$ئایا هێزە ئەمنییەکان برامانن؟ دووقسە دوور لە عاتیفە$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لەسەرووبەندی خۆپیاشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانیی و پەلاماردانیان لەلایەن پۆلیس و ئاساییش و سیخوڕەکانی سیستمەکەوە و شکاندنی حەرەمی زانکۆ، لێرە لەفەیسبووک دووجۆر بیرکردنەوە سەبارەت بەهێزە ئەمنییەکان لەلایەن هەندێ لە هاوڕێیانمەوە دەنووسرێن. بەشێکیان پێیان وایە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان بەڵتەجیی و جەللادن بەشێکی دیکەیان دەڵێن نەخێر ئەوانیش وەک ئێمە قوربانیی دەستی سیستمەکەن.
من پێم وایە لەم مەسەلەیەدا دەبێت زۆر کۆنکرێتی و بێلایەن بیر بکەینەوە. فیکرسەنتەر و لۆجیکیی بین، بۆ قەزاوەتێکی عادیلانەی لەم شێوەیە نابێت بکەوینە داو و کەپکە زۆر و کاتییەکانی سۆز و هەوا و عاتیفەی کۆمەڵایەتییەوە.
واز لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی و ناعەدالەتیی بێنە، عەسکەر و هێزی ئەمنیی و پۆلیس و چەکبەدەست و تێڵاوەشێن لە سویسراو و بەڕیتانیاش هەرگیز کوڕی میللەت نەبوون و نین و ناشبن، ئەوان پارێزەری سیستەمێکی دیاریکراون، سیستمەکە جا باش بێ یا خراپ، چاکەیان پێ بکات یان خراپە، ئەوان تەنیا ئەرکدار کراون بە بەجێهێنان بە بێ ئەوەی دیسپلینە سەربازییەکە بواری پرسیارکردنیان بۆ بەجێبهێڵێت، ئەم مەسەلەیە مەسەلەی ڕق و خۆشەویستیی نییە، خزم خزمێنە و برابەشێنە ناتوانێت لەم مەسەلەیەمان بگەیەنێت، گەر خەڵک یەکجار تیبگات ئیدی هەمان سوڕی ژیانی 17ی شوباتەکان بە فۆڕمی جیاواز لێرە و لەوێ ڕووناداتەوە.
ئەو پۆلیسەی ئامادە نابێت فەرمانی سەرو خۆی جێبەجێ بکات ئەوە لە سیستم لایداوە و دیارەجێی نابێتەوە تێیدا. مەسەلەکە مەسەلەی لۆجیکی ئیتاعە و بەجێهێنانی فەرمانە لای ئەوان. ئەوان نەک هەرموکەلەفن بە ئیتاعەتکردن، بەڵکوو لۆجیکی ئیتاعەتکردن دەبێتە بەشێک لە ژیانیان، گەر سیستمەکەش دەجار قڵپ بێتەوە و بگۆڕێت کارەکەی ئەوان لەسەرکوتکردنی دژەکانی سیستم و پارێزگاریکردن لێی هەر ناگۆڕێت.
من پێم وایە ئەوان ئیشەکەیان بەو جۆرەیە نەک خۆیان کەسانی باش یان کەسانی خراپ بن، شتێکمان نییە بەناوی پۆلیسی باش و پۆلیسی خراپ، ئەوەی هەیە سیستمی باش یان سیتسمی خراپە.
خەڵێکێک جاروبار هاواری لێبەرز دەبێتەوە ئەوان بە بڕاو کەسی خۆی دەزانێت کە ئەمە کوشندەترین جۆری بیرکردنەوەیە سەبارەت بەوان، چونکە کاتێک ئەوان لە ئەرکدان پارێزگاریی لە سیستم دەکەن و فەرمانی سەروو خۆیان وەک بەشێک لە ژیانیان بەجێدەهێنن، هەرگیز نابنە براو کەسی ئەمان.
یەکجار بە فیکر ئەمە چارەسەر بکرێت ئیدی ئەم سوڕە بێ مانایەی بگرە و ولێدە و سەرکوتکە تەواو دەبێت. هێزی ئەمنیی کاتێک لە ئەرکدان دۆست برا و خزمی کەس نین، ئەوان پاسەوانی سیستمن، جا گەر سیستمە عادل و مرۆڤدۆست و ژینگە دۆست بێت ئەوا بە پەڕاندنەوەی قاز و مراویی سەر شەقامە قەرەباڵخەکانەوە سەرقاڵ دەکرێن وەک ئەوەی نیوزلەندا، گەر سیستمەکەش تۆتالیتار و سەرکوتکەر و ناعادل بێت ئەوا بە شەق لە کچێکی هەژدەساڵەی بێدەسەڵات دەدەن. هێزی ئەمنی ئاوێنەی دەسەڵات و سیستمی شوێنەکەیەتی.
جا تەماشای ڕێژەی تێگەیشتن و دونیابینی کەسێک بکە کە لە بۆنەی جیاواز و عاتیفییدا موغازەلەی تایفەیەکی موتیعی لەم شێوەیە بکات و ئەو شیعرەی بۆ عەشیقەکەی بۆی نایەت بۆ ئەمانی بنووسێت، دەبێت چ سەرگەردانیی و کارەساتێکی سرووشتیی ناهەموار لەو کەللەسەرەدا بگوزەرێت خودایە! [1]