$کەی من هەم؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە ڕووداوی کوشتنەکەی دوێنێدا شتێکی عەنتیکە سەرنجی ڕاکێشام. هەر لە خێزان و خانەوادەی مامۆستاکانەوە تا سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و پارێزگاری هەولێر باسیان لەوە دەکرد مامۆستای زانکۆ کوژراوە. مامۆستای زانکۆ چۆن دەبێ بکوژرێ! مامۆستای زانکۆ ڕێزی نەماوە، داوایان دەکرد شکۆ بۆ مامۆستای زانکۆ بگێردرێتەوە. لەکاتێکدا ئێمە پیشەیەکمان نییە بەناوی مامۆستای زانکۆ، ئەوەی هەیە یا ئەکادیمیسیانە یا مامۆستایە.
گەر بێلایەنانە گوێت بۆ ئەو قسانە بگرتایە ئەوەت بۆ دەردەکەوت ئەوەی کوشتنەکەی گەورە کردووە لای بەشی زۆری ئەوانەی قسەیان دەکرد مامۆستایەتی زانکۆی کوژراوەکان بوو، نەوەک خوێنەکان و ژیانەکان خۆیان. دەقیق ئێرە برینەکەیە کە دەبێت دەستی لەسەر دابندرێت و بکولێندرێتەوە و خوێشی تێبکرێت.
کێشە بنەڕەتییەکە ئەوەیە مامۆستایەکی زانکۆ، پزیشکێک، سەربازێک کەناس یا فەڕاشێک لە کەرامەت و ماف و خوێندا چونیەک و یەکسان نابیندرێن لەم وڵاتەدا. پیشە زەمی هەیە بەسەر پیشەیەکی دیکەدا. پیشەیەک دەتوانێ تۆ بۆ حەوت پشتت خۆشبەخت یا بەدبەخت و چارەڕەش بکات.
بوون گەر ڕاستەقینەو لەخۆ بێت، لە قوڵایی خۆتەوە هەڵبقوڵێت ، موزەیەف و بۆش نەبێت، دەبێت ناوەکی بێت نەوەک ببەسترێتەوە بە فاکتەرێکی دەرەکیی وەک بڕوانامە، پارە، پێگەی کۆمەڵایەتیی و بنەماڵەیی و سەربازی و عەشیرەتییەوە. گەر بوونەکان واداری فاکتەرە دەرەکییەکان کران ئەوا ئیدی بەنەمانی ئەو فاکتەرانە هەم ژیان و هەم مردنەکانیش بێمانا دەبن و بێمانا دەردەکەون، وەک ئەوەی ڕۆژانە لەم ڕەشهەڵاتیناوەڕاستە بەریدەکەوین. [1]