$ئەفغانستان، ئیمارەتى ئیسلامى نا ئیسلامى!$
#ئادەم بێدار#
ئیمارەتى ئیسلامى لە ئەفغانستان بەرکارە لە کۆتوبەندکردنى ژن لەو وڵاتە، ئەم جارە بڕیاریدا تا کاتێکى نادیار دەرگاى زانکۆکان بە ڕووى کچاندا دابخات، لێرەوە بە پێویستى دەزانم هەڵوەستەیەک لەسەر ئەو بڕیارە و لێکەوتەکانی و شەرعیەتى لە شەریعەتى ئیسلامدا بکەم.
$تاڵیبان وەک دژە ژن$
ڕۆژى 20ى ئەم مانگە، ڕۆژێکى دیکەى قورس بوو بۆ کچانی ئەفغانستان، وەزارەتى خوێندنى باڵاى ئیمارەتى ئیسلامیی تاڵیبان لە بڕیاریکى خێرا و بەپەلەدا، دەرگەى سەرجەم زانکۆ و کۆلێژە تایبەتەکانى بە ڕووى کچاندا داخست، لەو بڕیارەشدا هاتووە کە پێویستە یەکسەر جێبەجێ بکرێت، ڕۆژێک دواى ئەو بڕیارەش کاتێک کچە قوتابییەکانی ئەو وڵاتە ڕوویان لە کۆلێژەکانیان کرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تاڵیبانەوە دوورخرانەوە و ڕێگرییان لێکرا بچنەوە ناوەندەکانى خوێندن.
داخستنى دەرگەى زانکۆ و کۆلێژەکان بە ڕووى کچاندا لە کاتێکدایە کە پێشتر حکومەتى ئیمارەتى ئیسلامى لە دواى هاتنەسەر دەسەڵات لە ناوەڕاستى ئابی 2021 بڕیاریدابوو ناوەندەکانى خوێندنى ناوەندى بە ڕووى کچاندا دابخات، هەرچى خوێندنى باڵاشە کۆمەڵێک ڕێکارى دانابوو بۆ ئەوەى تێکەڵاوى درووستنەبێت، لەوانە: دەرگەى هاتن و چوونیان جیا کردەوە، پۆلەکانیان جیاکردەوە، تەنانەت مامۆستاى پیاویش بۆى نەبوو وانە بە کچان بڵێتەوە، مەگەر بەتەمەن بێت، بەڵام دیارە دڵیان بەوەش ئاوى نەخواردووەتەوە تا بەیەکجارى قەدەخەیان نەکەن لە خوێندن.
بێبەشکردنیان لە خوێندن تاکە کۆتوبەندى سەر کچانی ئەفغانى نییە لە سایەى تاڵیباندا، بەڵکوو ئەو بزووتنەوە ڕادیکاڵە لەوەتەى هاتووەتەوە سەر دەسەڵات قەدەخەى کردووە ڕەگەزى مێ بچنە پارکەکان، دوورى خستوونەتەوە لە بازاڕى کار، مەگەر تەنیا لە شوێنێک نەبێت کە هەمووى ڕەگەزى مێ بن و بوونى ئەو جۆرە بازاڕ و کارانەش زۆر دەگمەنن، نابێ بچنە هۆڵەکانى وەرزش و گەرماوە گشتییەکان، لە هەر چوونە دەرەوەیەکیشیاندا دەبێت تەواو باڵاپۆشبن و پەچە (نیقاب) یان کردبێت.
ئەو ڕێکارانەش وایکردووە بزووتنەوەکە زیاتر وەک دژە مێ یان فۆبیاى هەبێت لە دەرکەوتنی ڕەگەزى مێ دەرکەوێت.
$لێکەوتە نەخوازراوەکان$
لەڕاستیدا قەدەخەکردنى ئافرەت لە خوێندن پێشهاتێکى دیکەى مەترسیدارە، چونکە وەک دوا بزمار دەبیندرێت لە تابووتى کچانی ئەفغانستان، ئیتر ئەفغانستان تەواو دەبێتە وڵاتێکى نێرینە و بەمەش هیچ سووچێک نامێنێتەوە بۆ کچ و ژن تا ڕۆڵى خۆیانی تێدا بگێڕن.
لەمەودوا ئیتر کچی ئەفغانستان هیچ داهاتوویەکى نابێت، بەزۆر بە شوو دەدرێت، یان هاوسەرگیرى پێشوەختەی پێدەکرێت، تەنیا لەماڵەوە بێت، مافەکانى دەفەوتێت و ئەگەرى تووندوتیژى بەرانبەری زیاد دەبێت.
$ئافرەت لەنێوان تاڵیبانى کۆن و نوێدا$
لەکاتێکدا هەموو جیهان چاوى لەسەر ئەکرانەکانى میدیا بوو چۆن دیمەنى ڕاکردنى خەڵک بەگشتى و ئافرەتى ئەفغانستانى دەگواستەوە بەهۆى هاتنەوەى تاڵیبان، سەرکردەکانى ئەو پارتە لێدوانیان دەدا و دڵنیاییان دەدایە خەڵک کە مافیان پارێزراو دەبێت، ئەمە وایکرد قۆناخى ئێستاى حوکمڕانى تاڵیبان ناوبنێن تاڵیبانى نوێ، وەک ئەوەى بزووتنەوەیەکى دیکە یان گۆڕانى ڕیشەیی لە دید و بۆچوونیان ڕوویدابێت.
بەداخستنى دەرگەى زانکۆ بەڕووى قوتابییانى ڕەگەزى مێ، تاڵیبان پەردەکەى لادا و ڕووى ڕاستەقینەى خۆى دەرخستەوە، دیارە ئەوان نەگۆڕاون، هێشتا هەر ئەو تاڵیبانەن کە وڵاتەکەیان تووشى نەهامەتى شەڕ کرد و کاولکارییەکى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا، لە ویلایەتى یەکەمى تاڵیباندا هەموو شتێک لە ڕەگەزى مێ قەدەخە بوو، لە ویلایەتى ئێستاشدا وەک کوردەوارى گوتەنى هەر هەمان تاس و حەمامە، بەڵام لە قۆناخى یەکەمیاندا یەکسەر هەموو شتێکیان قەدەخەکرد و هەر لەسەرەتاوە ڕووى ڕاستیان دیاربوو، بەڵام ئەم جارە سەرەتا خۆیان بە شێوەیەکى دیکە نیشاندا و هێدى هێدى ڕووە ڕاستەقینە-کۆنەکەیان دەرخست.
$تاڵیبان لەژێر کۆنترۆڵى ڕادیکاڵەکانیدایە$
قەدەخەکردنى خوێندن لە ئافرەت بەسەرکەوتنى باڵى ڕادیکاڵى ناو بزووتنەوەکە لێکدەدرێتەوە، کە مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە ڕێبەرایەتی دەکات، ئەو بەتەواوى دژى خوێندنى سەردەمى ئافرەتە و پێیوایە پێچەوانەى شەریعەتى ئیسلامە.
لە بەرانبەردا شێخ ڕەحیموڵڵا حەقانى کە شێخێکى دیارى تاڵیبانە و لە ناوچەى پیشاوەرى سەر سنوورى پاکستان دەژی، پاڵپشتى مافى ئافرەت دەکات لە خوێندن، ئەو پێشتر لە لێدوانێکى ڕۆژنامەڤانیدا جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەى هیچ بەهانەیەک نییە بۆ قەدەخەکردنى خوێندن لە ئافرەت، بەپێچەوانەوە وەک ئەوەى ئەو بۆى دەچێت هەموو پەڕتووکە ئیسلامییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە خوێندنى ئافرەت ڕێگەپێدراوە، بگرە پێویست و ناچاریشە، چونکە بۆ نموونە ئەگەر ژنێک لە ئەفغانستان تووشى نەخۆشى بێت و پێویستى بە چارەسەر بێت، وا باشترە بچێتە لاى پزیشکێکى ئافرەت نەک پیاو، باشە ئەگەر خوێندنیان لێ قەدەخە بکرێت چۆن دەبنە پزیشک؟!
ئەو نموونەیەى حەقانى ڕاستى ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە بزووتنەوەى تاڵیبان نەک هەر پێچەوانەى شەریعەت لە پێشێلکردنى مافى ئافرەت لەخوێندن کار دەکات، بەڵکوو دژى پرەنسیپەکانى خۆشى دەجووڵێتەوە.
$ئیمارەتى ئیسلامى نا ئیسلامى$
بزووتنەوەى تاڵیبان بانگەشەى پابەندیی بە شەریعەتى ئیسلام دەکات، هەمیشە لە لێدوانەکانیان جێبەجێکردنى شەریعەت وەک بەهانە بۆ کارەکانیان دەهێننەوە، بەڵام ئایا بەڕاستى ئیسلام دژى ئەوەیە ئافرەت بخوێنێت؟
بە گەڕانەوە بۆ دەقە پیرۆزەکانى قورئان و فەرموودە ڕاست و درووستەکانى سەروەرمان محەمەد (د.خ) دەبینین؛ کە ئیسلام مافى بە ئافرەت داوە بخوێنێت، لە هەموو ئەو دەقە پیرۆزانەدا کە باسى خوێندن و گەورەیى فێرکردن دەکەن، هیچ ئاماژەیەک نییە بە جیاکارى ڕەگەزى و هەرگیز ئیسلام خوێندنى قەتیس نەکردووە لە ڕەگەزى نێردا، بەڵکوو هەموو ئەو دەقانە بۆ ژن و پیاو وەکوو یەکن، لەوەش زیاتر پێغەمبەر (د.خ) لەفەرموودەیەکی درووستدا باسى کەس دەکات کە دوو پاداشتیان بۆ هەیە، یەکێک لەوانە کەسێکە بە باشى ئافرەتێک پەروەردە بکات و فێرى بکات. بۆ خۆیشى (د.خ) عائیشەى دایکى باوەڕدارانى فێرى ئایین کردبوو، فەرمانیشى بە باوەڕداران دەکرد نیوەى ئایینیان لە عائیشە وەربگرن.
لەبەر ئەوە مامەڵەى تاڵیبان بە دژە ئایین لێکدەدرێتەوە نەک جێبەجێکردنى ئایین، بەڵام ئەگەر بڵێین جێبەجێکردنى بەشێکى کەلەپوورى ئیسلامییە ئەوە ڕاستە، چونکە لە توراسى ئیسلامیدا ڕاى لەو شێوەیە هەیە، کە پاڵپشتى ئەو بزووتنەوەیەن بۆ قەدەخەکردنى ئافرەت لەمافە سەرەکییەکانى ژیانیان.
$ئیسلامییەکانى کوردستان و بێدەنگى$
یەکێک لەو دیاردە سەیرانەى لەلایەن بەشێکى دیار لە ئیسلامى و موسڵمانانى کوردستان هەیە، کەوتنە ژێر سۆز و عاتیفەى لەڕادەبەدەى ئیسلامێتییە، ئەمە وایکردووە کە ڕاستییەکان نەبینن، ئەمە بۆ زۆربەى کایەکانى ژیان ڕاستە، تاڵیبانیش لەو دوورەوە بەشێکى ئەو خێر و بێرەى بەرکەوتووە، هەر کە دەستکەوتێک یان خاڵێکى باشى تاڵیبان دەبینن دەکەونە پێدا هەڵگوتن، پەخشان و شیعر و ڕازاندنەوە دەبێتە سیماى کارەکەیان بەگشتى و فەیسبووکەوانەکانیان بەتایبەتى، بەڵام کاتێک شتى زۆر ناڕەوا بە دینى ئیسلامیش دەبینن، چاوى خۆیانی لێ دادەخەن و هیچ نابیستن و نقەیان لێوە نایەت، زمانیان ناگرێت بەرگریی لە ئیسلامیش بکەن لەبەر خاترى خاتران، ئێستا کە چەند ڕۆژێک تێپەڕیوە هیچ یەکێک لەو دڵسۆزە بەئەمەکانەى تاڵیبان نابینم بە یەک دێڕیش دڵتەنگى خۆیان دەرببڕن لە بەرانبەر کارێکى وا ناڕەوا کە بەناوى ئیسلامەوە دەکرێت و ئیسلامى پێ ناشیرین دەکرێت. [1]