$مرۆڤی خوایی یا خوای مرۆیی؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
مرۆڤ بەردەوام عەوداڵی ئەو شوێنانەیە کە خودی خۆی ببینێتەوە تیایانداو عاشقیان بێت. لە ڕاستیدا ئێمە عاشقی هیچ شتێک نین و نابین تا ئەوەی خاڵێکی هاوبەش لەنێوان خۆمان و ئەو شتە یا ئەو کەسەدا دەبینینەوە. یەکەمین عیشقی مرۆڤ بۆ خۆی و لەپێناو خۆیەتی. بەبێ ئەوەی خۆی لە ئاوێنەدا دیبێت، لەگەڵ ئاوەزانیدا و تەنانەت پێش ئاوەزانیشی عاشق بە خۆی دەبێت. ئەم دیاردەیە پێمان دەڵێت عیشق شتێکی بێ فۆڕم و بێ چوارچێوەیە.
عاشقبوونیش شتێکی هەر سەر بەم دوونیابینییەیە. ئەوەی فۆڕم و قاڵب و جوانیە ڕوکەشیەکان دەبەستێتەوە بە عیشقەوە لەئارگیومێنتی یەکەمین عیشقی مرۆڤ بۆخۆی تێنەگەیشتووە. ئەمانە زیاتر دەچنە چوارچێوەی حەزی غەریزییەوە.جا غەریزەکە عەقڵی بێت یا عاتیفی و سێکسیی فەرق ناکات. تەنانەت ئەو مرۆڤەشی کە خۆی دەکوژێت هەر لە ڕوانگەی ئەو عیشقەی کە بۆ خۆی هەیەتی دەستی دەچێتە خۆی، بێزارە دێت فۆڕم و وێنە دەرەکییەکەی دەسڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشە نافۆڕمەکەی ناوەوەی ئاسوودە بێت و هەناسەیەک بدات. دەیان کەس کە ویستی خۆکوشتنیان هەبووە و دەستیان چۆتە خۆیان پاساوی ئەوەیان هێناوەتەوە و وتوویانە ویستم ڕزگارم بێت، چی لە چی ڕزگاری بێت؟ لەو زیندانە ڕزگاری بێت کە جەستەو کۆمەڵگا و دەوروبەر بۆی دەکێشن، ئەمە عیشق نەبێت بۆ خود چییە؟
لێرەوە دەمەوێت بڵێم تەنانەت عیشقی ئێمە بۆ خوداش هەرلێرەوە دەستپێدەکات، لەدووی شتێک دەگەڕێین وەک ئاوێنە خۆمان نیشان بداتەوە. خودا لە باشترین و بێ فۆڕمترین ئەو مەعشوقە بێ فۆڕمانەیە کە توانای هەیە بەباشترین شێوە خۆمان نیشانی خۆمان بداتەوە. بەڵام ئەم عیشقە بێ مەترسیی تێناپەڕێت، بەقەولی حافزی شیرازی خوێن پژێنە. کاتێک ئێمە عاشقی خودا دەبین دوو پێشهات دێنە پێشەوە کە مەودای نێوانیان بەقەولی حەلاج تەنیا تاڵە موویەکە، گەر ئەو تاڵە موویە جوڵا هەردو دەریای خوێن و شیر تێکەڵ دەبن، لەبری موسا مرۆڤ دەکەنە فیرعەون و وای لێدەکەن بڵێت انا ڕبکم الاعەلی ئەم دوو پێشهاتەی عاشق بوون بە خودا سێیەمی نییە:
یەکەم/ ئەوەیە کە خۆمان لەنێو خودادا دەبینینەوە.
دووەهەم/ئەوەیە کە خودا لەنێو خۆمان دەبینینەوە.
جیاوازی نێوان کافر و ئیمانداریش هەرلێرەوە خۆی دەردەخات. ئەوانەی خۆیان لە خودادا دەبیننەوە ئیماندارانن، تەواوی جیلوە خوداییەکانیان وەک ئەوەی خودا مەشیئەتی هەیە تێدا تەجەلی دەکات و دەرەوشێتەوە، بە تەعبیری قورئان بە ڕەنگی خودا ڕەنگڕێژ دەبن، صِبْغَةَ اللَّهِ ۖوَمَنْ أَحْسَنُ مِنَ اللَّهِ صِبْغَةً ۖ وَنَحْنُ لَهُ عَابِدُونَ.
بە پێچەوانەوە ئەوانەی خودا لە خۆیاندا دەبیننەوە هەموو سیفەتە خوداییەکان خۆیی و خۆماڵیی و ئالودە بە دیوە بەشەرییە فۆڕمدارە لەقاڵبدراوەکەی خۆیان دەکەن. لەبری تەجەلی بۆسیفەتە خوداییەکان خۆیان دەبنە خودا. لە ئەگەری یەکەم و لە خودادا خۆ بینینەوە مرۆڤ دەبێتە کائینێکی خوایی بێ فۆڕم و بێ ڕەنگ و بێ قڵب و بێ حاشیە، قەرەباڵخی زۆر بەلاوە کرنگ نابێت، هەموو ویستێکی ئەوەیە ویست و داواکارییەکی نەبێت بەقەولی مەولانا خالد لە تەریقەتی نەقبەندیدا سالیک دەیەوێت چوار شت تەرک بکات، تەرکی دونیا تەرکی عوقبا، تەرکی هەستی، تەرکی تەرک، واتە تەرکی ئەوەش بکات کە ئەوانەی تەرک کردووە و بەلاشیەوە شتێکی گرنگ نەبێت:
در طریق نقشبندی لازم امد چار ترک
ترک دنیا ترک عقبا ترک هستی ترک ترک
بەڵام لە ئەگەری دووەم و کاتێک مرۆڤ خودا لە خۆیدا دەبینێتەوە ئیدی خودا دەبێتە کائینێکی مرۆیی. قسەکردن بەناوی خوداوە، بوونە سێبەری خودا و خوایەتی کردنی هەندێ لە شێخان و سەردەستانی ئەهلی تەریقەت بەسەر موریدان و مەنسوبانی تەریقەتەکەیانەوە و پاساوی ژیانی لەکژەری و های لایف بۆ خۆیان و ڕەوانەبینینی ئەو ژیانە بۆ موریدەکانیان هەر لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.
مەترسیدارترین دیوی ئەم خودا لەخۆدا بینینەوەیە ئەوەیە ئەم بۆچوون و دۆکترینە لەگەڵ سیاسەتدا موتوربە بکرێت، کەسی مودەعی بە عیشق و عیرفان، شێخی تەریقەت کە خودای لە خۆیدا بینیوەتەوە بێت لە ڕێگەی کایەیەکی وەک سیاسەتەوە ویستی ئەوەی هەبێت هەموومان بکاتە ڕەعیەت و سوخرەکێشی بۆچوونە ئیلاهییەکانی خۆی. بەناوی خوداوە بکوژێت و ببڕێت، قەزاوەت بکات، بۆ دابەزاندنی بەهەشتێک بۆ خۆی و نزیکەکانی دونیا بکاتە دۆزەخ لەوانی دیکە، ئەو ئەم کارە بە قەناعەتەوە دەکات چونکە پێی وایە خودا هاتۆتە نێو ئەم و هەموو فەرمانەکانی ئەمیش فەرمانی خودان.
ئەمڕۆ عیرفان و تەسەوفی ئیسلامیی لە کوردستاندا بەو پێشداوەری و پێشگریمانەیەی کە بەشێکی شێخان و سەردەستەی تەریقەتەکان هەیانە بۆ عیشیقی خوایی و خودا لە خۆدا دۆزینەوە، زۆر لە ئیسلامی سیاسیی مەترسیدارترن بۆ حوکم، لانی کەمی شورایەک هەیە لای ئیسلامی سیاسی بۆ بڕیاری دەستەجەمعی، تەوریسی شێخایەتی و ئیمامەت بە خوێن نییە، کودەتای کۆمەڵایەتی و سیاسیی شیمانەی ڕوودانی هەیە، ئینشیقاقات درووستدەبێ، بەڵام لە تەسەوفددا شێخ، ئیمام یا خەلیفە خۆی خوداوەندگاری بەڕ و بەحرە، بەبێ گەڕانەوە بۆ کەس هەر خۆی دەشیبڕێت و دەشیدوورێت، چونکە بە بۆچونی خۆی پلەی ویلاتی هەیە، ئەوەشی دەیکات وەک سەڵتەنەت و دیکتاتۆرییەت نابیندرێت بەڵکوو ئەو سێبەری خوایە و ئەوامیری خودا جێبەجێ دەکات. عیرفانی دینی و تەسەوف ئەمڕۆ زۆرترین بوار دەدەن بە تاکڕەویی و توتالیتاریزمی سوڵتە. [1]