$مامۆستا یەکشەوەکانی زانکۆ!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بەشی زۆری مامۆستایانی ئێمە تەنیا یەک شەو مەودا و فاسیلەیان هەیە لەگەڵ خوێندەکارەکانیاندا، شەوی پێش وانە وتنەوەکە خۆیان ئامادە دەکەن، بۆ ڕۆژی دواتر گوێگر و خوێندکارەکەیان لەژێر ئەو داتا زۆرە هەرسنەکراوە بەزانستنەکراوەی دوێشەوی خۆیاندا دەپلیشێننەوە بەبێ ئەوەی بتوانن بچووکترین کاریگەری و گۆڕانی فیکری و میتۆدۆلۆژی لەسەر بەرانبەرەکان بەجێبهێڵن.
بێرتراند ڕەسل دەیگوت: مامۆستای باش ئەوە نییە کە مێشکی گوێگر و خوێندکارەکانی وەک تانکییەکی بەتاڵ ببینێت بۆئەوەی پڕیان بکات لە ئاو، بەڵکوو ئەوەیانە کە بەرانبەرەکە وەک گوڵێک ببینێت و بە گوێرەی پێویست ئاوی بدات تا ئەوەی بە ڕێگاکەی خۆی نەک ئەو ڕێگایەی ئەم دەیەوێت گەشە بکات و گەورە ببێت. دەقیق هەڵەی مامۆستای یەکشەوە و کێشەکەی ئەمەیە، خۆی وەک تانکەرێکی پڕ دەبینێت و خوێندکارەکانیشی وەک تانکییەکی بەتاڵ، دەیەوێت بەخێرایی پڕیان بکات لەو داتایانەی کە خۆی شەوی ڕابردوو لە میمۆرییە کورتخایەنەکەی خۆیدا هەڵیگرتوون، دیارە باشترین خوێندکار ئەوەیانە کە زۆرترین ئاوی تێست نەکراو لە تانکییەکەیدا گل دەداتەوە.
مامۆستا کاتێک مامۆستایە کە مەودا و فاسیلەی دەیان ساڵی لەگەڵ خوێندکارەکەیدا درووستکردبێت، هەموو ئەو داتایانەی پێی گەیشتووە بەباشی لێی تێگەیشتووە و لای کەم ئەزموون و لێکدانەوەی شەخسی کەسیی خۆی هەبووە بۆیان ئەوسا دەیانگوازێتەوە، مامۆستای پڕ هەرگیز ناترسێت لە وشککردنی سەرچاوەی زانیارییەکانی، ئەوەی دەیەوێت بیگەیەنێت لە زانست بەرهەمی بیرکردنەوە و لە مەنگەنەدانی ئەو داتایانەیە کە هێواش هێواش لەسەریەکی کەڵەکە کردوون، فشاری ڕەخنەیی لەسەر درووستکردوون و تێستی کردوون، تەنیا وەک قیل و قال و داتای وشک و برینگ نەماوەتەوە تێیدا، بەڵکوو بووە بە مەلەکە لە هەناویداو و ئەوەی دەیڵێت لە قوڵایی کارێز و کانییەکانی نێو ناخییەوە هەڵدەقوڵێت و فیچقە دەکات.
بەبڕوای من مامۆستای پێگەیشتوو و و پڕ بەوە لە مامۆستای یەکشەوە جیادەکرێتەوە کە تەنیا یەک شێواز و میتۆدی نییە بۆ گواستنەوەی داتاکان، بۆ تێگەیشتن و تێگەیاندن، دۆگما و چەقبەستوو نییە، بەچاوی گومان تەماشای هەموو داتایەک دەکات کە دێتە بەردەستی تا ئەوەی داتاکە بەرگەی هەموو ئەو فشار و پرسیارانە دەگرێت کە ئەم دەیکات لێیان، ئەمە تاکە ڕێگای گۆڕینی داتایە بۆزانست.
بەڵگەکاری زانستی بەشێکی دانەبڕاوە لە سیفەتەکانی مامۆستای باش، بەڵام هەمووی نییە. مامۆستای باش و پڕ تێدەگات لەوەی لەڕێگەی بەڵگەکاری لەسەر بابەتێکی وەک سێبەر و شێوازەکانی درووستبوونی سێبەر دەتوانێت بوونی ڕووناکی یا خۆر بسەلمێنێت، چونکە درووستبوونی سێبەر واتە شاردنەوەی ڕووناکییەک کە هەیە، بەڵام ئەم سەلماندنی ڕووناکی تەنیا بە بوونی سێبەرەوە نابەستێتەوە، هەندێ جار بە تەنیا بەرزکردەوەی سەری بۆ ئاسمان نیشاندانی خودی خۆر وەک سەرچاوەی ڕووناکی لەهەزار بەڵگەی وەک سێبەر و شێوازی درووستبوونی بۆ ئەم و خوێندکارەکانیشی قەناعەتپێکەرترە. ئەمە پێی دەوترێت ڕۆحی داهێنەرانە و نەمانەوە لە تەنیا میتۆدۆلۆژیایەکدا بە ئامانجی کەشفی زیاتر. بەڵێ کارکردن بە میتۆدێکی دیاریکراوی زانستیی تێستکراوی کارپێکراو بنەمای کارکردنی ئەمە، بەڵام تەنیا بنەما نییە و نابێت، چونکە تێگەیشتووە لەوەی ڕاستە میتۆدۆلۆژیاکان زانستیان ئاسان کردووە بەڵام هەندێ جار مانەوە تێیاندا ڕۆحی داهێنەرانە دەکوژن لە مرۆڤدا.
سیستمی خوێندنی ئێمە لە دایەنگاوە بۆ پۆست دکتۆرا شەست ساڵە بەم شێوەیە لەلایەن مامۆستا یەکشەوەکانییەوە کاولدەکرێت، گواستنەوەی داتای تەجرەبەنەکراو بۆ ئەو مێشکانەی کە ئەم بە بەتاڵی زانیون بۆ ئەوەی پڕیان بکات گرنگترین کارێک بووە کە ئەم سیستمە برەوی پێداوە، هەر ئەم دۆخی داتا گواستنەوەیە وایکردووە زانکۆ لەبری ئەوەی ببێتە شوێنێک بۆ زانین، بیرکردنەوە، گومانکردن و گەڵاڵەکردنی بیرۆکەی یاسایی و سیاسی و زانستی و کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگایەکی شەقوشڕ و پڕ لە نەخۆشی و دەردی ساری وەک ئەوەی ئێمە، دەقیق پێچەوانەی ئەو ئامانجەی بۆی درووستکراوە دەبێتە شوێنک بۆ بیرنەکردنە، دەرخکردن، هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی کار و پیشە و لە کۆتاییشدا دەبێتە شوێنێک بۆ ئیجحاف.
کاتێک داتاکان بەفلتەری بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا نەبران ناتوانن ببنە زانست، کە زانستیش نەبوو هۆشیاری درووستنابێت، بەبێ بوونی هۆشیاریش ئیدی لەبری حیکمەت و تێگەیشتن لە قانونە خودایی و گەردوونییەکان، هەموو ڕووداو و دیاردەکانی دەوروبەر دەدەینە دەست تەلیسم، سیحر و جادوو، قەزاوقەدەر، چاوی پیس، ویستی ئیلاهی و ماسۆنییەکان، دیارە ساختەچی و فێڵباز و بازاڕچییەکانیش بۆشاییەکانی ئەم چەمکانە بە هەل دەزانن بۆ تەرویجدان بە جەهل و بیرنەکردنەوەی زیاتر. بەم شێوەیە دەیان نموونە لە مەسەلەکانی ئەستێرەبازی، سیحر و شەعوەزە، پزیشکیی نەبەوی و قورئانشیفایی و جنۆکەبازی یەک دوای یەک هەڵدەتۆقێن و لەسەر قۆستنەوەی جەهلی خەڵک دەبن بە حەمەقەدۆی موسڵ.
سیستەمەکانی بیرکردنەوە خوێندن، زانین و فێربوون بەهۆی ئەوەی سەر بە بوونی مرۆڤانەی مرۆڤن لە بنەڕەتدا بۆ باشترکردنی کواڵیتیی ژیان داهێندراون، بەڵام لێرە دەبنە هۆکاری سەرەکی بەماشێنکردن و لەمرۆڤ خستنی مرۆڤ وەک کائینێکی بیرکەرەوە. ئەوان هەموو کارێکیان ئەمڕۆ بووەتە ئەوەی تۆ لە داهاتوودا کارێکت دەستکەوێت، بوونی تۆیان یەکسان کردووە بە بوونی ئەو کارەی کە لەڕێگەی بڕوانامەکانی ئەمەوە سبەی ڕۆژ دەستت دەکەوێت. ئەمە لەکاتێکدایە مەسەلەکانی زانین و بیرکردنەوە و خەیاڵکردن گرێدراوی لایەنە مرۆڤانەکەی مرۆڤن، وەک عیشق و ئیمان وان هیچ پەیوەندییەکیان بە کار و کەسابەت و بژێویی و بەرژەوەندی بایەلۆژییەوە نییە.
کاتێک زانکۆ ناتوانێت داتا بکاتە زانست ئیتر هۆشیاری دەستجەمعیش درووستنابێت بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان، کە هۆشیاریش نەبوو ئەوسا تۆ هێندەی پارە و کار و پیشەکە بوونت هەیە نەک هێندەی بیرکردنەوە و خەیاڵ و بوونە حەقیقییەکەی خۆت، ئیدی ئەو قسەیەی دیکارت بەیەکجاری پەکی دەکەوێت کە پێی وابوو ئێمە بە بیرکردنەوەوە هەین من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم.
لە ئەنجامدا بە نەبوونی هۆشیاری کەڵەکە بوونی داتای زۆری مامۆستا یەکشەوەکان کارەساتی مرۆیی گەورەتر و دوورمەوداتر لەو بومەلەرزانە دەخوڵقێنێت کە لە مەملەکەتێک دەدات و کاولی دەکات. [1]