بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی ڕیکلام لەناو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا
#کارزان محەمەد#
ڕیکلام (Advertising) پڕۆسەی ناساندنی کاڵا یان خزمەتێکە بەئامانجی بەپەسەندزانینی بەرهەمەکە و هەوڵدان بۆ بڕەوپێدانی لەناو جەماوەردا، بە جۆرێک کە ڕێژەی سوودلێوەرگرتن و بەکارهێنانی ئەو کاڵا و خزمەتە بەقازانج بۆ خاوەنەکەی بشکێتەوە، دەشێ ئەم چالاکییە ماددی بێت (بۆنموونە فرۆشتنی کاڵایەک یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەک) ، یاخود تەنیا لەپێناو خزمەت بەکۆمەڵگایەک یان کۆی جیهاندا بێت (وەک ڕیکلام بۆ خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسێکی نوێ یان چۆنییەتی خۆپاراستن لە ڕووداوە مەترسیدارەکان) .
تائێستا پێناسی جۆراوجۆر بۆ ڕیکلام کراوە، دەتوانین بڵێین “بەکارهێنانی کۆمەڵێک ئامڕازە بۆ ناساندنی کاڵایەکی بازرگانی یاخود پیشەسازی بە مەبەستی بڕەودان بەبەرهەمەکە”
بەپێی بۆچوونێکیتر ڕیکلام “پڕۆسەیەکی پەیوەندییە، تیایدا کاری پەخش و بڵاوکردنەوەی ڕیکلام بۆ درووستکردنی کاریگەریی لەسەر وەرگر ئەنجام دەدرێت کە ئامانجەکەشی بازرگانییە”
لە بڕگەی حەوتەمی ماددەی یەکەمی (یاسای ڕێکخستنی ڕێکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، ژمارە (4) ی ساڵی (2019ز) دا، بەجۆرە پێناسی کردووە ڕیکلامی “بازرگانی خزمەتگوزارییەکە لەڕێی بەکارهێنانی ئامڕازەکانی میدیا و ئامڕازەکانی پەیوەندیکردن و هەر شێوازێک لە شێوازەکانی ڕاگەیاندن و هۆیەکانی گواستنەوەی زەمینی و ئاوی و ئاسمانی و لە ڕێگەی تابلۆ و دیوار و سکرین، بەئامانجی ڕەواجدان بەکاڵا یان خزمەتگوزاری یان بەرهەم، بە مەبەستی هاندانی بەکاربەر بۆ کڕینی یان بەکارهێنانی.
خەسڵەتەکانی ڕیکلامی سەرکەوتوو، بوونی کۆمەڵێک تایبەتمەندییە وەک: ڕاشکاو و ئاقڵانە بێت تا کاریگەرییەکی خێرای لەسەر وەرگر هەبێت. هونەرمەندانە بێت، تان سەرنجی بەکاربەر ڕابکێشێت…بە زمانی کڕیار بێت تا دڵنیای بکاتەوە ئەو خزمەت و کاڵایەیە کە دڵخوازییەتی.
بایەخ و گرنگی ڕیکلام بەهۆی گەشەسەندنی میدیا و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ڕۆژبەرۆژ بەئەندازەیەکی بەرچاو لە گەشەدایە، چونکە پەیوەندی و بەرژەوەندییەکی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا هەیە، ڕیکلام پێویستی زۆری بە میدیا هەیە بۆ ناساندنی بەرهەم و خزمەتگوزاریی، هەروەها خودی میدیاکانیش وابەستەن بە پەیداکردن و بڵاوکردنەوەی ڕیکلامەوە، فاکتەرەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی: ڕیکلام سەرچاوەی داهاتێکی گەورەیە بۆ ئامرازە جۆراوجۆرەکانی بڵاوکردنەوە.
لە هەرێمی کوردستان، سوودوەرگرتن لە ئامڕازەکانی میدیا بەئامانجی بڕەودان بە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵکشاندایە، هاتنەئارای سۆشیالمیدیاش کە دەرفەتی بۆ هەر بەکارهێنەرێک ڕەخساندووە لە ڕێگەی ئەکاونت و پەیجەوە ڕیکلام بۆ بازاڕگەریی و فرۆشتنی کاڵا و خزمەتگوزاری بکات، هێندەیتر بازاڕی ڕیکلامی گەرمتر کردووە.
ئێستا بەچەندین شێواز ئەنجام دەدرێت:
– ڕیکلامی خاوەن کاڵا لەڕێی ئەکاونت و پەیجەوە.
– بەکارهێنانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن.
– سوودوەرگرتن لە شوێنە گشتییەکان (پارک، شەقام..) .
لە بەکارهێنانی هەرکام لەم شێوازانەدا، پێویستمان بە زانینی ڕێکارە یاساییەکانی ڕیکلام هەیە تا دووچاری لێپێچینەوە نەبینەوە.
ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، چوارچێوەی یاسایی بۆ ڕێکخستنی ڕیکلام و سزادانی هەر تاوان و پێشێلکارییەک دانراوە کە لەو بوارەدا ئەنجام بدرێت، لەم ڕوانگەیەوە خاوەن ڕیکلام و دەزگاکانی میدیاش ئەرکی سەرشانیانە بۆ خۆپارێزی لە تاوان، بەرلە پڕۆسەی ڕیکلام ئاگاداری ڕێوشوێنە یاساییەکان بن کە دواتر ئاماژەیان پێدەدەین.
“جۆرەکانی تاوان لە ڕیکلامدا”
بازاڕگەریی لە ڕێی ڕیکلامەوە، وێڕای بڕەودان بەکاڵا و ئاسانکاریی لە مامەڵە و هەڵکشانی ئاستی فرۆش، هەندێکجار بەهۆی بانگەشە بۆ فرۆشتنی ئامراز و کاڵا و خزمەتگوزاریی نەشیاو، تاوانی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە.
ئەمڕۆ زۆرینەی وڵاتان یاسایان داڕشتووە بۆ دەستنیشانکردنی سنوورەکانی ڕیکلام و دانانی سزا لەکاتی لەکاتی خراپ بەکارهێنانیدا. لە هەرێمی کوردستانیش، ئێستا یاسای ڕێکخستنی ڕێکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، ژمارە (4) ی ساڵی (2019ز) بەرکارە، لە ماددەی (3) دا کە تەرخانکراوە بۆ ڕێگەپێنەدراوەکان، تیایدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە نابێ هیچ ڕیکلامێک لە پێچەوانەی ئەم مەسەلانەی خوارەوە بێت:
-ئادابی گشتی .
-سیستمی گشتی.
-ئاساییشی گشتی.
-تەندرووستی گشتی.
-مافەکانی مرۆڤ.
هەروەها لە چەندین یاساشدا ئاماژە بە لەبەرچاوگرتنی (بەرژەوەندی گشتی) . دەدرێت، گرفتی ئەم دەستەواژانە لەوەدایە کە زۆر لاستیکین، دەبوایە یاساکە بەوردی و بەپێی خاڵ سەرجەم تاوانەکانی دەستنیشان بکردایە، تا خاوەن ڕیکلام و میدیاکان بەرچاوڕوونیان هەبێت.
لێرەدا ئاماژە بەچەند بابەتێکی گرنگ دەدەین:
-ئادابی گشتی: پاراستنی ئاکار و ڕەوشتە جوانەکانی کۆمەڵگایە، هەر بابەتێکیش زیان بەو ئادابە جوانانە بگەیەنێت بە پێشێلی یاساکە دادەنرێت، وەک: پڕوپاگەندە بۆ هاوگەڕەزخوازی، بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی نەشیاو لەناو ڕیکلامدا.
سیستەم و ئاساییشی گشتی: بڵاوکردنەوەی ڕیکلامێک کە سوکایەتی (نەک ڕەخنە) بە سیستەم بکات، یاخود ببێتەمایەی شەڕوئاشوب و کوشتوبڕ، بەپێی ئەم یاسایە بەتاوان دادەنرێت. (بۆنموونە ڕیکلام بۆ توندوتیژی) .
تەندرووستی گشتی: هەر ڕیکلامێک بۆ شکاندنی شکۆی تەندرووستی گشتی (بۆ نموونە هاندانی خەڵک بۆ پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییە تەندرووستییەکان) ، یاخود پڕوپاگەندە بۆ فرۆشتنی داودەرمانی (ساختە، بێ مۆڵەت، نەشیاو) ، دەچێتەخانەی پێشێلی یاسای ڕیکلام.
مافەکانی مرۆڤ: جاڕنامەی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ (1948ز) و چەندین ڕێککەوتنامەیتری بواری منداڵان و ژنان و خاوەن پێداویستی تایبەت و چینوتوێژەکانیتر، بۆ پاراستنی ڕێزی مرۆڤ لەسەرئاستی جیهان هەن، زۆربەیان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە مافە مرۆییەکانی گەلی کوردیشەوە هەیە، هەر ڕیکلامێک زیان بەو مافانە بگەیەنێت بە تاوان دادەنرێت (بۆنموونە: ڕیکلامێک سوکایەتی بە ژن یان خاوەن پێداویستی تایبەت تێدابێ) .
هەروەها لەم پەرتوکەدا، چەندین تاوانی بڵاوکردنەوەمان تاوتوێ کردووە کە ئەنجامدانیان لە ناوەرۆک و شێوازی ڕیکلامدا هەر بەپێشێلی یاسا دادەنرێت وەک: (جنێودان، ناوزڕاندن، بەزاندنی ژیانی تایبەت….)
ئامانجی سەرەکی لەم مەرجە یاساییانە بۆ ڕێکخستنی ڕیکلام، پاراستنی ڕێزی کۆمەڵگای کوردییە لەو مەترسییانەی کە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی میدیاوە دێنەئارا.
“خۆپارێزی لە تاوانەکانی بواری ڕیکلام”
لە پڕۆسەی بازاڕگەری لە ڕێگەی ئامرازەکانی میدیاوە، کۆمەڵێک ڕێوشوێن هەن کە بۆ پاراستنی ماف و خۆپارێزی لە پێشێلی یاسا جێگەی بایەخن.
جۆرێکی تاوان پەیوەندیدارە بە مامەڵەی خاوەن کاڵا و خزمەتگوزی و دەزگاکانی چاپوپەخش یا لایەنی ڕیکلامکار، ئەویش پابەندنەبوونە بە بەڵێنەکانیان بەیەکتر، بۆ نموونە خاوەن کاڵا دوای ڕیکلامەکە مافە داراییەکان نەدات بەلایەنی بەرانبەر، یاخود مافی خاوەن ڕیکلام پێشێل دەکرێت و وەک پێویست کارەکەی بۆ ئەنجام نەدرێت. لەم ڕوانگەیەوە، باشترین ڕێکار هەبوونی گرێبەستی یاساییە کە تیایدا ئەرک و مافەکانی لەسەر تۆمار کرابێت، تا لەساتی هەر پێشێلکارییەکدا، ببێتە بەڵگەیەکی گرنگ بەدەست خاوەن مافەوە لە بەردەم دادگادا.
بەگشتی لەکاتی ڕیکلامدا، پێویستە کۆمەڵێک خاڵ ڕەچاو بکرێن:
– ڕێزگرتن لە سنووری ئەو بابەتە گرنگانەی لە یاسای ڕیکلامدا ئاماژەیان پێدراوە، بۆ نموونە پێشێلی (ئاداب، بەرژەوەندی، سیستەم، ئاساییش، تەندرووستی) ی گشتی و پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ بە تاوان دادەنرێت.
– هەر ڕیکلامێک بەرلە بڵاوکردنەوە، مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیداری بەرهەمەکەی هەبێت.
– ڕیکلام نابێ ئاستەنگ بۆ خزمەتگوزاریی گشتی درووست بکات، وەک دانانی ڕیکلام لەسەر شۆستەی ڕێبواران یا هاتوچۆی هاووڵاتیان.
– لەڕووی تیشک و ڕووناکییەوە شیاو بێت.
– لەبەرچاوگرتنی مافی تابلۆ و ڕیکلامی کەسانیتر، بۆ نموونە ڕیکلامێک نەبێتەمایەی حەشاردانی تابلۆ و ڕیکلامی کەس و لایەن و کۆمپانیاکانیتر.
– هیچ ڕیکلامێک نابێ گرفت بۆ ڕیکلامە مرۆیی و تەندرووستییەکان یا تابلۆی ڕێنیشاندەری شەقام و شوێنە گشتییەکان درووست بکات.
“بەدواداچوون بۆ تاوانەکانی ڕیکلام”
بەپێی یاسا، لەکاتی خراپ بەکارهێنانی شوێن و پەیامی ڕیکلامدا، دەشێ سکاڵا لەسەر خاوەن ڕیکلام تۆمار بکرێت، ئەو کەس و لایەنانەی مافی تۆمارکردنی سکاڵاشیان هەیە، بەگشتی بریتین لە:
– کەس و لایەنە زیانلێکەوتووەکان.
– داواکاری گشتی یان دامەزراوە حکومی و خێرخوازییەکان لەو ساتانەدا مافی تۆماری سکاڵایان هەیە کە ڕیکلامێک زیانی گەیاندبێ بە دەستور و یاسا و ڕێنوێنییەکان، واتا پێشێلکردن و زیانگەیاندن بەو ماف و پرەنسیپانەی کە پاراستنیان لە ئەستۆی یاسادایە. بۆنموونە (ڕیکلام بۆ لادانی کۆمەڵایەتی وەک هاوڕەگەزخوازی یا تیرۆر و توندوتیژی، فرۆشتنی کاڵایەک کە دیاردەی تاوان زیاد بکات وەک چەکی بێ مۆڵەت، …) . هەندێکجار شوێنی ڕیکلامێک نەشیاو بێ، بۆ نموونە ڕیکلام بۆ کاڵایەک لەناو قوتابخانەیەک کە ئەو کاڵایە بۆ خوێندکار شیاو نەبێت، یاخود قۆزستنەوەی گۆڕەپانی نەخۆشخانەیەک بۆ ڕیکلام بۆ دەرمان.
“بەرپرسیارێتی میدیاکان و ئاستی سزای پێشێلکارییەکان”
یاسای ڕیکلام لە هەرێمی کوردستان، چەند بەرپرسیارێتییەکی خستۆتە ئەستۆی میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بەکورتی لێرەدا ئاماژەیان پێدەدەین:
بەرپرسیارێتی کواڵیتیی و تەکنیکی: لە خاڵی (5) ی ماددەی (2) دا هاتووە:”ڕاددەی تیشکی ڕووناکی سەرشاشەکانی ڕیکلامی ئەلیکترۆنی سەرشەقامەکان لە ڕۆژدا لە (5000) لۆکس (لومنز/م2) زیاتر نەبێت و لە شەوانیشدا لە (200) لۆکس زیاتر (لومنز/م2) بێت.” ئەم مەرجەش بەئامانجی ڕێکخستنی تیشک و ڕەنگەکانی ڕیکلامە تا نەبێتەهۆی بێزاربوونی هاووڵاتیان، یاخود ڕووناکییەکەی زیان بە تابلۆ و ڕیکلامەکانیتر نەگەیەنێت.
بەرپرسیارێتی نیشتمانی: میدیاکان ئەرکی سەرشانیانە ڕیکلامی هۆشیاریی بۆ پرسە جۆراوجۆرەکانی تایبەت بەخزمەتی هاووڵاتیان بڵاوبکەنەوە، هەروەک لە خاڵی (6) ی ماددەی (2) ی یاساکەدا هاتووە:”دەبێ دامەزراوەکانی میدیا، ڕیکلامی هۆشیاری نیشتمانی، ڕۆشنبیری، تەندرووستی، هاتوچۆ و ئەو ڕیکلامانەی کە تایبەتن بە پاراستنی مافی مرۆڤ و ژنان، بێ بەرانبەر بڵاوبکەنەوە، بۆ تەلەڤزیۆنەکان لە (1 خولەک بۆ 4 خولەک) لە ماوەی (24) کاتژمێری پەخش، بۆ چاپکراوەکان بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتە”.
بەرپرسیارێتی سزایی: ڕیکلامیش وەک هەر پەیامێکی میدیایی، ئەگەری ئەوەی هەیە بەئانقەست و بێ ئانقەست، ڕووبەڕووی دڕان و شێواندن و لابردن و سڕینەوە ببێتەوە.
بۆ سزادانی ئەو کەس و لایەنانەی دەبنەمایەی ئەم پێشێلکارییە، لە ماددەی (4) ی یاسای ڕیکلامدا، چەند ڕێکارێکی لێپرسینەوە و سزادانی بۆ پێشێلکاران دەستنیشان کردووە.
ئەگەر ڕیکلامیک پێشێلی ئەو پرەنسیپە نەتەوەیی و نیشتمانی و جەماوەرییانە بێت کە لە خاڵەکانی (2، 3) ی یاساکەدا هاتوون و لە تەوەرەی تاواندا ئاماژەمان پێداوە (واتا دژ بە ئاداب و سیستەم و بەرژەوەندی و ئاساییش و تەندرووستی گشتی و مافەکانی مرۆڤ بن) ، بەپشتبەستن بە خاڵی یەکەمی ماددەی (4) ئەم ڕێکارانە پراکتیزە دەکرێت:
1- ڕاستەوخۆ بڵاوکردنەوەی ڕیکلامەکە ڕادەگیرێت.
2- دادخوازیکاری ڕیکلام، بەرهەمهێنی ڕیکلام و بڵاوکەرەوەی ڕیکلام، سزا دەدرێن بە غرامەکردن بە بڕێک کە لە (500.000) هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (15.000.000) ملیۆن زیاتر نەبێت.
هەر کەس و لایەنێکیش زیان بەڕیکلام بگەیەنن (بە مەرجێک سکاڵای یاسایی هەبێت) ، بەپێی خاڵی دووەمی ماددەی (4) بەتاوان دادەنرێت، لەم خاڵەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە: هەر کەسێک بە مەبەست ڕیکلامێک لێبکاتەوە یان بیدڕێنێ یاخود بیشێوێنێت، سزا دەدرێت بە:
1- غرامەیەک کە لە (250.000) هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (1.000.000) ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
2- پابەندکردنی بە چاککردنەوە و دانانی ڕیکلامەکە وەک خۆی.
3- قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوو.
ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان کە ململانێی بازاڕگەریی بەهۆی میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە، لە ئاستێکدایە کە یاسا بەتەنیا ناتوانێ کۆنتڕۆڵی پرەنسیپە درووستەکانی ڕیکلام بکات، ئەرکی سەرشانی خاوەن کاڵا و خزمەتگوزارییەکانە لەپێناو بوونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندرووست، خۆیان لە بانگەشە بۆ کاڵا و خزمەتگوزاریی نایاسایی و نامرۆڤانە بپارێزن.
هەروەها پێویستە جەماوەریش لەکاتی بینینی هەر ڕیکلامێکی نەشیاو، بەشێوازی ڕیپۆرتی ئەلیکترۆنی و ئاگادارکردنەوەی دامەزراوە یاساییەکان، هەوڵی پاراستنی ئاشتەوایی و جوانییەکانی کۆمەڵگا بدەن، بۆ نموونە ڕیکلام بۆ مامەڵە بە: (چەک، دەرمانی نایاسایی، ئامێری سیخوڕی، بەڵگەنامە و بڕوانامەی ساختە و تەزویر…) کە کۆی کۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوە، پێویستی بە هاریکاریی و هەماهەنگی بەردەوامی جەماوەر و دامەزراوە یاساییەکان و دەزگاکانی ئاساییش و پۆلیسە، تا ڕیکلام نەبێتە ئامرازێک بۆ زیانگەیاندن بە شکۆی مرۆڤ و ئاشتەوایی کۆمەڵگا.
میدیاکانیش پێویستە وەک ئەرکێکی پیشەیی، هەر بانگەشە و ڕیکلامێک بۆ کاڵا و بابەتێکی زیانبەخش ببینن، بەدواداچوونێکی بنکۆڵکارییانەی بۆ ئەنجام بدەن لەپێناو هۆشیارکردنەوەی خەڵک و هاندانی داواکاری گشتیش بۆ ئەنجامدانی لێپرسینەوەی یاسایی.[1]