$چۆن لە ڕووداوی کوشتن تێبگەین؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕووداوی کوشتنەکەی دوێنێی خوێندکارەکەی هەولێر و کوشتنەکانی ئارثەر فلیک لە فیلمی جۆکەردا زۆر لەیەکەوە نزیکن. بۆ تێگەیشتن لە ڕووداوی کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدین دەبێ ڕیشەی کێشەکە دیاری بکرێ نەوەک ئەو فەوزایەی کە میدیایەکی حیزبیی ئاڕاستەکراو شانبەشانی خەڵکێکی نابەرپرس درووستی دەکەن بۆ بە ڕشتنی خوێنی زیاتر. فرۆید پێی وایە نائاگایی و نەستی ئێمە تەنانەت بۆ شتە بچوکەکانیش مردن و سڕینەوەی بەرانبەری دەوێت و جگە لە کوشتنەوە هیچ سزایەکی دیکە بۆ تاوان ناناسێت.
ئەوەی باسدەکرێت لە حوکمی خودا و کوشتنەوەی موعتەدی لە فروعاتی ئیسلامە نەوەک هەڵقوڵاوی یاسایەکی فیتری و مەتنی ئۆرجیناڵی دینی بێت، چونکە مەتنی سەریح هەیە کە کەرامەتی مرۆڤی کردۆتە سەنتەر. ئەم یاسایانە دەشێ لە جوگرافیایەک بۆ ئەوی دیکە لە کاتێک بۆ کاتێکی دیکە گۆڕانکاریی بنەڕەتییان بەسەردا بێت. سەرەتا دەبێت بزانین خودا هەرگیز حوکم ناکات، ئەوە ئێمەین حوکم بەناوی ئەوەوە دەکەین. قیصاص سەربە کۆمەڵگا و کلتورێکی ئەرکسەنتەرە، لەوانە نییە لەمڕۆدا بتوانێت لە کۆمەڵگایەکی مافسەنتەردا کار بکات، چونکە پێوەرەکان ئاوەژوو بوونەتەوە لەنێوان ئەم دوو دونیایەدا، لەبنەڕەتیشدا دین بۆ دانانی یاسا و زەوابیتی کۆمەڵایەتی نەهاتووە هەروەک چۆن بۆ پزیشکیی و جوگرافیا و گێڕانەوەی مێژوو نەهاتووە.، کاری هەرە گرنگ و لەپێشینەی دین نێوان مرۆڤ و خودایە، دەشێت بەگوێرەی ڕۆژ و جوگرافیا حوکمە دینییەکانیش سەدان پلە بگۆڕدرێن.
دونیای ماف و دونیای ئەرک تەواو لێک جیاوازن. یاسا نابێت وەک ئەداتێکی تۆڵەکردنەوە دابندرێت ئەوەندی دەبێت بببێتە هۆکاری بەرگریکردن لە ڕوونەدانی تاوان. یاسا دەبێت بیری کوشتن بنەبڕ بکات نەوەک کوشتن. کە بیری کوشتنی بنەبڕ کرد خۆبەخۆ کوشتن نامێنێت. کوشتن و پیاوکوژی دیاردەیەکی مرۆیی و مێژوەکەیەتی، تا کۆتایی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە ئەویش هەر دەمێێنت.ئەوەی گرنگە ئێمە چۆن و بە چ ڕێکارێک دەستوپەنجە لەگەڵ ئەنجامەکەی نەرم دەکەین. ئەو وێنایەی بۆ قیصاصی دینی دەکرێت ئەمڕۆ لە ویست و حەزێکی تۆڵەسێنی شەڕانگێز و بیمارەوە سەرچاوە دەگرێت نەوەک مەقاسیدی شەریعە. یاساکان ئەمڕۆ دەبێت کەسانی پسپۆڕ دایانبڕێژن، پشتئەستووربن بە جیهانبینی قوڵ و فەلسەفی ورد کە ماف و کەرامەتی مرۆڤ تیایاندا سەنتەر بن نەوەک لەفەیسبووک و بەدەم دیژلەمە خواردنەوە لە کاناڵێکی پترۆ دۆلارەوە کە لە نەوت تێر ناخوات و تەماع دەکاتە کۆمێنت و لایکیش بۆچوونی خەڵکێکی نابەرپرس و تووڕە و بێ پەروەردە و ئاڕاستەکراوی حیزبی داوا بکرێن کە هەر خۆیان بەرپرسی درووستبوونی ئەو جەهل و فەوزایەن. قسەکانی بەندە بۆ یاسایە نەوەک دیوەخان و سوڵحی عەشایەری. [1]