دەقی پەیامەکەی محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک #جەلال تاڵەبانی#:
بەڕێزان سەرنووسەرو ڕۆژنامەنووس و ستافە دڵسۆزەکەی ئێستاو پێشووی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)
بەبۆنەی ساڵڕۆژی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ-وە، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبای-یتان ئاراستە دەکەین؛ بە ھیواین هەمیشە لەم کاروانە سەنگینەدا بەدیدو تێڕوانی سەرۆک (#مام جەلال#) تین و تاو بە مەشخەڵی داگیرساوی ڕۆژنامەکەتان بدەن؛ لە بواری گەشەسەندنی کاروانی ڕۆژنامەنوسیدا خزمەتی زیاتر بە ئازادی ڕۆژنامەگەری بکەن و سەکۆی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان بن.
ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ وەک یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانەی کوردی دوای ڕاپەڕین و سەردەمی ئازادی خزمەتێکی گەورەی بە بواری مەدەنی و گەیاندنی دەنگە جیاوازەکان لە کۆمەڵگە کردوەو بەکارەکانی لە بواری خۆیدا؛ کەلێنێکی گەورەی لە پێگەیاندی هزرو ڕۆشنبیری تاکی کورد پڕکردۆتەوە و بۆتە زانکۆیەک بۆ پێگەیاندی چەندین ڕۆژنامەنوس و نوسەر و ڕاگەیەندکار کە ئێستا لە ناوەندە زانستییەکاندا خزمەت بە نەوەکانی ئایندە دەکەن.
یەکێک لەوشانازیانەی لەتەمەنی خۆیدا بەر ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دەکەوێت؛ ئەوەیە کە ئەم ڕۆژنامەیە سەکۆیەکی بەرفراوان بووە بۆ ڕۆژنامەنوس، ئەدیب، نوسەر ڕۆشنبیرو ڕووناکبیری کورد کە لێرەوە تواناکانی خۆیان بەرجەستەکردوەو بە خوێنەری کوردیان ئاشناکردوە.
ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ لە سەردەمی ڕاپەرینەوە تا ئەم سەردەمە دانەبراوە؛ بەردەوابووە لە خزمەتکردن بە ڕەوتی ڕۆژنامەنوسی لە کوردستاندا، لە تەمەنی پڕ خزمەت و شکۆی خۆیدا، ئەم ڕۆژنامەیە بە کارامەیی و دڵسۆزی ڕۆژنامەنوس و ستافە ماندونەناسەکەی، خزمەتێکی بەرچاویان بەکاروانی ڕۆژنامەگەری کوردی کردووە، بێشک ئەمەش جێگەی شانازی هەمووانە.
بەو هیوایەین لەم سەردەمی ماس میدیایەو پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، زیاتر لە جاران بە دیدی نوێوە خزمەت بە خوێنەرانی کورد لە ناوەو دەرەوەی وڵات بکات.
هەرشادو سەرفرازبن…
باڵیۆز د.محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!