#سەرتیپ عەلی#، ئەندامی سەرکردایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی باسی لە گرنگی سەردانەکەی برێت مەکگۆرک نوێنەری ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا، بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند ئامانجی سەردانەکەی مەکگۆرک کۆتایی هێنانە بە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا خۆی بە خاوەنی ئازادی و دیموکراسی ئێراق و هەرێمی کوردستان دەزانێت هەر بۆیە لە کاتی درووستبوونی تەنگژە و ئاڵۆزییەکاندا نوێنەری خۆی ڕەوانەی ئێراق دەکات و لەگەڵ لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان کۆدەبێتەوە. سەرتیپ عەلی باسی لەوەشکرد، پێویستە لایەنەکانی هەرێم بە گشتی و یەکێتی و پارتی بە تایبەت خۆیان لە ڕێگای گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکەن و چاوەڕێی لایەنی سێیەم نەکەن کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات. لە درێژەی وتەکانیدا ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی تەئکیدی لەوەکردەوە، یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردایە بە پشت بەستن بە تۆمارێکی پاکی دەنگدەران و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پێداچوونەوە بە کورسی پێکهاتەکان و گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی. دووپاتیشیکردەوە یەکێتی پێداگری لە شەراکەتی ڕاستەقینە لە حکومڕانی هەرێم دەکات و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش دەرفەتی زۆری بە سەرۆکی حکومەت داوە. [1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 885 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!