$فرەژنیی هاوەڵانی پێغەمبەر لەکوێدا جێبکەینەوە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بۆئەوەی لەم باسە زۆر فەرعییە تێبگەین دەبێت بڕۆینەوە بۆ ئەسڵ و ڕۆحی قورئان و کەشف کردنی مەشیئەتە ئیلاهییەکە لە کۆی پەیامەکەی قورئاندا.
لەمەسەلەی ئەوەی بۆچی زۆرینەی هەرە زۆری سەحابییەکان زیاد لە ژنێکیان هەبووە ئەمە دیاردەیەکی تەواو کۆمەڵایەتیی ئەو ڕۆژەی کۆمەڵگای نیمچەدورگەی عەرەبی بووە نەوەک سونەت و واجباتێکی دینی بووبێت و ئەوان بەجێیان هێنابێت. قورئان هاتووە چوارچێوەیەکی زۆر دیاریکراوی بۆ درووستکردووە تا واز لەو زیادەڕۆییە بهێنن کە پێشتر لە تەعەدودی ژندا کردوویانەهەیانبووە زیاد لە سی ژنی هەبووە. بە قەولی دکتۆر مستەفا زەڵمی هەدەفی قورئان لەو ئایەتانەدا کەمکردنەوە و یەک ژنییە تقلیصە نەوەک فرەژنیی تعدد. لە تەرازووی قورئاندا ژنیش وەک پیاو بەنی ئادەمە و هەموو ژنێک هێندەی پیاوێک خاوەن کەرامەت و مافە، مافی ژیانێکی سەربەخۆ و سەربەرزانەی هەیە وەک پیاو بەبێ هەڵاوێردی زانایان:
إِنَّ الْمُسْلِمِينَ وَالْمُسْلِمَاتِ وَالْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ وَالْقَانِتِينَ وَالْقَانِتَاتِ وَالصَّادِقِينَ وَالصَّادِقَاتِ تاکۆتایی ئایەتەکە.
ژن و پیاو لە کەرامەتی مەعنەوی و ماددییاندا یەکسانن، ڕۆحی قورئان دژی زوڵم و ناعەدالەتییە، دیارە لەمەسەلەی فرەژنیشدا بەدڵنیاییەوە کەمکردنەوەی زوڵم و ناعەدالەتی بۆ سفر ۆ ژنی یەکەم هێندەی مەحاڵ نەکردەیە.
$زۆرینەی هاوەڵانی پێغەمبەر زیاد لە ژنێکیان هەبووە ئەی بۆچی ئێمە نەمانبێت؟$
ئەو کەسانەی دەڵێن زۆرینەی ئەسحابی پێغەمبەر زیاد لە ژنێکیان هەبووە بۆچی ئێمە نەمانبێت پێ بزانن یا نەزانن خراپترین جۆری هەڵەی مامەڵەکردنی مەنهەجی دەکەن لەگەڵ قورئاندا. زۆر ڕۆچوون لە بابەتی سەبەبی نزول ئایەت وادەکات مامەڵەی مێژوویی لەگەڵ قورئاندا بکرێت. ئەمەش دژ دێتەوە لەگەڵ ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت قورئان زەمەنبڕ و جوگرافیابڕە و بۆ هەموو کات و شوێنێک هاتووە.
دیارە مامەڵەکان لەگەڵ قورئاندا جیاوازن، خراپترین جۆری مامەڵەش مامەڵەی مێژووییە لەگەڵیدا؛ لەوەش خراپتر مانەوەیە لە قیل و قالی ئەو میژوەدا. ئەمە وادەکات بڵێیت مادەم فڵان کەس پێش هەزار ساڵ وایکرد منیش وادەکەم. ئەم باسە پەیوەندی بە ئیمانەوە نییە، باسێکی تەواو کلتوریی و شوناسییە. کاتێک مێژوویەک کە هەڵگری شوناسێکی گۆڕاوی دیاریکراوە بە خۆی و تۆ دێیت و دەتەوێت بیگوازیتەوە بۆ هەزار ساڵی دواتری جوگرافیایەکی دیکە جگە لە ئیجحاف و خودنامۆیی شتێکی دیکە بەرهەم ناهێنێت. عەقڵییەتی سەلەفی جیهادی و#داعش# نموونەیەکی بەرجەستەی ئەم جۆرەن لە جیهانبینی و بیرکردنەوە.
گەر ئارگیومێنتەکە ئەوەیە هاوەڵانی پێغەمبەر زیاد لە ژنێکیان هەبووە، من دەپرسم خۆ هاوەڵانی پێغەمبەر ص مولکی یەمین و کۆیلە و کەنیزەکیشیان هەبووە، بۆ جەنابت ئێستا نیتە؟ دیارە دەڵێیت قورئان قەدەخەی کردووە، قسەکەت ڕاستە، بەڵام لەدوای قەدەخەکردنی کۆیلە و کەنیزەک دەیان سەحابی هەبوون هێشتا هەر پارێزگارییان لە کۆیلەکانیان دەکرد. هاوسەرگیریی خاتوو ماریەی قیبتی لەگەڵ پێغەمبەر نموونەیەکی بەرچاوی ڕزگارکردنی کەسێکی وەک ماریەیە لە کۆیلایەتیی کە عەیبە بووە لەو ڕۆژەدا کەس کۆیلە بخوازێت، پێغەمبەر خۆی بەو مارەبڕینە ئەم حەرامە کۆمەڵایەتییەی شکاند. خەلیفەکانی ئەمەوی عەباسی و خانەدان و تەنانەت مەلا و موفتییەکانیشیان، دواتر سوڵتانەکانی عوسمانیش دواتر وەک عورفێکی جاهیلی هەر پارێزگارییان لەم عەبد و کەنیزەکانەیان دەکرد لە حەرەمسەراکانیاندا.
ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە ڕۆحی قورئان دژی زوڵمە، کەنیزەک و مولکی یەمین و عەبد دژی ڕۆحی قورئانن چونکە زوڵمی بۆ لایەنێک تێدایە. مەسەلەی فرەژنیش مەسەلەیەکی هەر لەم جۆرەیە، لەوانەیە بڕی ئەو زوڵم و ناعەدالەتییەی لە ژنی یەکەمی پیاوێکی دووژنە دەکرێت کەمتر بێت لە زوڵمەی لە کەنیزەکێک دەکرێت، بەڵام دواجار زوڵم ڕێژەیی ناکرێت و زوڵم هەر زوڵمە، کەم و زۆری نییە، ئەمەش دژی ڕۆحی قورئانە.
قورئان لەژینگەیەکی دواکەوتووی بەدەویی وەک نیمچەدورگەی عەرەبیدا هاتووە، زۆریش خاتری گرتووە، نەیتوانیوە بارودۆخی ژینگەکە لەبەرچاو نەگرێت و خێرا بڵێ شتێک حەرامە تا وازی لێبهێنن، تەماشای ئایەتەکانی عەبد ڕزگار کردن و شەراب خواردنەوە بکە چۆن هەنگاو بەهەنگاو کار لەسەر لادانیان کراوە. زۆرجاریش هەبووە بەگوێرەی کلتوورەکە جوڵاوەتەوە و خاتری گرتووە تا کەشی گونجاو ڕەخساوە بۆ ئەوەی دیاردەیەکی خراپی ئەو ژینگەیە بە تەدریج لابدات. بەڵام لەمەسەلە عەقیدەیی و ئیمانیی و جیهانبینییەکاندا زۆر سەریح و خێرا جوڵاوەتەوە، هەرگیز دوخوایی، شیرک، زۆڵم، خوایەتی پیاوان و خانەدانانی قورەیشی قەبوڵ نەبووە و یەکسەرە و بێموجامەلەکردن ڕێککەوتن لەگەڵیان دژیان وەستاوەتەوە، گەر پێویستیشی کردبێت لەم ڕێگایەدا بۆ لادانی شەڕیان لەسەر فەزای گشتیی شەڕیشی بەرپاکردووە، ڕۆحی قیتال لە مێژووی ئیسلامدا شتێکی زیاتر لەمە نییە. لە خوایەتی خستنی ئەوانەی خۆیان بە خوا دەزانن.
$ڕۆحی قورئان چی دەڵێت؟$
ئیسلام بە حوکمی تەدریجی بوونی نزولی وەحیەکەی و تەدریجی بوونی پێودانگییە شوناسی وئەحکامەکانی، ڕەنگدانەوەی مێژوو و کۆمەڵگاکەیەتی، ئیسلام پێچەوانەی یەهودییەت کە بەیەکجار ئەلواح درایە موساو پێیان وت لەسەر ئەم دەستورە بڕۆ قەومەکەت هیدایەت بدە بەش بەش و بچڕ بچڕ بە گوێرەی ئامادەیی و ئیستیعدادی خودی پێغەمبەر کومەڵگاکە دادەبەزێت.
قورئان بە حوکمی تەدریجیول نزولەکەی خۆی لە خۆیدا کۆمەڵگا پەروەر و سیاسەتپەروەر و فیرقە پەروەرە، ئەمەناکاتە ئەوەی بڵێین پێغەمبەر د.خ سیاسیی بووە یا قورئان پەڕتووکێکی سیاسەت و تیوریای سیاسییە، نەخێر؛ بەڵام بەحوکمی دەستوپەنجە نەرمکردنی ڕاستەوخۆی وەحی و خودی پێغەمبەر د.خ لەگەڵ کۆمەڵگادا ئیسلام وەک دینێکی خاوەن شوناسێکی بەهێز هاوشانی جیهانبینییە ئیمانییەکەی شوناسەکەشی خۆیشی سەلماند، هەر ئەم دەمج بوونە سیاسییە-کۆمەڵایەتییەشێتی وایکردووە پێچەوانەی دینێکی وەک کریستیانەت ئەم زیاتر ڕۆبچێتە نێو کێشە و ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگا، فیرقەی زۆری تێدا درووستبێت. پێغەمبەر د.خ خۆی زۆر بە ڕوونی ئەمەی دەدی و دەیزانی بەکوێش دەگات. ڕاستە کەلامی خودا لە قورئانداڕادەستی فەزای دەرەکی نابێت بەڵام وەک کریستیانەتیش نییە نادیدەی بگرێت و حیسابی بۆ نەکات. زۆرینەی ئایەتەکانی قورئان لەباسی یسئلونک و وەڵامدانەوەکانی بە قُل: پێیان بڵێ دەرخەری ڕاستیی پرۆ سیاسیی بوون و پرۆ کۆمەڵگایی بوونی قورئانن. جگە لە ئایاتی ئەحکامی نێو مەدینە و ناسنامە ئیسلامییەکەی کە زۆر بە ڕونی جارێکی دیکە ئەم ڕاستەییە دەسەلمێننەوە.
زیاد لەمانەش گەر تەماشای ئایەتگەلێکی وەک ئایەتەکانی سوورەتی الواقعە بکەین لەباسی وەسفکردنی بەهەشت چۆن حیساب بۆ، کلتوری ئەو ڕۆژەی بیاباننشین وئەهلی بەدوو دەکات زیاتر تێدەگەین قورئان بە چ میتۆدێک کاری کردووە لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئەوڕۆژی نیمچەدورگەی عەرەبیدا، لە وەسفی ئەو بەهەشتەی بۆ ئەسحابی یەمین ئامادە کراوە قورئان دەڵێت: [فی سدر مخضود، و طلح منضود داری تەڵح و سیدریان بۆ ئامادە دەکرێت، ئەم دارانە دوودارن لە لە بیابانی حیجازدا دەڕوێن بەرێکی شیرینیان هەیە و خۆشیان دڕکاوین، و ظل ممدود، سێبەری درێژ کراوەیان بۆ ئامادەکراوە دیارە سێبەر چەندە شتێکی گرنگە بۆ کەسێکی بیاباننشین، بەڵام بۆ کوێستاننشینێک سێبەر مانای نامێنێت، ئەم ئایەتە بۆ نزیککردنەوەی تێگەیشتنە لە خۆشییەکی بەهەشت بۆ بیاباننشینێک، و فاکهة کثیرة میوەگەلی زۆر ... تا کۆتایی ئایەتەکان] ئەم بایەتانە دەرخەری ئەو حیسابکردنە کلتوورییەن قورئان بۆ کلتور و کۆمەڵگای ئەو ڕۆژەی دەکات. گەر پێغەمبەر لە شارێکی وەک ڕۆما بهاتایە هەرگیز ئایاتی وەسفی بەهەشت وەک ئایاتی سوورەتی واقیعە نەدەبوون، لەبری باسی سێبەر و ڕەشماڵ و ڕوبار و ئاو و سەرین و ڕاکشان لەسەر شێوازی ڕاکشانی بەدەوییەکان، باسی لە عەرش و گلادیاتۆر و قەڵای بەهێز و کشتوکاڵی دەکرد. [1]