$ڕاوە دێو!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لەسەرەتای دامەزراندنی چاپ و چاپخانە لە ئەڵمانیا و چاپکردنی هەزارن پەڕتووک و ڕۆمان و حیقایەتی ئەفسانەیی لەسەر دێو و درنج، پۆل پۆل خەڵکێکی زۆر شەوانە کۆدەبوونەوە دەیانگوت دەڕۆین بۆ ڕاوە دێو، خۆ گەر یەکێک ملەجەڕێی لەسەر نەچوون بکردایەو گومانێکی هەبوایە لەسەر بوونی دێو، خێراو و دەستودەم بەوە بێدەنگیان دەکرد ئەم شتە لە پەڕتووکدا نووسراوە چۆن دەبێت گومانی لێبکەیت.
کۆتاییەکانی سەدەی شازدە و سەرەتای سەدەی حەڤدە قۆناخی بەپیرۆز و ڕاست زانینی ئەوە بوو کە لە چاپخانە دێتە دەرەوە، هەرشتێک لە پەڕتووکدا بنووسرایە ئەوە حەقیقەت بوو جا ئەگەر ئەو شتە دێوی نێو چیرۆک و ڕۆمانە ئەفسانەییەکانیش بووبا.
حەقیقەتی چاپ بە ئەندازەیەک بوو کەجگە لەو حەقیقەتە شتێکی دیکە بوونی نەبێت. زۆری ویست تا مرۆڤایەتی تێبگات مەرج نییە ئەوەی لە چاپخانە دێتە دەرەوە میسداقیەتی دەرەکیی و ناوەکیی هەبێت و حەقیقەت بێ، دەشێ چاپخانە بە ئەندازەی ڕاستیی درۆش چاپبکات.
هاتنی تەکنەلۆژیای و بەتایبەتییش ئینتەرنێت لە کۆتایی نەوەدەکان و درووستبوونی سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا لە سەرەتای دووهەزارەکان و هاتنە مەیدانی بڵۆک چەین و کریپتۆ و ئیڤەڵوشنی بازاڕەکانی ئۆنڵاین لە دوای داڕووخانە ئابوورییەکەی 2008 هەمان حەقیقەتی چاپ و چاپخانەی سەدەی هەژدە بەبیر دەهێنێتەوە. مرۆڤایەتی لە سێبەری تەکنەلۆژیایی زانیارییدا ئەمڕۆ بەهەمان بەرزەخدا تێدەپەڕێت. ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا دەوترێت نەک هەر ڕاستە بەکو ڕاست ئەوەیە کە لە سۆشیال میدیا دەوترێت. ئەو دونیایەی بڵۆک چەین درووستی دەکات نەک هەر مەجاز نییە و حەقیقەتە بەڵکوو حەقیقەت تەنیا ئەوەیە کە بڵۆک چەین و میوەکانی درووستی دەکەن دەیڵێن. تەماشە ئەمڕۆ چۆن دونیا لە بەردەم هەواڵێکی فەیکدا دەستەوسانە، درۆ چەندە زوو دەبێتە ڕاستیی! کاتێکیش گومان لە ڕوداوێک یان جوڵەیەک دەکەیت و دەتەوێت نیشانەی پرسیاری لەسەر دابنێیت، خێرا پاساوی ئەوەت بۆ دەهێننەوە خۆ لە فەیسبووکیش بڵاو بووەتەوە. بەهەمان جۆری دێوەکەی نێو پەڕتووکەکان ئەمڕۆ قسەی فەیسبووک سەنەدی بێ چرا وچەند و چونە!
مرۆڤی کۆن سەد ساڵێکی ویست تا لەرز و تای پەڕتووک و چاپخانە بەریدا و توانی تێبگات دونیا میسالییەکەی پەڕتووک شەرت نییە ڕەنگدانەوەی واقیع و ڕووی ڕاستەقینەی شتەکان بێت، بەڵام چاپخانە سەدهەزار ساڵی ڕووناکی مرۆڤایەتی لە قۆناخێک بۆ قۆناخێکی دیکە گواستەوە، دەبێت لە سەدەیەک کە بە سەدەی خێرایی ناسراوە چەندی بوێت بۆ ئەوەی تەکنەلۆژیا لە خوایەتی و حەقیقەتی موتڵەق بکەوێت و مرۆڤ تێبگات تەکنەلۆژیا سێبەرە نەک ڕاستیی و دەبێت تەکنەلۆژیا و سیستمە ئەلگۆریتمییەکان مرۆڤایەتی بە کوێ بگەیەنن ئەمجارە؟
دونیا لە بەرزەخێکی وا هەستیار و مۆلەقدایە کە هیچ شتێکی داهاتووی بۆ پێشبینی ناکرێت و مرۆڤایەتییش لەسەروبەندی تێپەڕاندنی گەورەترین دۆخی پەرەسەندنی خۆیدایە، دونیا وا دەبێتە گوندێکی تەواو بچووک و هەندێکیش کە مەیلی براگەورەیی و کوێخایەتی ئەو گوندە دەکەن شەڕیانە لەسەر کۆنترۆڵی هەموو شتێک، لە نەوت بۆ جەوت، بەدڵنیاییش دەیکەن. مرۆڤە کلاسیکەکەی جاران ئیدی یا لەنێو دەچێت و نامێنێت یا لە بێهوودەیی و بێ کاریی دا خۆبەخۆ ئەپوکێتەوە، چونکە دونیا نوێیەکەی ئالگۆریتم و بلۆکچەین زۆر لەوە زیرەکترە ئیدی بە فێڵەکانی ئەم مێشکە بچوکە گەمارۆبدرێت. [1]