ڕووناک جەناب نوری ناسراو بە (ڕووناکی شێخ جەناب) جگە لەوەی بۆ خۆی تەوار و تێکۆشەرێکی ڕێگای خەباتە، لە خانەوادەی شەهیدی سەرکردە خاڵە شیهاب-ەوە ئیلهامی خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی و چینایەتیی وەرگرتووە.
وەک خۆی دەگێڕێتەوە لە ساڵی 1974دا پەیوەندی کردووە بە ئەڵقە ڕۆشنبیرییەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و لە ساڵی 1975دا لە ڕێگەی کۆمەڵەوە پەیوەندیی کردووە بە ی.ن.ک-ەوە و ڕایەڵەی پەیوەندیی نێوان ڕێکخراوی هەڵۆی سوور و ڕێکخستنەکانی #سلێمانی# بووە.
دواتر بۆ خوێندن چۆتە #بەغدا#، بەڵام دوای دەستگیرکردنی ئەندامەکانی هەڵۆی سوور بەناچاری بەغدای بەجێهێشتووە.
ڕووناک خان دەڵێت: (پاش گەڕانەوەم بۆ سلێمانی و بۆ چەند ساڵێک خۆ حەشاردان لە سلێمانی و فەلوجە، لەگەڵ ئازادبوونی سەرکردەی نەمر کاک دارۆدا لەگەڵ #نەرمین عوسمان#ی هاوسەریدا چووینە شاخ و پەیوەندیمان کرد بە شۆڕشی نوێ-وە).
هەرواها دەڵێت: (لە ناوزەنگ لە یەکەم بارەگا #عومەری سەید عەلی# و #مەلا بەختیار# و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەمان بینی و دوای پشوویەکی کورت #مام جەلال# ناردی بەشوێنماندا و لەگەڵ هێرۆخاندا بەخێرهاتنیان کردین و مام جەلال پێ وتین: هەردووکتان لای من بمێننەوە تا کاک دارۆش دەگات).
پاشان دەڵێت: دوای گەیشتنی کاک دارۆ، کاک #ملازم عومەر عەبسوڵڵا# ژوورێکی خۆی و پێشمەرگەکانی بۆ چۆڵ کردین، بەڵام لە ساڵی 1980دا لەگەڵ مەلا بەختیار زەماوەندمان کرد و ئیتر لە بارەگاکەی مەلا بەختیار جێگیربووم.
لەبەشێکی دیکەی گێڕانەوەکانیدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە لەگەڵ چەند ژنێکی تری پێشمەرگەدا بەشداریی خولێکی مەکتەبی عەسکەریی کردووە کە بۆ فێرکردنی بەکارهێنانی چەکە جۆربەجۆرەکان بۆ ژنان کراوەتەوە لەوانەش بەشداربوون خوالێخۆشبوو دلارام خانی خوشکم هاوسەری ملازم عومەر بوو، شنە خان، سوهەیلەخان، گەلاوێژ خان، تابان خان و نیشتمان خان.
لەبارەی سەختییەکانی ژیانی شاخیشەوە ئاماژە بە ژیانی ژێر دۆخی بۆردومانی فڕۆکە و تۆپباران دەکات بە تایبەتی بۆ ئەو کاتەی کە دووگیان بووە بە زیلانی کچی، بەو هۆیەشەوە باری تەندرووستی تێکچوو، بۆیە وەک ئاماژەی پێ دەدات لە کۆتایی ساڵی 1980دا چووە بۆ تاران و پاش گەڕانەوەی بۆ شاخ دایکی هاتووە و زیلانی کچی بردووە بۆ سلێمانی لەبەر سەختی دۆخی شاخ بۆ منداڵێکی کۆرپە.
لە ئایاری ساڵی1981 کۆنفرانسی یەکەمی کۆمەڵە لە مالیمۆس بەستراوە 5 ژنی تێدا بووە، هەریەک لە پاکیزە، ڕووناک محەمەد، پەخشان حەفید، دڵگیر و خۆی لەو کۆنفرانسەدا ئەندام بوون.
لەو ماوەیەدا چەند جارێک بە هاوکاریی ڕێکخستنەکان بە نهێنی گەڕاوەتەوە بۆ ناوشاری سلێمانی.
پاشان لە ساڵی 1982 لە کاتی پێکهێنانی مەڵبەندەکان و هاتنەخوارەوەی سەرکردایەتی لە سنوورەکانەوە بۆ قووڵایی ناوچە ڕزگارکراوەکان مەلا بەختیار کراوە بە لێپرسراوی مەڵبەندی یەک کە بارەگاکەی لە گوندی حاجی مامەند دانراوە.
لە تەمموزی1984دا سێیەمین کۆنفرانسی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بەسترا و لە دوای کۆنفرانسەکە گفتوگۆیەکی گەرم درووستبوو بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تر لەنێو یەکێتیدا.
لە ساڵی1985دا، کۆبوونەوەی یەکەمی ڕێکخراوی ئاڵای شۆڕش! لە گوندی سێوسێنانی #قەرەداغ# سازکرا، لە و دانیشتنەدا ڕووناکی شێخ جەناب بەشداربووە و گفتوگۆیان کردووە لەسەر درووستکردنی ڕەوتێکی دیکە لە چوارچێوەی یەکێتیدا.
بەڵام بەهۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانەوە لە پایزی 1985دا دۆخەکە گۆڕراوە و ئەویش بە نهێنی چۆتەوە بۆ سلێمانی، ئەو ماوەیەی لەشار بووە، هەرجارە و لە ماڵێک بوون بۆ خۆشاردنەوە لە چاوی سیخوڕەکانی بەعس، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: (زۆرترین کات لە ماڵی #کەمال قەرەداغی# خۆم حەشار دەدا و ماوەیەکیش لای هاوڕێیانی کۆمەڵەی ئێران بووم کە بارەگایان لە سلێمانیدا هەبووە).
ساڵی 1986 لە سلێمانییەوە بە قاچاغ خۆی گەیاندۆتە ئۆردوگای زێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بارەگای سەرەکی ئاڵای شۆڕشی لێبوو، لە یەکەم پلینیۆمی ئاڵای شۆڕشدا بەشداریی کردووە و تا ساڵی 1990 لەوێ ماوەتەوە، لەوێوە وەک پەنابەر ڕووی کردۆتە سوید و تا ساڵی 2000 لەوێ ماوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و هەم درێژەی بە خوێندن داوە و هەم بەشداریی کاری ڕێکخراوەیی کردووە و درێژەی بە خەبات داوەتەوە لەناو یەکێتیدا.
$ڕووناک جەناب نوری $
- ساڵی1955 لەدایک بووە.
- ساڵی 1974 پەیوەندیی کردووە بە کۆمەڵەوە.
- ساڵی1975 پەیوەندیی کردووە بە ڕیزەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#ەوە و دواتر لە ساڵی 1979دا پەیوەندیی کردووە بە شۆڕشی نوێ-وە.
- ساڵی 1990 لە ئێرانەوە ڕووی کردۆتە تاراوگە و لە سوید گیرساوەتەوە.
- ساڵی 2000 گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان و درێژەی بە خوێندن داوە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە میدیادا بەدەستهێناوە.
- لە سێیەمین کۆنگرەی ی.ن.ک-دا بە ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی هەڵبژێردراوە و تا چوارەمین کۆنگرە ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە بووە. [1]