێرەی ڕێککەوتنامەی سیڤەر-کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی دۆڕاوی شەڕ لە ئابی ساڵی 1920دا واژووی کرد- کوردیش بە چەشنی ئەرمەنییەکان بەڵێنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیان پێدرا. بەڵام دواتر هێزە هاوپەیمانە سەرکەوتووەکان پشتیان لەم بەڵێنە کرد، لەو کاتەوە کورد لەژێر سایەی سەرکوتکارییەکی بەردەوامدا دەژی. کوردیش لەو ناوچەیەدا کە بووە باکووری ئێراق، بە چەشنی کریستیانیە ئاشوورییەکان، بۆ چەندین دەیە نکۆڵی لە زمان و کەلتووری جیاوازی کرا لەلایەن حوکمڕانە عەرەبەکانی بەغداوە. لێرەدا و لەم سیاقەدا، چەمکی یەکپارچەیی خاک هیچ نییە، جگە لە پاساوێک بۆ سەرکوتکاری ئیتنی، یان ئایینی.
بە هەمان شێوە، دەیان ملیۆن کوردی تورکیا و ئێرانیش لە مافە مرۆیی و کلتوورییە بنەڕەتییەکانیان بێبەشکران. کەواتە مایەی تێگەیشتنە کە حکومەتەکانی تورکیا و ئێران دژ بە هەوڵەکانی سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان بوەستنەوە: چونکە لەوە دەترسن ئەگەر هاتوو سەرکەوتوو بوو، ئەوا بزووتنەوەی هاوشێوە لەنێو کوردی سەرکوتکراوی وڵاتەکەیاندا سەرهەڵدەدات.
بەڵام هیچ کاتێک ئەگەری ناسەقامگیربوونی ئوردون بەهۆی سەربەخۆبوونی فەلەستینەوە نەکراوەتە پاساوی دژایەتیکردنی درووستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی کە نابێت ئەم پاساوەش لە دژی کوردی ئێراق بەکار بهێنرێت. لەوەش زیاتر، حاڵی حازر هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی تا ڕاددەیەک کراوە و فرەڕەنگی درووستکردووە. وەک هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ، کوردستانی ئێراق سیستمێکی فرەحزبی هەیە، کە هاوشێوەی ئەم سیستمە لەنێو دەوڵەتە دراوسێ و عەرەبییەکاندا بەدی ناکرێت، ئەمە ئەگەر هەر باسی تورکیا و ئێران نەکەین، کە زیاتر و زیاتر بەرەو خۆسەپێنی دەچن.
مافی بڕیاردانی چارەنووس، مافێکی جیهانییە و نابێت ئەو گەلانەی لێ بێبەش بکرێت کە لە سایەی ڕژێمێکی نادیموکراتی سەرکوتکاردا دەژیین. کەواتە پێویستە ئەو پاساوەی بۆ فەلەستین دەهێنرێتەوە بە هەمان ئەندازە بۆ کوردیش بهێنرێتەوە. ئەو چالاکوانانەی مافەکانی مرۆڤ کە خۆپیشاندان دەکەن بۆ پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی فەلەستینی، پێویستە بە هەمان شێوە پشتگیری لە دەوڵەتی کوردیش بکەن. هەروەها پێویستە هەمیشە بانگەشەی مافەکانی مرۆڤ- جگە لەو کاتانەی وەک پەردە و پاساوێکی دووڕووانە بەکار دەهێنرێن- زاڵبن بەسەر گرتنبەری سیاسەتی عەمەلیدا.
لە ماوەی مێژووی دوورو درێژ و کارەساتباری خۆیاندا، کورد جار لە دوای جار لەلایەن ڕۆژاواوە پشتیان تێکراوە، کە ئەمەش مایەی شەرمەزارییەکی گەورەیە. پێویستە جارێکی دیکە ئەمە دووبارە نەبێتەوە. پێشمەرگەی کوردستان دڵسۆزترین هاوپەیمانی دیموکراسیەتە ڕۆژاواییەکان بوو لە شەڕی دژ بە داعشدا. گاڵتەجاڕییەکی تاڵە کە لە سەروەختی پێویستیدا کورد لەژێر ڕەحمەتی حکومەتەکانی ئێراق و تورکیا جێبهێڵرێت.
نووسینی: شلۆمۆ ئاڤینەری
لە سایتی project syndicate بڵاو کراوەتەوە.[1]