$ئایدۆلۆژیا چییە؟ ئیمان چی نییە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئیمان لە جنسی عیشق و مەحەببەتە، شەوق و ئیشتیاق و کردارێکێ لەخۆیە، شیعر و فرمێسک و سووتانی بەبێدەنگییە، بە شەق و پێ لەقە و پەرچەکردار و بایکۆت و سیمینار و پانێڵ و هاشتاگ و حیقد جێکەوت نابێت لە دڵدا. بە کورتی عەوداڵییەکی وجوودیی و ئەبەدیی دڵێکە بۆ مەعشوقێک ، تێکشکاندنی قەفەزی ڕۆحە و بەرەڵاکردنێتی بۆ ئەودیو سنوورە مەحاڵەکانی ئازادیی ڕەها، بینینی بێ ڕەنگیی پشت هەموو ڕەنگەکانە وەک خۆی، دەرککردنی بێ فۆڕمیی پشت هەموو فۆڕمەکانە لە پشت هەزاران پەردەی فۆڕمەوە. ئەم بێ ڕەنگی و بێ فۆڕمییە دەقیق دەیکاتە جیلوەی لقد خلقنا الانسان فی احسن تقویم.
ئیمان قومارێکە ئیماندار نەک هەر تێیدا دۆڕاوە و حەز بە دووبارەبوونەوەو سەدبارەبوونەوەی ئەو قومارە دەکات، بەڵکوو خودی خۆی هەر بیر نەماوە تا بیر لە بردنەوە بکاتەوە.
هەرچی ئایدۆلۆژیا هەیە پەرچەکردار و کۆپیکردنێکی ناشیرینی بێچەندوچونی ئەوانی دیکەیە، هوتاف و سلۆگان و هاشتاگ و کەمپینە بۆ بۆچوونێکی تێستنەکراو، ، مەرامی شەخسیی تاقم وگرووپە خۆپەرەستەکانە، وەلاء و بەڕاء و ڕق و دوورەپەرێزییە. نەک هەر ناتوانێت بە بێڕەنگی بگات بەڵکوو هەنگاوێک لە بینینی ڕەنگەکانی دیکەش دێتە خوارەوە بۆ کورتکزدنەوەی هەموویان لە ڕەش و سپیدا، نەک هەر بێ فۆڕمی نابینێت هەنگاوێک لەفۆڕمیش زیاتر دێتە خوارەوە بۆ کورتکردنەوەی هەموو فۆڕەکان لە چەپ و ڕاستدا، ئەم دۆخەی دابەشکاری ئەوەندە نزمە مرۆڤ دەکاتە ئاوێنەیەک بۆ درکەوتنی جیلوەی ثم ڕددناه اسفل سافلین تێیدا.
مشتێ ڕق و کڵپەیەکی هەرزەکارانە و عاتیفەیەکی کوێر بەسن بۆ ئەوەی ببیتە ئایدیۆلۆژیستێکی تەمام عەییار.
بە کورتی ئایدۆلۆژیا هەڵەیەکی سیستماتیکی عەقڵە، غوبنێکی قانگدراوە بە کینە، سەرەتای ڕێگا کوێرەکەی نیهلیزمە، ئابڵۆقەدانی عەقڵە بە وەهم، ئایدۆلۆژیا سەرەکیترین دوژمنی ئازادییە، سەرپشکە لە دابەشکردنی هەموو بوون و ئەوانی دیکە بەسەر ڕەش و سپی چەپ و ڕاست، موسوڵمان و کافر، ئێمە و ئەواندا، قومارێکی مەرام پەرەست و بەرژەوەندیی سەنتەرە، کەسی ئایدیۆلۆژیست بەردەوام هەوڵی بردنەوە دەدات.
ئایدۆلۆژیا دەیەوێ هەموومان بە یەکجۆری دیاریکراو کە مەسڵەحەتی کەسێک یا گرووپێک دەیخوازێت خودا ڕازی کەین، زۆر جار سەرکردەکانی خۆیان ئەکەنە نوێنەر و سێبەری خوا لەسەر زەوی و ئاستی ڕازیکردنی خودا دادەبەزێنن بۆ ڕازیکردنی خۆیان. ئیمان دەیەوێ بەو جۆرەی کە خۆت هەیت مرۆڤ ڕازی کەیت. عەمەلی ساڵح دەقیق ئەمەیە کە هەمیشە هەمیشە لازم و مەلزومە لەگەڵ ئیماندا.
یەکەمیان مونافیق و فاسیق و فاجیرێکی وەک یەزید و دووەمیان کەسانی ناسک و جوانی وەک بایەزید درووستدەکات. [1]