$تا هەین مردن نییە، کە مردین ئیتر ئێمە نین!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
وادیارە ئێمە تاکە بوونەوەری نێو ئەم گەردوونەین لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا خاوەنی ئاگاهی بین، ئاگاهیمان بۆ خۆمان و دەوروبەر و هاوچەشنەکانیشمان هەیە، ئەوەی وایکرد ئێمە بمێنینەوە و بگەین بەم ڕۆژە، ئەو دیاردە سەیرە بوو کە جیای کردینەوە لە زیندەوەرانی دیکە:
گیانلەبەرانی دیکە گەر یەکێکان لاقێکی بشکایە دەبوو بەو شکانەوە بناڵێنێ و بەشوێن خۆیدا ئەو لاقە ڕاکێشێت تا ئەوەی ئەم قاچە شەلە بە تەواوی دەبوو بە بار بەسەرییەوە و لە دەستخستنی قوتی ڕۆژانە و خواردندا کێشەی بۆ درووستدەکرد، دواجار هەوکردن و ئازار پەکی دەخست، بڕەستی لێ دەبچڕی و لەڕ دەبوو، لە ڕەو و گەلەکەی دادەبڕا و بەهۆی ئەم شکانەوە یا دەبوو بە نێچیری دڕندەکان یان گیانی لەدەستدەدا. بەڵام مێژوو دەڵێت چیرۆکەکە لای ئێمە زۆر جیاواز بووە، گەر یەکێک لە ئێمە لاقێکی بشکایە ئاگاهییەکەمان بۆ ئازارەکانی ئەو هاوچەشنەی خۆمان کارێکی دەکرد تا بیبەینەوە ئەشکەوت یا کوخەکەمان و خزمەتی بکەین، لەبری ئەو ڕاو بکەین و خواردنی بۆ بهێنینەوە، تەداوی برینەکەی بکەین، خزمەتی بکەین و پشوی پێ بدەین و نەهێڵین بمرێت. ئەم ئاگاهییە وایکرد ئێمە بمێنینەوە، زاڵ بین و بگەینە ئەوەی کە ئەمڕۆ هەین.
بەڵام ئاگاهی هەمووی خێر و بەرەکەت و چاکە نەبووە بۆ مرۆڤ، بە قەولی ئەلبێر کامۆ: مرۆڤ بە ئاگایە لە ڕابردووی و لە ئەگەرەکانی داهاتووی. ئەم ئاگاییە وەک شتێکی دەرەکییە بۆ بوونەکەی. کەوابوو بوون و ئاگاهی وەک دوو پارادۆکس دەردەکەون. ئاگاهی لە تەمەنە کورتەکەمان، لەوەی بێ مەیل و ویستی خۆمان هاتووین و بێ ویستی خۆشمان دەبێت بڕۆین، دەرکی ئەوە دەکەین کە دەبێت عەزیزانمان بەبەرچاومانەوە بڕۆن، یان خۆمان بەبەرچاوی عەزیزانمانەوە بڕۆین. بەدەرکین بەرانبەر تەنیاییە قووڵەکانمان ئەگەر چی لەنێو ئاپۆڕاو و شەقامە قەرەباڵخەکانیشدا بسوڕێینەوە، ئاگاهیمان هەیە بەرانبەر دەرگیربوونەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگا و سرووشتەکەی دەوروبەری، ئەم هەموو بوونە لێکترازاو و لێکدوورە یەکێتی و یەکبوونی بوونەکەی ئێمە پەرت و هەپرون بە هەپرون دەکەن، زۆرجار وجودەکەمان بۆ زیندانێکی تەحەمولنەکراو دەگۆڕن. گەر بێتو بە جۆرێک خۆمان لەم زیندانانە ڕزگار نەکەین، لەگەڵ دونیا و مرۆڤەکانی دەرەوەدا تەلی سازەکەمان کۆک و یەک نەخەین دەبێ چاوەڕوانی شێتیبوون حەتمی خۆمان بکەین. شیزۆفرینیا لە سادەترین مانایدا پەرتبوونی دۆخی ئاگاهی کەسێکە کە ناتوانێت لینکی نێوان خۆی و ڕوودا و دیاردەکانی دەووروبەری سەرڕێبخات.
ئاگاهی پێمان دەڵێت هیچ یەکێک لەئێمە حەزی لە مردن نییە،
ترس لە مردن وەک هەموو ترسە سرووشتییەکانی دیکە قابیلی ئەوە نین لایانبدەین و نەیانهێڵین، کەسیش ئەوەی لە ئێمە نەویستووە، وەک ترس لە نەخۆشکەوتن ترس لە ئابڕووچوون ترس لە فەقیربوون ترسیش لەمردن ترسێکی سرووشتییە بەدەلیلی ئەوەی هەزار ڕەنج ئەکێشین بۆ ئەوەی نەمرین.
گەر بەو شێوەیە بوایە کە هەندێ شیعر و شانامە بۆ لەززەت و خۆشییەکانی مردن و پاش مردن دەهۆننەوە بەم قاڵبەی ئێستا و پێان وایە خۆشییەکانی پاش مردن لە هەمان قاڵبی ئێستادا بەدەیان قات زیاتر دێنەوە ڕێمان، ئەوا دەبوو ئەو لەززەتە وایان لێبکات خۆیان بکوژن تا بەو خۆشییانە بگەن. ئاگاهی ئێمە ڕێگرە لەوەی خۆکوژی بکەین، هەر ئەم مۆتەکەیەی ئاگاهییەیە وایکردووە تێنەگەین پاش مردن لەچ فۆڕم و نەخشە و پلانێکدا سەر دەردێنینەوە، ئەم دیواربەندەی جەستە بەهەموو لەززەت و ناڕەحەتییەکانییەوە چۆن و لە چ فۆڕمێکدا سەردەردێننەوە . بەڵام ئەوەندە هەیە ئاگاهییەکەمان پێمان دەڵێت ژیانی پاش مردن بەم جۆرەی ئێستا و لانی کەم بەم ئاگاهییەی ئێستاوە نییە و نابێت.
دکتۆر ئیقباڵی لاهوری پێی وایە پاش مەرگ جۆرێک لە خود یان جۆرێک لە ئاگاهی لەگەڵ ئێمە دەمێنێتەوە، ئێمە نازانین ئەم ئاگاهییە ئێمەو جەستەکەمانە یان نەخێر فۆرمێکی باڵاترە لە جەستە ئاگاهی ئێمە، ئەو ناوی دەنێت خود، ئێمە ناتوانین بزانین لەوە بگەین ئەو خودە ئاگاهە چۆنە!
بە دڵنیایی پاش مەرگ ئێمە ناچینەوە بۆ عەدەم و لە بەحری خودا دا ناتوێینەوە، دیارە ناشگەڕێینەوە بۆ ئەم دونیایە و ئەم فۆڕمەی کە لێی بووین، دەقیق وەک چۆن منداڵێک پاش فێربوونی خوێندەواری ناگەڕێتەوە بۆ نەخوێندەواری ئەگەر چی ئیرادەشی بکات، ئێمەش بەهەمان شێوە ناتوانین بگەڕێینەوە ئێرە.
شا وەلیوڵای دەهلەوی مامۆستای مەولاناخالید ڕستەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە و دەڵێت: مانەوە و ئەبەدییەت خلود مافێکی ئێمە نییە، بەڵکوو لوتفێکە خودا لەگەڵمان دەیکات. گەر ئاگاهییەکەمان لێرە بە کەماڵێک نەگەیشتبێت ئەوا لەوێش نامێێتەوە، لای دکتۆر ئیقباڵ حەشر و نەشر بۆ ئەو ڕۆحانەیە کە لە دونیادا بە کەماڵی ئەوە گەیشتوون بمێننەووە، وادیارە ئیقباڵ ئەم دەستەواژەیەی لە شا وەڵیوڵاهەوە وەرگرتوە، چونکە ئەویش زۆر پێی سەرسام بووە و بە شێخی خۆی داناوە.
لەژێر ڕۆشنایی ئەم قسانەی ئیقباڵ و شا وەلیوڵا دا دەشێت بڵێین کەسانێک دەمێننەوە کە شیاوی مانەوەن، ئاگاهییەک گەر لێرە کاری بۆ مانەوە نەکردبێت لەوێش نامێنێتەوە، ئاگاهییەک مانەوەی وەک دەغدەغەی خۆی تەماشا نەکردبێت شیاوی مانەوە نییە، کەسانێک توانای مانەوەیان هەیە کە بەرگەی مانەوە بگرن، خۆیان و ئاگاهییەکەیان تەنیا وەک ئەو چەند پارچە ئێسک و کارلێکە کیمیاییە نەدیبێت کە تاقیگە و لابۆرەکان پێان وایە هەر ئەوەندەیە، لە کۆتایی تەمەنیدا ڕۆژنامەنووسێک سەبارەت بە مانەوەی پاش مەرگ لە دکتۆر زیگمۆند فرۆید دەپرسێت:
-ڕۆژنامەنووس: چۆن لەناوبانگ تێدەگەیت؟
-فرۆید: ناوبانگ تەنیا دوای مردنمان بۆ دێت و بە ڕاشکاوی ئەوەی دواتر دێت خەمی من نییە. من هیچ ئاواتێکم بۆ شکۆی دوای مردنم نییە.
-ڕۆژنامەنووس: ئایا ئەمە بۆ تۆ مانای نییە کە ناوت زیندوو بمێنێتەوە؟
فرۆید: بەهیچ شێوەیەک! تەنانەت ئەگەر زیندووش بمێنێتەوە، ئەمە جێگەی دڵنیایی نییە، من زۆر زیاتر حەزم بە چارەنووسی منداڵەکانم هەیە، هەستی خۆپەرەستییە وادەکات ئێمە دووبارە بێینەوە لەهەمان بازنەی سەدبارەبووەوەدا بخولێینەوە.
لێرەدا بەڕوونی جیاوازی نێوان مەکتەبە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاواییەکان سەبارەت بە مەرگ و مانەوە دەردەکەوێت. نزیکترین کەس کە توانیبێتی نزیک لەو بۆچونەی ئیقباڵ بیربکاتەوە سەبارەت بە مەرگ لە ڕۆژاوادا، مارک تواینە کە لە پەڕتووکی هەڵپەی شەیتاندا پێی وایە ترس لە مردن هەمان ترسە لە ژیان، کەسێک ژیانەکەی مانادار بێت، یان ئاگاهییەکەی مانادار بێت کەمتر لە مەرگ دەترسێت.
بەقەولی مەحوی دەبێ لێرە شوێنی خۆی و بەهەشتەکەی خۆی دیبێت:
لە دونیا جەنەتی خۆ دیوە هەرکەس// کەتۆبی حازری وەختی وەفاتی
بەهەشت و دۆزەخی پاش مەرگ ناشێت دوو شوێن بن، ئەو ئایەتانەشی لەقورئاندا هەن سەبارەت بە بەهەشت و دۆزەخ تەنیا مەجاز و مێتافۆر و سیمبۆلن بۆ تێگەیشتن لەو دۆخ و حاڵانەی کە ئاگاهی و ڕۆحی مرۆڤ لێرە هەر لەم دونیایە تێیدەکەوێت. ئەحمەدی موفتیزادەش پێی وایە بەهەشت و دۆزەخ بەو جۆرە ماددی و ماتریالیستیکییە نین کە ئێمەیان لێ پڕکردووە. دکتۆر ئیقباڵ دەڵێت بەهەشت و دۆزەخ دوحاڵەتن لە حاڵەتەکانی ئاگاهی و ڕۆحی مرۆڤ، کە مرۆڤ دەشێت هەر لەم دونیایە و پێش مردنی پێیان بگات. هەرکەسێک بەهەشت یا دۆزەخی خۆی هەر لەم دونیایە لەگەڵ خۆی دەبات و بۆ ئەبەدییەتی هەڵدەگرێت.
ئاگاهی ئاوێنەی بوونی مرۆڤە، چەندە ئاگاهی مرۆڤیش فراوان بێت ئەوەندەش بوونەکەی فراوانترە، مردنیش ئاوێنەی ئەم ئاگاهیەیە، کەسی ئاگا ئاگایانە و، کەسی بێئاگاش بێ ئاگایانە دەمرێت، کەسی عارف عاریفانە و کەسی جاهیلیش جاهیلانە دەمرێت. [1]