$ئایا ئاوازەکانی عەزیزی شارۆخ دەمێننەوە یا پارەی دزەکان؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
[هونەرمەند لە ڕۆژهەڵات بە زیندوویی دەمرێت و بە مروویی زیندوو دەکرێتەوە.] جەمالەدینی ئەفغانی
ئەمڕۆ لە خیابانی شاپور سەردانی مامۆستای بێنازی هونەری کوردی مامۆستا عەزیزی شاروخم کرد. بەڕاستی شەرمە بۆ ڕۆشنبیر، ئەکادیمیسیان، دەوڵەمەند، خوێندەوار، میدیای نەوتخۆر و جەوتخۆر، ئێمەی بە حیسابی خۆمان ڕۆشنبیر و نووسەری قسەزلی بێکردار وادەبینین یەکێک لە پایەترین هونەرمەندە ڕەسەنەکانی هونەری کوردی بە بەرچاومانەوە کۆتا ساتەکانی تەمەنی لە تەنیایی و خۆخواردنەوە و دوورەپەرێزیدا بەسەر دەبات و هیچ دەربەست نین.
سێ جارە دەچمە ستۆدیۆکەی لەوێ نییە، ئەمڕۆ ڕێگامان کەوتە خیابانی شاپوور، ڕۆیشتینە ئەو دووکانە چەپەکەی کە لە قەیسەرییەکی تاریکدا ئۆقرەی گرتووە. پیاوێکی بە ویقاری سەرسپی وردی باڵا ناوەنجی لەسەر کورسییەک دانیشتووە و سەری بەسەر حلکردنی مەتەڵی گۆڤارێکی کلتووریدا داژەندووە. سەرەتا دوودڵم بچمە دوکانەکەی یا بڕۆمە لای خۆی. دەترسم پێم بڵێ کاتم نییە بۆت. پێ دەنێم بە جەرگی خۆمدا:
-سڵاو مامۆستا، من ناوم ڕێبینە، لە سلێمانی ڕا هاتووم. سێ جارە دێمە خدمەتت تەسادوفت ناکەم. شوکور ئەم جارە لێرەیت.
+سەرچاو بابەکەم، یاخودا بەخێرێیت.
-مامۆستا دەتوانم چەند خولەکێک لە کاتت بگرم؟ بچینە نێو دوکانەکەت.
-سەرچاوم.
هەوڵدەدەم کورسییەکەی بۆ هەڵگرم و بۆی ببەمە ناو دوکانەکەی بەڵام ناهێڵێت و خۆی هەڵیدەگرێت و دەیهێنێتە ژوورەوە.
-دەنگو باست مامۆستا؟ تەندرووستیت چۆنە؟
+لە خودای بەزیاد بێ، دەژیین.
-لەگەڵ هونەر چۆنی، بەرهەمی تازەت نییە؟ تەندرووستیت یارمەتیت دەدا بۆ کاری نوێ؟
+گوێبگرە کاکەگیان، من هیچ گلەییەکم لە دەنگم نییە، ئێستاش وەک سەردەمی گەنجی دەتوانم مایە لەسەر دەنگ و ئاوازم دانێم. ئەزقەزا بەرهەمێکی نوێ و چەند تراکێکم بەدەستەوەیە جانازانم تەمەن وەفا دەکات بیدەمە دەرێ یان نا.
-مامۆستا دەمێکە بێدەنگن؟
+گوێت لێبێ، من گۆرانی وتنم وەک پیشە وەرنەگرتووە، گۆرانی وتن بۆ من یادگارێکە. من وەک گۆرانی بێژەکانی دیکە ناچمە مەجلیسان و گۆرانی بڵێم. تەنانەت گۆرانی بۆ من وەک ئەوەی لای ماملێش نییە. گۆرانی و ئاواز بۆ من یادگارن، هەرواش دەمێننەوە. من معەلیم بووم و بژێوی خۆو ماڵ و منداڵم لە معەلەمایەتی وەچنگ کەوتووە، دواتر کەسابەتم کردۆ. ئێستاش لەم دوکانەدا ڕۆژانە بژێوی خۆم دابین دەکەم. هونەر بۆ من ژیانە وەک ئەوەی لای ماملێ و مەزهەری خالقی و دیلان و تایەر تۆفیق بوونی هەبووە. بەڵام ئەوەی من لەوان جیا دەکاتەوە ئەوەیە من هەرگیز خۆم وەک گۆرانیبێژ یا هونەرمەند نەناساندووە و ئێستاش خۆم وا ناناسێنم. هونەر بۆ من ئەزموون نییە بەڵکوو ئیلهامە. هەمووی یەک پاکێجە. من هەرگیز گۆرانیم بۆ موناسەبەت نەگووتووە، بەڵکوو خۆبەخۆ تێم ڕژاوە.
-مامۆستا من زۆر گلەییم لە خۆمان هەیە، حاڵی هونەرمەند بۆ دەبێ وابێ؟ هەموو چرکەیەکی تۆ دەبێ بە ئاڵتون بپێورێت. چرکەکانی کەسانی وەک ئێوە دواتر قەرەبوو ناکرێنەوە. لانی کەم دەبوو لە سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەدا ئەو ئیلهامە بکەنە ئەزموون بۆ کەسانێک کە لێهاتووییان هەیە بەڵام بێ ئیلهامن بتوانن کەڵک لە ئێوە وەرگرن، دەبوو حکومەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئێران و ئێراقیش نەهێڵن کەسێکی وەک ئێوە چرکەیەکی بە فیڕۆ بڕوات، تەنانەت کاتی خەتن و خواردنیشتمان بۆ دیاری بکرایە لەپێناو وننەبوونی ئەوەی کە دەبێ بیگوازنەوە بۆ نەوەی دوای خۆتان!
[بزەیەک دەکات، چاوی لە زەوییەکە هەڵدەبڕێت، تەماشایەکی سەقفە کۆنەکەی نێو دوکانەکەی دەکات و شیعرێکی ئەحمەدی خانی دەخوێنێتەوە کە بەداخەوە لەبەر قسەڵۆکی نادانەکان نەیهێشت قسەکانی ڕێکۆرد بکەم منیش ڕێزم لە بڕیاەکەی گرت. شیعرەکەی ئەحمەدی خانی باسی لە حاڵی پەرێشان و دەربەدەری کەسی هونەرمەند دەکرد.]
-مامۆستا بەشێکی زۆری خەڵکی سلێمانی نەک هەر عاشقی دەنگتن، وەک من موشتاقی دیدەنیشت دەکەن، گەر بێتو ئێمە کۆمەڵێک گەنجی بێلایەنی ناحیزبی کۆنسێرتێکت بەو مەرجانەی خۆت پێت خۆشە بۆ ساز بکەین، گارانتی هەمووشتێکت بۆ بکەین لەڕووی تەکنیکییەوە دڵمان ناشکێنی و دێیتە سلێمانی؟
+خودا گەورەیە، شومارەکەم وەرگرە لە پەیوەندیدا دەبین.
هەندێ قسەی دیکە دەکەین کە لە داهاتوودا بڵاوی دەکەمەوە، دوو سیدی گۆرانییەکانی خۆی لێدەکڕم و خودا حافیزی لێک دەکەین.
٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭
شاروخ وەک گەوهەری سەردەمی هیچوپوچی
دەوترێت ئەوەی ئەمڕۆ باسدەکرێت و ناویی لە ناو ناوانە پیاوی ڕۆژەکەی خۆیەتیی، ئەوەی باس ناکرێت پیاوی ئەودیو ئەمڕۆیە و لە ئاسۆکانی داهاتووەوە هاوار دەکات. تەنیا مرۆڤە ژیرەکان گوێیان لەو هاوارەی دەبێت.ئەم پێناسەیە کتومت شەرحی عەزیزی شاروخی دەکات.
ڕێڕەوی پڕ هەڵبەز و دابەزی ژیانی هەرکەسێ ناتوانێ بە ئاسانی لەژێر دەستاڕیی زەمەن و جەوری دەوەروبەرەکەی ڕزگاری بیێت، بەڵام ئەوەی جار جار دەلاقەیەکی ئومید بە ڕووی مرۆڤدا دەخاتە سەر گازەرای پشت ئەوەیە کە زەبزەبەی زەمەن لە مێژوودا هەمیشە بە قازانجی جومجومەی تەمەنێک لەریوەتەوە کە ژیانیی خۆی بۆ هونەر، ئەدەب، گەڕان لەدوی مانا و ژیاندنەوەی ئەوانی دیکە تەرخان کردووە.
بە بۆچونی من دەنگە تیژ و بڕندەکەی مامۆستا شاروخ یەکێکە لەو دەنگە جوانانەی کورد هەم زمان و نەتەوە و هەمیش جوگرافیا زوڵمی گەورەیان دەرحەق کردووە و لە ئێستاشدا هەر دەیکەن. ئاسان نییە و هێندەی مەحاڵ نەکردەیە لەمڕۆدا و لەنێو دونیای قەرەبالغ و پڕ لە ژاوە ژاوی تەکنەلۆژی و سەنعەتدا کوردبیت و خەڵکی کوێرەدێیەکی سابڵاخ و سلێمانی و ئامەد بیت و لەهەمان کاتیشدا ئایکۆنێکی دیار و بەرجەستەی دونیای هونەری نێو فەزایەکی زیندووی وەک ئەوەی ئێرانییەکان بیت. ئاساییە کورد بیت و لە ڕێی سیاسەت و پترۆدۆلار و پیتاک و ڕەشوەت و بزنس و شۆڕش و دزیی و فەرهودەوە خۆت بکەیتە ئایکۆنێکی بێ هونەری ناقۆڵا بەڵام ئەوەی نائاساییە ئەوەیە کوردبیت و کاتە ئاڵتوونیەکانی تەمەنت لەژێر جەوری ڕژێمێکی تۆتالیتاری وەک ئەوەی حوکمی شای ئێران و هونەرکوژی وەک ئەوەی ئێستای ئەو جوگرافیایە و بێ وەفایی حوکمی کوردیی لە کوردستانی ئێراقدا بەسەر بردبێت، بەڵام تۆ هەر کەسێکی خۆنەویست و بێدەنگ و هونەر دۆست و ژیاندۆست و بمێنیتەوە و هاوارێکت لێ بەرز نەبێتەوە.
داخەکەم شاروخ موڵکی گەلێکە حەزیان لێیە باوەڕ بە درۆی سیاسییەکانیان بکەن و بیانبەنە کەشکەشانی فەڵەک و شەڕە پەڕۆیان لەسەر بکەن، خوێنیان بۆ بڕژن بەڵام هێز و لیاقەتی ئەوەیان نییە بۆ تەنیا جارێکیش بە سەرە قەڵەمێکیش بووبێ باس لە دەستکەوت و سەروەریی ئەوانە بکەن کە بەڕاستی و مانەندی ئاو بێدەنگ بێدەنگ و بێ منەتانە نەفەس بەم وشکە گڵەی ژیانی ئەم خەڵکە بەشمەینەتە دەدەن بەبێ داواکردنی پاداشتێک.
باسکردن لە عەزیزی شاروخ باسکردن نییە لە تەنیا ئینسانێک و بەس بەڵکوو زۆر زیاتر لە کەسێک ئەو هونەرمەندە جوانە عیبارەتە لە مەکتەب و نەهجێک کە زیاتر لە سەد ئاوازی بێ پێشینەی بۆ سەدان گۆرانی داناوە. هونەرمەندی ڕەسەن چاک دەزانێت گەر ئاوازێک موڵکی دزێنی نەبێت ژانی لە دایکبوونی چەندە گران و نەکدەو مەحاڵە. [1]