ناونیشانی بابەت: خانمە هونەرمەندی #خانەقین#ی سۆئاد دەلەوی: 200 تابلۆم کێشاوە و تا ماوم لەپێناو هونەردا دەجەنگم
ئامادەکردنی: #فاتمە قاسم#
خانمە هونەرمەندێکی کوردی خانەقینی، سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشیی شێرپەنجە و بێهیوایی لە مانەوە، بەڵام بێهیوایی خۆی بە هونەر و بە کات بەسەربردن لەگەڵ خێزان و هاوڕێیانی پڕ دەکردەوە، سەرەتایەکی تاڵ و کۆتاییەکی پڕ لە شکۆمەندی. ئەو پێیوایە، سەرجەم دەمارەکانی لێوانلێوە لە هونەر و ساڵانێک دەبێت خزمەت بە هونەر و دیزایین دەکات و هەر لەم ڕێگەیەدا ناوی شارەکەی وەکوو تاجێک بەسەر خۆیدا بەرز ڕاگرتووە و دەڵێت: هەتا مابم لە ژیان، ڕێگە نادەم هیچ بەربەستێک لەنێوان من و هونەردا درووست بێت.
$ژیاننامە و پێگەی لە دنیای هونەردا$
#سۆئاد میکائیل# وەلی، ناسراو بە (سۆئاد دەلەوی) بە ڕەسەن کوردێکی خانەقینییە و لەدایکبووی ساڵی 1972ی شاری بەغدایە. سۆئاد دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدایە و خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانکۆی هونەری بەغدا/ بەشی دیزایینی پیشەسازی. ئێستا دانیشتووی شاری خانەقینە و فەرمانبەرە لە زانکۆی شاری خانەقین، هەروەها یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەرانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شارەکە و ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانە لە ئێڕاق و لە #کوردستان#.
زیاتر لە 29 ساڵ دەبێت کە سۆئاد خزمەت بە هونەر و دیزایین دەکات لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، وەک (کوردستان، بەغدا، تورکیا، سووریا، میسر، لوبنان) جگە لە بەشدارییەکانی بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە هەموو وڵاتان و لە ڕێگەی تابلۆ جوان و پڕ لە ماناکانی جێپەنجەی زێڕینی خۆی لە هەموو ئەو پیشانگایانە بەجێ هێشتووە، کە بەشداریی تێدا کردوون، چونکە تابلۆکانی بە ڕەنگی دەوڵەمەند و تەکنیکێکی لێهاتووی تایبەتمەندن کە ئاماژەن بۆ زانین و هۆشیاریی ئەکادیمیی یەکگرتووی سۆئاد.
هەر لەسەردەمی منداڵییەوە هەست بە خونچەدانی داری پڕ بەرهەمی هونەر لەنێو ناخی خۆی دەکات، سۆئاد بەم شێوازە سەرەتاکانی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: هونەر وشەیەکی جوانە، جوانترین شتیش کاتێکە کە دەست و سەر و دڵ و هەستەکان پێکەوە کار بکەن، بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمێکی هونەری، لەسەر بنەمای پیشاندانی جوانی و دەربڕینی هەستەکان بە شێوەیەکی تایبەت. هەموو هونەرمەندێک سەرەتایەکی هەیە، سەرەتاکانی منیش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی، دوای ئەوەی پەیوەندییم بە قوتابخانەوە کرد، بەهرەیەکی هونەری لە مندا پەیدا بوو و وردە وردە وێنەم دەکێشا و سەرچاوەی ئەم بەهرەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەستی ئیلهامبەخشی خۆم بۆ هونەر، لەگەڵ ئەوەشدا خێزانەکەم هاوکارم بوون بۆ پەرەپێدانی ئەم بەهرەیە و دابینکردنی دەرفەتێک بۆ ئەوەی خۆم بدۆزمەوە و ئاواتەکانم بەدی بێنم.
سۆئاد لەنێوان قسەکانی ئەوەیشی خستە ڕوو: من سەر بە قوتابخانەیەکی دیاریکراو نیم، بەڵام مەیلی قوتابخانەی دەربڕینم هەیە، چونکە لە پلەی یەکەمدا دەربڕینە کە گوزارشت لە هەستەکان، یان بارە دەروونییەکانی هونەرمەند دەکات، هەروها زۆر حەز و مەیلم بەرەو مۆدێرنیزم هەیە و زۆربەی بەرهەمەکانم مۆدێرنیزمن، چونکە ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەی هەرچی لە ناوەوەمدایە بە ئازادییەکی ڕەها دەرببڕم .
سەبارەت بە تابلۆکانی، سۆئاد دەلەوی ئاماژەی بەوە کرد: تا ئێستا خاوەن زیاتر لە 200 تابلۆم و هەموو تابلۆکانم لە ڕووی مانا و چیرۆک و دەربڕین تەواو لە یەکتر جیاوازن، بەڵام زۆربەیان گوزارشت لە ژن دەکەن، چونکە ژنان ڕۆڵی جیاواز لە کۆمەڵگا و ژیاندا دەبینن، چیرۆکەکانیان جۆرێک لە ڕووداوی دڵتەزین و پێکەنین لەخۆ دەگرێت، کە ئەم بەسەرهاتانە بە سەر منیشدا هاتوون، بۆیە توانیومە لە ڕێگەی تابلۆکانم زیاتر لە 150 پیشانگای هاوبەش لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات و 20 پیشانگای تایبەت لەناوخۆ بکەمەوە، لەم ڕێگەیەشدا چەندیین بڕوانامە و خەڵاتم پێ بەخشراون، هەروەها خاوەنی تابلۆیەکەم بە ناوی (من کێم) کە یەکێک لەو تابلۆ زۆر نزیکانەیە لە ڕۆح و دڵمدا، کە تابلۆی ئافرەتێکە لەنێو ئاوێنەدا تەماشای ڕووخساری خۆی دەکات، واتە گۆزارشت لەوە دەکات، کە ئافرەت لەبەرانبەر خەڵک خۆی بە جوانی پیشان دەدات و سەرجەم کێشە و گرفت و ماندووبوونی دەشارێتەوە، بەڵام تەنیا لەنێو ئاوێنەیە کە شوێنەواری ماندوویی و کێشە لەسەر ڕوخساری دەردەکەوێت.
دەلەوی وتیشی: جگە لەوە بە بەردەوام کاری دەستییش دەکەم کە هەژمار نەکراون، هەروەها ئیشی دیزایینیش دەکەم و ئەو شوێنانەی کاری دیکۆرات و دیزاینم بۆیان کردووە بریتین لە (پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا، کۆلێژی هونەری بەغدا، #پەیمانگای هونەرە جوانەکانی خانەقین#، کۆلێژی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکانی خانەقین) و بۆ سەرجەم ئیشەکانم (بۆیەی زەیتی، پاستێل، قەڵەمی داری ڕەنگاوڕەنگ، ڕەنگی ئاوی، قەڵەمی خەڵووز، ئەکرلیک) بەکار دەهێنم، لەسەر (کانڤاس، شووشە، کاغەزی A3 و A4، دیوار، بەرد) و بۆ ئیشە دەستییەکانیشم هەریەکەو بەپێی جۆری درووستکردنی کەرەستەی تایبەت بە خۆی بەکار دەهێنم.
سۆئاد میکائیل وتیشی: من کاری هەموو هونەرمەندانم خۆش دەوێت و سەرسامم بە کار و تەکنیک و ئەو لێدانە ڕەنگییانەی کە بەکاری دەهێنن، یەکێک لە گرنگترینیان هونەرمەند (ڤینسێنت ڤان کۆخ) ە، کە لەژێر کاریگەریی قوتابخانەی دوای ئیمپڕێشنیستی بوو، ئەم قوتابخانەیە بە ڕەنگی گەشاوە و ڕوون و لێدانی فڵچەی قورس و هەڵبژاردنی بابەتی وێنەکێشان لەسەر ژیانی ڕاستەقینە ناسرابوو، هەروها هونەرمەند (پابلۆ پیکاسۆ) کە ئەبستراکتکردنی ئەندازەیی و تەکنیکەکانی کۆلاجی دۆزییەوە، هەروەها سەرسامم بە هونەری هونەرمەند (جەواد محەمەد سەلیم) کە نیگارکێش و پەیکەرتاشی ئێڕاقی بوو و بە یەکێک لە کاریگەرترین پەیکەرتاشەکان دادەنرێت لە مێژووی ئێڕاق.
سۆئاد میکائیل باسی لەوەش کرد: ”ئەگەر هونەرمەند نەبوومایە، بەشی پسپۆڕیی دەروونیی منداڵانم هەڵدەبژارد، چونکە دەبێ گرنگییەکی زۆر بە منداڵان بدرێت، لەبەرئەوەی ئەوان نەوەی داهاتووی ئێمەن، بەتایبەت گرنگیی بەو منداڵانە بدرێت کە خاوەن پێداویستیی تایبەتن، یان بەدەست نەخۆشیی دەروونی، یان شێرپەنجە دەناڵێنن، هەرچەندە خۆیشم تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجەم و سەرەتایەکی سەختم هەبوو، بەڵام بە هاوکاری و پاڵپشتیی خێزانەکەم، وردە وردە خۆم لەسەر ئەم بابەتە ڕاهێنا و هەرگیز خۆمم ڕادەستی ئەم نەخۆشییە نەکرد و ئەمەم بە خاڵێک بۆ دەستپێکردنێکی نوێ و بەهێز دانا و هەموو جارێک بەرهەمێکی نوێی هونەری پێشکەش دەکەم، بۆیە دەڵێم خۆزگە پسپۆڕی دەروونیی منداڵان بوومایە، بۆ ئەوەی لەگەڵ هونەرەکەم بتوانم وێنەی پێکەنینێکی سیحراوی لەسەر ڕوخساریان بکێشم، هەر بۆ ئەمەیش، لە پلانمدایە لە ئاییندەیەکی زۆر نزیک، لە ڕێگەی نماییشکردن و فرۆشتنی تابلۆکانم لە پیشانگایەکی تایبەت، پارەکەی تەرخان بکەم بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە لە شاری #سلێمانی#.[1]