شۆڕشی ئەیلوولی #پارتی دیموکراتی کوردستان#- (شۆڕشی نەتەوەیی ئەیلوول – #11-09-1961#) . بە سەرۆکایەتی #مەلا مستەفا بارزانی# دژی حکوومەتی کۆماری ئێراق لە باشووری کوردستان هەڵگیرسا، تا ساڵی 1975 و ڕێککەوتننامەی جەزائیر بەردەوام بوو.
شۆڕشی ئەیلوول- (شۆڕشی نەتەوەیی ئەیلوول – 11ی ئەیلوولی 1961) . بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی دژی حکوومەتی کۆماری ئێراق لە باشووری کوردستان هەڵگیرسا، تا ساڵی 1975 و ڕێککەوتننامەی جەزائیر بەردەوام بوو.
$هۆکارەکان$
دوای شۆڕشی #14-07- 1958# گۆڕانکاری گەورە بەسەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێراقدا هات کە لە بەرژەوەندی تەواوی گەلانی ئێراقدا بوو، لە گرنگترین دەستکەوتەکانی شۆڕش بۆ کورد، جێگیرکردنی بەندی (3) ی دەستوور بوو، کە تێیدا هاتبوو کورد و عەرەب هاوبەشن لە ئێراقدا، مافە نەتەوەییەکانیشیان لە چوارچێوەی ئێراقێکی یەکگرتوودا دانیپێدانراوە لەلایەن دەستوورەوە. لە ڕووی ئازادی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیشەوە، دوای گەڕانەوەی سەرۆک مستەفا بارزانی، پاش 12 ساڵ ئاوارەیی، مۆڵەتی فەڕمی کارکردن بە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک تاکە حزبی کوردی لە ئێراق درا.
هاوبەشی کورد و عەرەب لە ئێراقدا ماوەیەکی کورتی خایەند و بەندی سێیەمی دەستوور هەرگیز جێبەجێ نەکرا، بارودۆخی سیاسی تا دەهات ڕووی لە گرژی دەکرد، حکوومەت لە و بەڵینانەی بە کوردی دابوو پاشگەزبووەوە، دەستکرا بە دەرکردنی ئەفسەر و فەرمانبەرانی کورد لە سوپا و فەرمانبەرانی کورد لە فەرمانگەکانیان بە تایبەت لە پارێزگا کوردییەکان، خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردییەکان ڕاگیرا و دەرچوونی پەرتووکی سیاسی و ئەدەبی لە کوردستان قەدەغەکرا و دەسەڵات بۆ ڕازیکردنی دڵی دەرەبەگەکان کەوتە گیانی جوتیاران.
پارتی دیموکراتی کوردستان دژی ئەو سیاسەتەی حکوومەت وەستایەوە، بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی دەستووری کاتی ئێراق و جێگیرکردنی بەندی (2) ی دەستوور کە تێیدا هاتبوو ئێراق بەشێکە لە ئوممەی عەرەبی. لەسەر ئەم بابەتە و بارودۆخەکە بە گشتی، ڕۆژنامەی خەبات بابەتێکی لە ڕێکەوتی 19ی تشرینی یەکەمی 1961 بڵاوکردەوە، لە بابەتەکەدا هاوکات لەگەڵ خستنەڕووی بەندەکانی (2) و (3) ی دەستوور، داوای کۆتایهێنان بە فەرمانە عورفییەکان و ماوەی گواستنەوە الفترە الانتقالیە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراتی و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و دەستهەڵگرتن لە ڕاونانی ئەندامانی حزبە سیاسییەکان و ڕیکخراوە سەندیکایی و جوتیارییەکان کرد. لەبەرانبەردا حکوومەت ڕۆژنامەی خەباتی داخست و سەرنووسەرەکەی دادگایی کرد، بەتایبەت دوای دەرکردنی ژمارە (462) لە ڕێکەوتی 28ی ئاداری 1961، کە بابەتێکی بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بڵاوکردەوە و تێیدا بە فراوانی پەسنی سەرۆک مستەفا بارزانی کرابوو و هێرشی توندیش کرابووە سەر کاربەدەستانی حکوومەت. دواتر لەلایەن حکوومەتەوە دەستکرا بە گرتنی ژمارەیەک لە کادیر و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، بەمەش جارێکیتر بارودۆخی حزب گەڕایەوە وەک ئەوەی پێش شۆڕشی 14ی تەمووز و دەستی بە چالاکی و خەباتی نهێنی کردەوە.
سەرۆک مستەفا بارزانی لەسەر بانگێشتی حکوومەتی سۆڤیەت بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی ئۆکتۆبەر، لە ڕێکەوتی 5ی تشرینی دووەمی 1960 سەردانی مۆسکۆی کرد، لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی سۆڤیەت داوای لێکردن یارمەتیی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی ئێراق بدەن، هەر لە و کۆبوونەوانەشدا زۆرێک لە کێشەکانی نێوان پارتی و #حزبی شیوعی ئێراق# چارەسەرکران.
لە ڕێکەوتی #13-01- 1961# سەرۆک مستەفا بارزانی گەڕایەوە بەغدا و پاش ماوەیەک چاوەڕوانی لە مانگی شوبات چاوی بە عەبدولکەریم قاسم کەوت. لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی هەوڵی ڕەواندنەوەی گومانەکانی دا و تەواوی بەڵگەکانی نیازپاکی کوردی بەرانبەر بە حکوومەتی بۆ عەبدولکەریم قاسم خستەڕوو، بەڵام هیچ ئاکامێکی نەبوو، ئەوەبوو سەرۆک بارزانی لە سەرەتای مانگی ئاداری 1961 بە یەکجاری بەغدای پایتەختی جێهێشت و گەڕایەوە بارزان. بەمەش تا دەهات بارودۆخی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی ئێراق بەرەو خراپتر دەچوو. حکوومەت دەستیکرد بە پڕچەککردنی ئەو هۆزانەی کاری جاشایەتییان کردبووە پیشە، لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانیش هەوڵی دەستخستنی چەکیدا بۆئەوەی ئامادەی هەر جۆرە پەلامارێکی لەناکاوی حکوومەت بێت.
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی 1961 کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە بارودۆخەکە کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا یاداشتێک بە عەبدولکەریم قاسم بدرێت، لە ڕێکەوتی 30ی تەمووزی 1961 یاداشتەکە ڕەوانەکرا. لە یاداشتەکە داوا کرا ناکۆکی و ئاڵۆزی نێوان پارتی و عەبدولکەریم قاسم کۆتایی پێ بهێنرێت و ئارامی بۆ ناوچەکانی کوردستان بگەڕێنرێتەوە و ڕێگە لە خراپبوونی بارودۆخەکە بگیرێت، بەڵام عەبدولکەریم قاسم گوێی نەدایە یاداشتەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و بارودۆخەکە زیاتر بەرەو خراپی چوو. پێش ڕەوانەکردنی یاداشتەکە و لە ڕێکەوتی 12ی تەمووزی 1961 #جەلال تاڵەبانی# لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی حزبەوە نێردرایە بارزان و دوا بڕیارەکانی کۆمیتەی ناوەندی بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو. تاڵەبانی ئامادەیی مەکتەبی سیاسی نیشاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی لەناکاو. سەرۆک مستەفا بارزانی بۆچوونی وابوو جارێ هیچ نەکرێت و بەردەوام بن لە خۆ ئامادەکردن، دواتر جەلال تاڵەبانی بە چەند شیرەتێکی سەرۆک بارزانییەوە گەڕایەوە سلێمانی.
سیاسەتی شۆڤێنی حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم بەرانبەر بە گەلی کورد درێژەی هەبوو، تا دەهات بارودۆخ لە تەقینەوە نزیکتر دەبووەوە. بە مەبەستی بەرگرتن لە شەڕ، وەک ناڕەزایەتیی بەرانبەر سیاسەتی حکوومەت، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، لە ڕێکەوتی 6ی ئەیلوولی 1961 مانگرتنی گشتی لە سەرانسەری کوردستان ڕێکخرا، مانگرتنەکە تەواوی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە، ئەمەش دەرخەری سەنگ و هێزی پارتی بوو، مەبەست لە مانگرتنەکە ئەوەبوو ڕێگری لە حکوومەت بکرێت لەوەی هێز بنێرێتە سەر ناوچەکانی کوردستان.
$هەڵگیرسانی شۆڕش$
سەرەڕای تەواوی هەوڵەکانی پارتی بۆ لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ حکوومەت و بەرگرتن لە شەڕ، کەچی لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە تەواوی هەوڵەکان پشتگوێ خران و لە ڕێکەوتی 11ی ئەیلوولی 1961 هێزەکانی سوپا دەستیانکرد بە بۆردومانی ئاسمانیی دەربەندی بازیان، دۆڵی خەلەکان و دەوروپشتی دهۆک، لەبەرانبەردا لە ڕێکەوتی 19ی ئەیلوولی 1961 مەکتەبی سیاسی پارتی بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی حکوومەتیدا، بەمەش جارێکیتر گەلی کورد ناچارکرا بۆ بەرگری کردن لەخۆی، پەنا بۆ خەباتی چەکداریی ببات.
دوای چەندین شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوه، تا 23ی ئەیلوولی 1961 حکوومەت جگە لە چەند ناوچەیەکی بازران، توانی دەست بەسەر تەواوی ناوچەکانی کوردستاندا بگرێت. لە ڕێکەوتی 6ی تشرینی یەکەمی 1961 هەریەک لە عومەر دەبابە و عەلی عەبدوڵڵا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی خۆیان گەیاندە بارزان و لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری خۆ ڕێکخستنەوە درا و بڕیاردرا هەماهەنگی لەنێوان هێزی بارزان، هێزی چەکداری پارتی و هێزە چەکدارەکانی ئەو خێلانەی هێشتا مەیدانی شەڕیان چۆڵنەکردبوو، درووستبکرێت.
دوای خۆڕێکخستنەوە و چەندین سەرکەوتن بەسەر سوپای ئێراقدا، لە مانگی شوباتی 1962، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەلایەن ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حزبەوە لە گوندی عەواڵان (عەوداڵان) ی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئەنجامدرا. لە و کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی یاداشتێکیان بۆ عەبدولکەریم قاسم نارد و ڕایانگەیاند، ئەو شەڕەی ئەوان دەیکەن، شەڕی خۆپاراستن و داکۆکیکردنە، نەک شەڕی پەلاماردان. هەروەها لە یاداشتەکەیاندا ناوی پێشمەرگەیان بۆ چەکدارەکانیان هەڵبژارد و دروشمی دیموکراسی بۆ ئێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان بەرزکرایەوە. بەشێک لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە: ئیبراهیم ئەحمەد، عەلی عەسکەری، ئەحمەد عەبدوڵڵا، عومەر دەبابە، عەلی عەبدوڵڵا، مەلا عەبدوڵڵا ئیسماعیل، شەمسەدین موفتی، عەبدولڕەحمان زەبیحی و نوری ئەحمەد تەها، دەستەی پاسەوانی ئەم کۆبوونەویەش هێزێکی 15 کەسی پۆلیسی هەولێر بوون، کە تازە ببوون بە پێشمەرگە. کۆبوونەوەکە بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بەردەوامی بە بەرگری بدرێت.
سەرکەوتنەکانی سوپای ئێراق کاتی بوون و لە ماوەیەکی کەمدا هێزەکانی پێشمەرگە توانیان خۆیان ڕێکبخەنەوە و لەشکری ڕزگاری کوردستان دابمەزرێنن کە نزیکەی بیست هەزار پێشمەرگە دەبوون، ئەم هێزە توانی تا ناوەڕاستی ساڵی 1962 بەشی هەرە زۆری خاکی کوردستان جگە لە ناوەندیی شارە گەورەکان ڕزگاربکاتەوه، لە سەرەتای ساڵی 1963 حکوومەت ناچار بە ئاگربەس کرا و بۆ چەند جارێکیش درێژکرایەوە تا کەوتنی یەکجارەکی حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم لە 8ی شوباتی 1963 لە و ماوەیەدا لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکانی لەگەڵ حکوومەت درا و هەوڵەکانی لەلایەن ڕای گشتی ئێراقەوە پێشوازیان لێکرا.
$کودەتای بەعسییەکان$
شۆڕشی ئەیلوول ڕێخۆشکەربوو بۆ ئەنجامدانی کودەتای 8ی شوباتی 1963 بەسەر حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسمدا. ئەم کودەتایە بەرهەمی ڕێککەوتنی نێوان حزبی بەعس و ئەفسەرە نەتەوەییەکان بوو، ئەمانە لەکاتی ئامادەکارییەکانیان بۆ کودەتا پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد و گفتیاندا سەرجەم داخوازییە سیاسی و نەتەوەییەکانی شۆڕشی کورد جێبەجێ بکەن و لە ڕێگەی ساڵح یوسفییەوە بەڵێن بە سەرۆک مستەفا بارزانی درا پاش سەرکەوتنی کودەتا، جاڕی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد بدرێت، لەبەرانبەردا سەرکردایەتی شۆڕش بەڵێنیدا، شەڕ لە دژی حکوومەت ڕابگرێت.
دوای سەرکەوتنی کودەتای 8ی شوبات، لەلایەن حزبی بەعسەوە نامەیەک بۆ ئیبراهیم ئەحمەدی سکرتێری پارتی نێردرا و داوای لێکرا ناوی چەند کەسێکی کورد دەستنیشان بکرێن بۆ ئەوەی بخرێنە نێو حکوومەتی نوێیەوە، مەکتەبی سیاسیش دوای ڕەزامەندی سەرۆک مستەفا بارزانی، وەڵامی حزبی بەعسی بەم شێوەیە دایەوه: دیموکراسی بۆ ئێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، سیاسەتی پارتیمانە، ناوە پێشنیار کراوەکانیشمان ئەمانەن: بابە عەلی شێخ مەحموود، فوئاد عارف، بەکر عەبدولکەریم، عومەر مستەفا، جەلال تاڵەبانی و عەلی عەسکەری.
لە ڕێکەوتی 18ی شوباتی 1963 هەر بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی نوێ، وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی و ساڵح یوسفی نێردرانە بەغدا، بۆ ڕۆژی دواتر وەفدەکە لەگەڵ کاربەدەستانی حکوومەت کۆبوونەوە. بەعسییەکان هەوڵیاندەدا خۆیان لە و بەڵێنانەی پێش کودەتا بە کوردیان دابوو، بدزنەوە. هەر لە و کۆبوونەوانەدا بڕیاردرا جەلال تاڵەبانی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکی پارتی و مەکتەبی سیاسی، لەگەڵ وەفدێکی حکوومەت بە مەبەستی گفتوگۆکردن و خستنەڕووی کێشەی کورد سەردانی هەردوو وڵاتی میسر و جەزائیر بکات، لە و سەفەرەیدا جەلال تاڵەبانی چاوی بە جەمال عەبدولناسر سەرۆکی میسر و ئەحمەد بن بیللا سەرۆکی جەزائیر کەوت و هەردوو وڵات لە گفتوگۆکانیاندا پشتگیریی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کوردیان کرد.
$ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش$
لە ڕۆژانی 28 تا 29ی ئەیلوولی 1964 لە شارۆچکەی #قەڵادزێ#، بە ئامادەبوونی سەرۆک مستەفا بارزانی و کۆمەڵێک لە کادیرانی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرماندە سەربازییەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە هۆز و بنەماڵەکان، بە مەبەستی ڕێکخستنی کاروبارەکانی شۆڕش و دانانی دەستورێک و چۆنیەتی دانووستان لەگەڵ بەغدا، کۆبوونەوەیەک گرێ درا. سەرۆک مستەفا بارزانی بە وتەیەک کۆنگرەکەی کردەوە و تێیدا باسی لە دانووستانەکان و ڕێکخستنی ڕیزەکانی شۆڕش کرد و داوای کرد بە هەڵبژاردنێکی ئازاد ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی ئێراق بۆ ڕایکردنی کارەکان بێتە هەڵبژاردن.
لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 1964، سەرۆک مستەفا بارزانی و مەکتەبی سیاسی لەسەر بنەمای بڕیاری کۆنگرەی شەشەم و کۆبوونەوەی قەلادزێ، لەسەر دیاری کردنی ڕۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 1964 بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ڕێککەوتن، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی ناوچە ئازادکراوەکان. سەرەتا گوندی بۆسکین وەک شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری کرا، بەڵام دواتر کۆبوونەوەکە برایە گوندی گردەسپی لە دەڤەری پشدەر و ماوەی دە ڕۆژ لە گفتوگۆدا بوون. 63 کەس لە کۆبوونەوەکە ئامادە بوون، لەوانە 17 ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، 17 فەرماندەی هێزەکان، 29 لە پیاوانی ئایینی ئیسلام، کریستیان و ئێزیدی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و سەرۆک هۆز و کەسایەتی بنەماڵەکان.
پێشتر سەرۆک هۆزەکان لەنێوان خۆیاندا ڕێککەوتبوون لەسەر دەستبژاریان و بە ژمارە زۆریان دەرچوون، هەروەها ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی و فەرماندەی هێزەکانیش خرانە سەر ئەنجوومەن. دواتر لە ڕێکەوتی 9ی تشرینی یەکەمی 1964 لە گوندی بۆسکین دەستووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی ئێراق لە 11 ماددەدا واژووی لەسەر کرا. لە ڕێکەوتی 10ی تشرینی یەکەمی 1964یش بڕیار و ڕاسپاردەکانی لێژنەی دادوەری ویلایەتی کوردستان لە 13 بڕگەدا واژووی لەسەر کرا. دواتر یاسا و ڕێساکانی کارگێڕی لە 12 ماددەدا ئامادە کران و یاسا و ڕێساکانی دارایی لە سێ بەشی دارایی شۆڕش و باجەکان و گومرگەکاندا ڕێکخران.
بە بڕیاری ئەنجوومەنیش مەکتەبێکی تەنفیزی یازدە کەسی پێکهات کە مستەفا قەرەداغی سکرتێری بوو، دواتر گۆڕدرا بۆ مەحموود عوسمان. لەسەر ئاستی کەمە نەتەوەکانیش، تورکمانەکان لەبەر بارودۆخی تایبەتییان نەهاتنە ناو ئەم ئەنجوومەنەوە، هەرچەندە سەرۆک مستەفا بارزانی هەوڵی زۆری لەمبارەوە لەگەڵدان. بۆ ئەوەیش کەسێک لە ئەورووپا نوێنەرایەتی ئەنجوومەن بکات، ئەندامی ئەنجوومەن دکتۆر عیسمەت شەریف وانلییان بۆ ئەم ئەرکە دەستنیشان کرد، کە خۆی بەشداریی کۆنگرەی دووەمی گەل و کۆبوونەوەکانی دامەزراندنی ئەنجوومەنی کردبوو. ئەم ئەنجوومەنە پێنج لێژنەی دامەزراند، کە بریتیبوون لە:
لێژنەی دەستوور
لێژنەی دادوەری
لێژنەی سەربازی
لێژنەی کارگێڕی
لێژنەی ئابووری.
سەرەنجام لە سێ ئاستدا بە سەرۆکایەتی سەرۆک مستەفا بارزانی، ئەندام بۆ ئەم لێژنانە هەڵبژێردران کە بریتیبوون لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرماندەکانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرۆک هۆز و کەسایەتییە ئایینی و نیشتمانییەکان.
ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتیبوون لە: مستەفا بارزانی، حەبیب محەمەد کەریم ، دکتۆر مەحمود عوسمان، ساڵح یوسفی، #عەزیز ئاکرەیی#، دکتۆر فوئاد جەلال، عەبدولکەریم موراد، عەلی قاسم شنگالی، نەعمان عیسا، ئیسماعیل عارف، هاشم حەسەن ئاکرەیی، ئیسماعیل مەلا عەزیز، شێخ محەمەد هەرسین، مستەفا قەرەداغی، محەمەد ئەمین محەمەد عەلی، عومەر شەریف و ڕەمەزان ئاکرەیی.
فەرماندەکانی شۆڕشی ئەیلوول بریتیبوون لە: عەقید عەبدولڕەحمان قازی، عەقید نوری مەلا مەعروف، عەقید ڕوکن عەبدولکافی نەبەوی، عەقید شێخ ساڵح شێخ محەمەد، موقەدەم نافیز جەلال حەوێزی، موقەدەم نوری مەلا حەکیم، نەقیب بەکر عەبدولکەریم حەوێزی، نەقیب یوسف جەمیل میران، نەقیب شێخ ڕەزا گوڵانی، مولازم ڕەشید سندی ، مولازمی پۆلیس عەبدولوەهاب ئەتروشی، ئەسعەد خۆشەوی، #عیسا سوار#، حەسۆ میرخان دۆلەمەری، عەلی خەلیل، عەبدوڵڵا ئاغا پشدەری و حاجی شێخ قادر.
سەرۆک هۆز، کەسایەتییە ئایینی و نیشتمانییەکان بریتیبوون لە: دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی، دکتۆر کەمال فوئاد، شێخ لەتیفی حەفید، کاکەزیاد غەفوری، موحسین دزەیی، شێخ حسێنی بۆسکین، باپیر بابەکر ئاغا، شێخ محەمەد بالیسانی، وەهاب ئاغا جندیانی، عەباس مامەند ئاغا، ئیسماعیل سوارە ئاغا، ساڵح بەگی میران، سلێمان حاجی بەدری سندی، ئەحمەد محەمەدئەمین دزەیی، مەحمود بەگی گوڵەیی، مستەفا بەگی جاف، شێخ کەوکەسی سەید تەهای نەهری، کوێخا ئیسماعیلی تەلان، حاجی ئاغای هێرۆ، مەجید حەمەڕەشید خان، مەحمود عەباس ئاغا، عەبدولڕەحمان ئاغای نۆڕەک، شێخ ڕەئوفی هەنجیرە، حاجی ئیبراهیمی چەرمەگا، شێخ محێدینی سەندوڵان، مەتڕان ماریۆ واڵا، قەشە پۆڵس بێداری، گۆرگیس مەلک چەکۆ و تەحسین بەگ سەعید بەگ.
دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش هەنگاوێکی گرنگبوو لە کاری ڕێکخستن و بەڕێوەبردندا، ئەم ئەنجوومەنە لە بەرزترین ئاستدا هەڵدەستا بە دەستنیشانکردنی کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتی شارەدێ و قایمقام ...هتد، دانان و دابەشکاریی پلە و ناونیشان بۆ سەرکردایەتییە جۆراوجۆرەکانی لەشکری شۆڕش، ڕاسپاردنی مەکتەبی سیاسی بۆ کاری حزبایەتی و هەڵبژاردنی سکرتێر بۆ خۆی، پێکهێنانی مەکتەبی تەنفیزی کە کاری بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی بڕیارە تایبەتەکانی کاروباری ناوخۆ و سەرپەرشتی دەستە حکوومیەکانی لە ناوچە ئازادکراوەکان پێ سپێردرابوو. ئەم ئەنجوومەنە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک مستەفا بارزنییەوە بەڕێوەدەبرا.
$لەشکری شۆڕش بەم شێوەیە ڕێکخرا$:
سەرۆکی گشتی: سەرۆک مستەفا بارزانی
سەرۆکی ئەرکان: نوری مەلا مەعروف
لەشکری یەک لە بادینان: ئەسعەد خۆشەوی، هێزەکانی پێکهاتبوون لە:
هێزی زاخۆ: عیسا سوار
هێزی دهۆک: عەلی خەلیل
هێزی شێخان و ئاکرێ: #حەسۆ میرخان دۆڵەمەری#
لەشکری دوو لە هەولێر: ڕەشید سندی، هێزەکانی پێکهاتبوون لە:
هێزی سەفین: #تاهیر عەلی والی#
هێزی کاوە لە پشدەر: #حەسۆ میرخان ژاژۆکی#
هێزی بێتواتە: #عەلی شەعبان#
لەشکری سێ لە سلێمانی و کەرکووک: موقەدەم عەزیز ئاکرەیی، هێزەکانی پێکهاتبوون لە:
هێزی خەبات: عەبدولوەهاب ئەترۆشی
هێزی قەرەداغ: فازل تاڵەبانی
هێزی ڕزگاری: تاریق ئەحمەد.
$هەڵگیرسانەوەی شەڕ 1965$
لە کۆتایی ساڵی 1964 و لە سەردەمی کابینە نوێیەکەی تاهیر یەحیا هەوڵەکانی حکومەتی ئێراق و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بە مەبەستی پێشگرتن لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ چڕکرانەوە و هەر بەم مەبەستە لە ڕێکەوتی 17ی کانوونی یەکەمی 1964 وەفدێکی حکومەت سەردانی سەرۆک مستەفا بارزانیان کرد و لە ڕێکەوتی 10ی کانوونی دووەمی 1965 ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش وەفدی خۆیان ناردە بەغدا، ئەم هەوڵانە بەردەوام بوون تا ئاداری 1965، دوای وەستان گفتوگۆکان گرژی کەوتەوە نێوان پەیوەندییەکانی هەردوو لا و لە مانگی شوباتی 1965 شەڕ دەستیپێکردەوە.
لەم قۆناغەی شەڕدا، حکومەت سەرەڕای بەکارهێنانی بەشی هەرە زۆری هێزی سەربازی خۆی سوودی لە ژمارەیەکی زۆری جاش وەرگرت، هێرشەکانی سوپای حکومەت و جاشەکان لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی 1965 بە هێرش کردنە سەر چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر دەسیانپێکرا، لە گرینگترین شەڕەکانی ئەم قۆناغە بریتی بوون له: شەڕی سەفین نیسانی 1965، شەڕکانی پیرەمەگروون 28ی نیسانی 1965، شەڕەکانی قەرەداغ 4ی حوزەیرانی 1965، شەڕەکانی ئەزمەرو چوارتا 25ی حوزەیرانی 1965، شەڕی زینەتیر پایزی 1965، شەڕەکانی بەرەی ڕەواندز 5ی ئابی 1965، شەڕی کێوەڕش 6ی ئەیلوولی 1965، شەڕی گرتنەوەی پێنجوێن 23ی کانوونی یەکەمی 1965... هتد. لە ئەنجامی ئەم شەڕانەدا سوپای ئێراق توانیان لە چەند شوێنێک پێشڕەوەیی بکەن و لە زۆر شوێنیش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی شۆڕشەوە پەرپەرچیان درایەوە و ناچار بە پاشەکشێ کران.
هەر لە و ماوەیەدا و دوای لێخۆشبوونی سەرۆک مستەفا بارزانی، لە ڕێکەوتی 6ی تەمووزی 1965 گرووپەکەی مەکتەبی سیاسی بە سەرپەرشتی ئیبراهیم ئەحمەد لە ئێرانەوە گەڕانەوە باشووری کوردستان و لە حاجی ئۆمەران نیشتەجێ بوون، پاش ماوەیەک و سەرەتای ساڵی 1966 گرووپەکە چونە پاڵ حکومەت و لە دژی شۆڕش وەستانەوە.
پلانی (توکلت علی اللە) ، قۆناغی نوێی شەڕ 1966
دوای مردنی عەبدولسەلام عارف لە ڕێکەوتی 13ی نیسانی 1966 و دەست لەکارکێشانەوەی کابینەی تاهیر یەحیا، عەبدولڕەحمان عارف بوو بە سەرۆک کۆماری ئێراق و کابینەی نوێی حکومەت لەلایەن عەبدولڕەحمان بەزازەوە پێکهێنرا، هەر لە و ماوەیە گرووپەکەی مەکتەبی سیاسی لە شۆڕش هەڵگەڕانەوە و چوونە پاڵ حکومەت، ئەم فاکتەرانە بوونە هۆی ئەوەی حکومەت هەست بە باڵادەستی خۆی بکات، بۆیە لەلایەن وەزیری بەرگریی لیوا ڕوکن عەبدولعەزیز عوقەیلییەوە پلانی هێرشکردنە سەر هێزی پێشمەرگەی شۆڕش داڕێژرا و ناوی (توکلت علی اللە) ی لێنرا، پلانەکە لە ڕێکەوتی 3ی ئایاری 1966 لەلایەن لیوای چواری چیایی بە پشتیوانی لیوای یەک بۆسەر چیای هندرێن و لیوای سێ بە پشتیوانی لیوای چواردە بۆسەر زۆزک دەستپێکرا، لەم هێرشەیدا حکومەت سوودی لە بەشی هەرە زۆری هێزی جاشەکان وەرگرت. ئەم هێرشەی سوپای حکومەت داستانی هندرێنی 12ی ئایاری 1966ی لێکەوتەوە، کە بووە هۆی تێکشکانی هێزەکانی حکومەت و جاشەکان و دەرکردنی بەیانی 29ی حوزەیرانی 1966 و ڕازی بوونی حکومەت بە داواکارییەکانی سەرکردایەتی شۆڕش و وەستانی کاتی شەڕ، بەیانەکە لەلایەن عەبدلڕەحمان بەزاز خوێنرایەوە.
قۆناغی نوێی شوڕش و ڕۆڵی جاشەکان 1966 تا 1970
دوای شکست هێنانیان لە جێبەجێ کردنی پلانی (توکلت علی اللە) حکومەت هەوڵیدا ئەمجارەیان بەڕێگەی کردنەوەی بارەگا و پێدانی چەک بە جاشەکان، بەتایبەت گرووپەکەی مەکتەبی سیاسی کۆن، پلانەکانی بەرانبەر بە شۆڕش جێبەجێ بکات، جاشەکانیش بە خراپتریت شێوە بەم ئەرکەیان هەستان و بوون بە چاوساغ و جێبەجێکاری پلانەکانی حکومەت.
لەبەرانبەردا حکومەت هەوڵیدا بەڕێگەی ناردنی شاند بۆ بارەگای بارزانی و داوەتکردن و پێشوازیکردن لە شاندەکانی شۆڕش لە بەغدا وا لە خەڵکی و جیهانی دەرەوە بگەینێت کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕش لەوپەڕی بەهێزی دان. لە گرینگترین سەردانەکانی ئەو ماوەیە هاتنی سەرۆک کۆمار عەبدولڕەحمان عارف بوو بۆ بەرزێوە بۆ لای سەرۆک مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتی 28ی تشرینی یەکەمی 1966 و دواتر سەردانی ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی یەک بە دوای یەک بۆ بەغدا لە مانگی کانوونی دووەمی 1967.
لە ماوەی وەستانی شەڕ، لەلایەن سەرکردایەتی شۆڕشەوە بە مەبەستی بەهێزکردنی لەشکری شۆڕش، چەندین خولی سەربازی جۆراوجۆر بۆ پێشمەرگەکان کرانەوە و لە ڕێکەوتی 17ی نیسانی 1967 کۆنگرەی سەربازی کانی سماق بە سەرپەرشتی سەرۆک مستەفا بارزانی بەسترا و تێیدا دەستورێک بۆ ڕاپەڕاندنی کارو ئەرکەکانی شۆڕش پەسەندکرا. حکومەتیش بەشێک لە و بەڵێنانەی لە بەیانی 27ی حوزەیران دا بۆی بردەسەر بەتایبەت دوای سەردانەکەی تاهیر یەحیای سەرۆک وەزیران بۆ لای سەرۆک مستەفا بارزانی لە مانگی ئابی 1967 و گوندەکانی ناوچەی دوبز کە عەرەبی لێ نیشتەجێ کرابوو بۆ خاوەنە کوردەکانی گەڕاندەوە.
پەیوەندییەکانی سەرکرایەتی شۆڕش و حکومەت دیسان گرژی تێکەوت کاتێک شاندێکی حکومەت لە ڕێکەوتی 7ی تشرینی یەکەمی 1967 سەردانی سەرکردایەتی شۆڕشیان کرد، شاندەکە ڕایگەیاند کە حکومەت لە گفتوگۆکەی پاشگەز بۆتەوە و نیازی نییە جاشەکان لە چەک داماڵێت و سەرۆک وەزیرانیش بە نامەیەک سەرۆک مستەفا بارزانی ئاگادار کردەوە کە لەم بارەیەوە ئەو هیچ دەسهەڵاتێکی نییە و سەرۆک کۆماریش لەژێر کاریگەریی ئەفسەرانی سوپادایە. ئەمەش وایکرد سەرکردایەتی شۆڕش بڕیاربدات خۆی بەم ئەرکە هەستێت و هێزی پێشمەرگە بنێرێتە سەر بارەگای جاشەکان لە بەکرەجۆ. لەوکاتەدا لەلایەن سەرۆک کۆمارەوه، عەبدولکەریم فەرحان وەزیری کشتوکاڵ نێردرایە لای سەرۆک مستەفا بارزانی و داوای لێکرد دەست لە و هێرشە هەڵگرێت، سەرۆک بارزانیش بە داواکارییەکەی سەرۆک کۆمار ڕازی بوو، لەبەرانبەردا حکومەت هەستا بە ناردنی ژمارەیەکی زۆری سوپا بۆ سلێمانی بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە جاشەکان. دوای ئەم ڕووداوانە دیاردەی تیرۆرکردنی کادیر و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن جاشەکانەوە لە هەولێر و ناوچەکانی تر پەرەی سەند، لەبەرانبەردا سەرکردایەتی شۆڕش هەوڵیدا لە ڕێگەی ناردنی مەفرەزەی چەکدار بۆ سەر جاشەکان وەڵامیان بداتەوە، بارودۆخەکە وای لێهات سەرۆک وەزیر تاهیر یەحیا نامەیەک بۆ سەرۆک مستەفا بارزانی بنێرێت و داوای لێبکات لێدانی جاشەکان ڕابگرێت لەبەرانبەردا گفتی پێدا کردەوەی تیرۆرکردن بە جاشەکان ڕابگرێت و بەندیخانەی بەکرەجۆش کە لەلایەن جاشەکانەوە بەڕێوەدەبردرا دابخات.
سەرەتای ساڵی 1968 جارێکی تر بارودۆخ لەنێوان شۆڕش و حکومەت تێکچوو، حکومەت لە ڕێگەی جاشەکانەوە پەلاماری شۆڕشی دەدا و بە بیانۆی هێورکردنەوەی بارودۆخ سوپای ناردە ناوچەی شێخان، لەبەرانبەردا سەرۆک مستەفا بارزانی بە نامە داوای لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆک ئەرکانی سوپا کرد سنوورێک بۆ ئەم بارودۆخە دابنێن، بەڵام خۆلادانی حکومەت لە بارودۆخەکە بووە هۆی ئەوەی لەلایەن هێزی شۆڕشەوە وەڵامی پەلامارەکانی جاش و سوپا بدرێتەوە.
لە ڕێکەوتی 15ی نیسانی 1978 لە دەشتی هەولێر شەڕ لەنێوان لەشکری شۆڕش و سوپای ڕژێم و جاشەکان هەڵگیرسایەوە و تا 18ی نیسان بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سوپای ئێراق شکا و ناچاربوو لە دەشتی هەولێر بکشێتەوە.
لە 17ی تەموزی 1968 حکومەتەکەی عەبدولڕەحمان عارف لەلایەن بەعسییەکانەوە کودەتای بەسەردا کرا و ڕوخا، ئەحمەد حەسەن بەکر لەلایەن بەعسییەکانەوە وەک سەرۆک کۆمار دەستنیشانکرا، بەمەش تا کۆتاییەکانی ساڵی 1978 هیچ شەڕێکی ئەوتۆ لەنێوان لەشکری شۆڕش و سوپا ڕووی نەدا، لەبەرانبەردا هێرشی جاشەکان چڕتر ببووەوە، دەسەڵاتی نوێ لە ئێراق سیاسەتێکی نوێی گرتەبەر و هەوڵیدا خۆی لە شیوعییەکان نێزیک بکاتە و گرینگییەکی زیاتری بە جاشەکان دا، بەتایبەت گرووپەکەی مەکتەبی سیاسی و مەیدانی بۆ چۆل کردن پەلاماری هێزەکانی شۆڕش بدەن، ئەوانیش هەوڵیاندا بە یارمەتیی سوپا دەست بەسەر ناوچەکانی قەرەداغدا بگرن، لەبەرانبەردا لەلایەن سەرکرایەتی شۆڕشەوە لە ڕێکەوتی 12ی تشرینی یەکەمی 1968 هێزەکانی خەبات، ڕزگاری و دەشتی هەولێر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جاشەکان نێردرانە قەرەداغ، ئەم هێزانە توانیان تا 28ی مانگ ناوچەکە لە جاش پاکبکەوە، لە ئەنجامدا جاشەکان بەرەو بارەگاکانی حکومەت لە کەرکووک پاشەکشەیان کرد.
لە مانگی شوباتی 1969 لەلایەن سەکردایەتی شۆڕشەوە بڕیاردرا هێرش بکرێتە سەر نەوتی بابەگوڕگوڕ لە کەرکووک کە سەرچاوەیەکی گرینگی داهاتی حکومەت بوو و دژی شۆڕش بەکاردەهێنرا، دوای ئامادەکارییەکان لە ڕێکەوتی 2ی ئاداری 1969 هێرشەکە بە سەرکەوتووی ئەنجام درا و لەبەرانبەردا حکومەت کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو.
ساڵی 1969 لە مانگی شوباتەوە شەڕ بە چڕی دەستی پێکرایەوە، حکومەت بە یارمەتیی جاشەکان لە هەر لایەک بۆیانکرا هێرشیان هێنایە سەر هێزەکانی شۆڕش و بە درێژایی ئەو ماوەیە چەندین شەڕ ڕوویاندا کە گرینگترینیان بریتی بوون لە:
شەڕی شاخۆلان 21ی شوبای 1969، شەڕی دۆڵی ئالانە 13ی تەمووزی 1969، شەڕی شارەزور و هەڵەبجە 25ی ئایاری 1969، شەڕی دوکان 20ی ئەیلوولی 1969، شەڕی دەکان و سۆریا ناوەڕاستی ئابی 1969، لە و شەڕانەدا ڕەشەکوژی زۆر لەلایەن سوپا و جاشەکانەوە ئەنجام درا و دەستیان لە شتێک نەدەپاراست، حکومەت بە یارمەتیی جاشەکان هێرشەکانیان بۆ سەرناوچەکانی گەرمیان و قەرەداغ چڕ کردبووەوە و بە درێژایی سێ مانگی هاوین شەڕ بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا پێشمەرگە ناچار بە پاشەکشێ کرا و لە چیای سوورداش کۆبوونەوە، لەبەرانبەردا سوپا لە دەشتی هەولێر سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا. حکومەت و جاشەکان دوای ئەوسەرکەوتنانە پلانیان دانا تا ناوچەی دیلمان کە بارەگای بارزانی لێ بوو نەوەستن، بۆیە دەستیان بە هێرشەکانیان کردەوە، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی 1969 هێرشێکی هەمەلایەنەیان کردە سەر ناوچەی مەرگە و زارگەکانی دۆڵی شەهیدان داگیرکران.
دوای پێشڕەویی سوپا و جاشەکان، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 1969 هێزەکانی پێشمەرگە خۆیان ڕێکخستەوە و هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامدا و لە داستانی گرتک 31ی تشرینی یەکەمی 1969 شکستیان بە سوپا هێنا، ئەو شکستەی سوپا چەندین شکستی تری لەشەڕەکاندا بەدواداهات، وەک:
شەڕی مەرگە 6ی تشرینی دووەمی 1969، شەڕی پیرەمەگرون 18ی تشرینی دووەمی 1969، شەڕی چیای سوورداش ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی 1969 و ... هتد، ئەم شکستانە جارێکی تر حکومەتیان ناچارکرد لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕش بکەوێتەوە گفتوگۆ و گفتوگۆکانیش ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 یان لێ کەوتەوە.
$ڕێککەوتننامەی 11ی ئادار 1970$
بەعسییەکان لە هەوڵە سەربازییەکانیان بۆ کۆتایی هێنان بە شۆڕش شکستیان خوارد و لە و ماوەیەدا شۆڕش سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، حکومەتی بەعسیش لە بەهەدەردانی سامانێکی زۆری مرۆڤی و ماددی هیچی تری بۆ نەمایەوە، بۆیە بیری لە ڕێککەوتن لەگەڵ کورد کردەوه، مانگی ئەیلوولی 1969 یەکەم هەوڵی بەعسییەکان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕش لە ڕێگەی شاندێکی یەکێتی قوتابییانی کوردستانەوە دەستی پێکرد کە بۆ ماوەی چەند مانگێک دانووستاندنەکان بەردەوامیان هەبوو، وەفدەکانی هەردوو لایەن لە بەرزترین ئاستەکاندا بە مەبەستی ڕێککەوتن لەنێوان بەغدا و ناوپردان هاتوچۆیان دەکرد، دواجار پاش سەردانی سەدام حسێن جێگری سەرۆک کۆماری ئێراق بۆ ناوپردان و دیداری سەرۆک مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتی 11ی ئاداری 1970 ڕێککەوتننامەیەک لەنێوان حکومەتی بەعسی ئێراقی و سەرکردایەتی شۆڕش واژووکرا و ئەنجامەکەی داننانبوو بەوەی کورد شۆڕشیان لەپێناویدا دەست پێکردبوو، ئەویش داننان بوو بە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان.
هەڵگەڕانەوە لە ڕێککەوتننامەی 11ی ئادار و ڕێککەوتننامەی جەزائیری 1975
ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، وەک ئەوەی ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، لەلایەن حکوومەتی ئێراقەوە هەرگیز جێبەجێ نەکرا، بەمەش بارودۆخ لەنێوان سەرکردایەتی شۆڕش و حکومەتی ئێراق تێکچوو. لە ڕێکەوتی 26ی ئاداری 1974 ڕژێمی بەعس ڕاگرتنی وتووێژی لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشی ڕاگەیاند. دواتر گشت فەوجەکانی پاسەوانی سنووری هەڵوەشاندەوە و شەڕ دووبارە لەنێوان هەردوو لایەن دەستی پێکردەوە. تۆپخانەکانی ڕژێم لە و مانگەدا دەستیان بە تۆپباران کردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش کرد و تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی 1974 دەستی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشدا گرت. سەرکەوتنەکانی سوپا درێژەیان نەکێشا و لەلایەن لەشکری شۆڕشەوە لە و ناوچانەی داگیریان کردبوو ناچار بە پاشەکشێ کران، شۆڕش لەوماوەیەدا لەلایەن حکوومەتی شاهەنشایی ئێرانەوە بە فراوانی یارمەتیی دەدرا.
لە کۆتایی وەرزی پایزی 1974 بەغدا بەردەوامبوونی شەڕی ڕاگەیاند و بڵاوی کردەوە شەڕ لە وەرزی زستانیش بەردەوام دەبێت. ئەم شکستانە بۆ ڕژێمی بەعس و سەدام حسێن جێگەی تەحەمول نەبوون. حکومەت بەرانبەر بە شۆڕش تەواو لاواز ببوو، بۆیە ناچار بوو تەنانەت کەڵک لە ئەندامە یەدەگەکانیشی وەربگرێت. دارایی یەدەگی حکوومەتیش ڕووی لە تەواوبوون بوو. شای ئێران ویستی ئەوەبوو لە ڕێگەی یارمەتیدانی شۆڕشەوە گوشار بخاتە سەر ئێراق تا بە پەیماننامەی گوڵانی ساڵی 1937ی تایبەت بە شەتولعەرەبدا بچێتەوه، هەر بۆ ئەم مەبەستەش بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای قایل کرد لەژێر سەرپەرشتی خۆی و بە نهێنی یارمەتیی شۆڕش بدات.
محەمەد ڕەزا شای ئێران، تا دەهات لە ئامانجەکەی نزیکتر دەبووەوە. لە ڕێکەوتی 6ی ئاداری ساڵی 1975 کۆنفرانسی سەرانی ئۆپێک لە جەزائیر بە ئامادەبوونی نوێنەری سێزدە وڵاتی ئەندام لە ڕێکخراوەکە بەسترا. لەم کۆنفرانسەدا بە هاوکاری سەرۆکی وڵاتی خانەخوێ هەواری بومیدیەن ڕێککەوتننامەیەکی سیاسی سەربازی لەنێوان سەددام حسێن جێگری سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێراق و محەمەد ڕەزا شا پەهلەوی ئێران واژووکرا، ئەنجامی ڕێککەوتننامەکە ئەوە بوو ئێران یارمەتیی ئێراق بدات لە ئابلۆقەدانی شۆڕشی کورد، سنوورەکانی لەگەڵ ئێراق بپارێزێت و چیتر دەست لە کێشە ناوخۆییەکانی ئێراق وەرنەدات، لەبەرانبەر دەسبەرداربوونی ئێراق لە چەند زەوییەکی شط العرب بۆ ئێران و گەڕاندنەوەی سنوورە ئاوییەکانی هەردوو وڵات بۆ ڕێککەوتننامەی قوستەنتەنییەی ساڵی 1913ی نێوان ئێران و دەوڵەتی عوسمانی.
$نسکۆی شۆڕش$
کاتێک ڕێککەوتننامەی جەزائیر ڕاگەیەنرا، سەرۆک مستەفا بارزانی بە شاندێک، لەسەر داواکاری شای ئێران، سەردانی تارانیان کردبوو، لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە، موحسین دزەیی لە تارانەوە نێردرایە حاجی ئۆمەران، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی شۆڕشدا ئەنجام بدات و دواین پێشهاتەکانیان پێڕابگەینێت. نیوەڕۆی 8ی ئاداری 1975 موحسین دزەیی گەیشتە حاجی ئۆمەران و کۆبوونەوەیەکی سازدا، نێردراوەکەی بارزانی بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند کە ڕژێمی پاشایەتی ئێران بڕیاریداوە لە 1ی نیسانەوە سنوورەکانی دابخات و ئامادەنییە چیتر یارمەتیی شۆڕش بدات، سەرۆک بارزانی داوای کردووە ئەندامانی سەرکردایەتی بڕیار بدەن، لەوەی ئاوارەی ئێران ببن، یان درێژە بە شۆڕش بدرێت.
زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ ئەوە بوون لە ڕێگەی شەڕی پارتیزانییەوە درێژە بە شۆڕش بدرێت و خۆیان ڕادەستی هیچ لایەک نەکەن. موحسین دزەیی ڕۆژی 9ی ئادار گەڕایەوە تاران، بڕیار و پێشنیارەکانی کۆبوونەوەکەی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند، هەمان ڕۆژ لە ڕێگەی دەزگای بێتەلی نووسینگەی پارتی لە تاران وەڵامی سەرۆک مستەفا بارزانی بۆ حاجی ئۆمەران نێردرایەوە و پاڵپشتی پێشنیاری سەرکردایەتی پارتی کرد بۆ بەردەوامیدان بە شەڕی پارتیزانی.
دوای گەڕانەوەی محەمەد ڕەزا شا لە جەزائیر، لە ڕێکەوتی 11ی ئاداری 1975 لەگەڵ شاندی سەرکردایەتی شۆڕش لە تاران کۆبوونەوە، شا بەوە پاساوی بۆ ڕێککەوتنەکە هێنایەوه، کە ناچاربووم بەرژەوەندی وڵاتەکەم پێش بەرژەوەندییەکانی تر بخەم، وەک چۆن ئێوەش لە خەمی بەرژەوەندی خۆتان ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 تان لەگەڵیان مۆرکرد.
لە ڕێکەوتی 12ی ئادار سەرۆک مستەفا بارزانی و شاندی یاوەری گەڕانەوە حاجی ئۆمەران، هەمان ڕۆژ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی سەرکردایەتی حزب ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری بەردەوامیدان بە شەڕ درا. ڕۆژی 13ی ئادار دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، کۆبوونەوەیەکی فراوانتر لەلایەن سەرۆک مستەفا بارزانییەوە ئەنجام درا، سەرکردە سەربازییەکانی ناوچەکە، کەسایەتییە سیاسییەکان و کادیرە پێشکەوتووەکانی حیزبیش تێیدا بەشدار بوون، بڕیاردرا ناوچەکانی شۆڕش بەسەر چەند کەرتێکدا دابەش بکرێن و هەر کەرتێکیش سەرکردەیەکی مەیدانی تایبەتی بۆ دابنرێت، هەروەها بۆئەوەی باری سەرشانی شۆڕش سووک بکرێت و ژمارەی پێشمەرگەی هێزەکان کەم بکرێنەوە و ڕاشگەیەنرا هەر کەسە ئازادە لەوەی بچێتەوە ئێراق و بەر لێبووردنی گشتی بکەوێت، یان وەک پەنابەر ڕووبکاتە ئێران، یاخود لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش بمێنێتەوە و لە شەڕکردن بەردەوام بێت، زۆربەی ئەو کەسانەی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون بڕیاری مانەوەیان دا.
دوای بڕیاری بەردەوامیدان بە شۆڕش، لە ڕێکەوتی18ی ئادار ژەنەڕال مەنسوور پوور نوێنەری محەمەد ڕەزا شا، هاتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش و لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆبووەوە. مەنسوور پوور دوا بڕیاری شای لەبارەی شۆڕشەوە هێنابوو، بە سەرکردایەتی شۆڕشی ڕاگەیاند ئەگەر لە شەڕکردن بەردەوام بن ئەوا ڕێگە بە هێزە سەربازییەکانی ئێراق دراوە بۆ لە ناوبردنی شۆڕش بێنە ناو خاکی ئێرانەوە، هێزەکانی ئێرانیش ئەگەر پێویست بکات یارمەتییان دەدەن. ڕۆژی 18ی ئادار لەلایەن سەرکردایەتی شۆڕشەوە بڕیاری کۆبوونەوەیەکی بەپەلە درا. لە و کۆبوونەوەیەدا کە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی تێیدا بەشدار بوون، سەرۆک مستەفا بارزانی بۆچوونی خۆی بە ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە ڕاگەیاند، ئەویش بۆ ماوەیەکی کاتی شەڕ ڕابگیرێت و لەکاتێکی لەبارتردا دەست پێبکرێتەوە، دوای گفتوگۆکردن لەبارەی سەرجەم بارودۆخەکە لەگەڵ سەرکردە سەربازی و کەسایەتییە حیزبی و سیاسییەکان، گشتیان پێشنیارەکەی سەرۆک بارزانییان پەسەند کرد. ئەوەبوو تا ڕێکەوتی 25ی ئادارای 1975، بەشی هەرەزۆری سەرکردایەتی شۆڕش، پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون و ژمارەیەکی زۆریش بەر لێبووردنی گشتی کەوتن و لە کوردستان مانەوه، دواتر بۆ باشووری و ناوەڕاستی ئێراق ڕاگوێزران.
[1]