$دڵشکاوترین مرۆڤی کۆچی دوایی کرد$
ئامادەکردنی: ڕۆژنامەی پرس جینۆساید
#عاسی مستەفا ئەحمەد# ئەو مرۆڤە دڵشکاوەی ناو تەپوتۆزی جەنگ وجێنۆسایدە.
لەدایکبووی ساڵی 1952خەڵکی گوندی #زینانە#ی سەربە شارەدێی #سەنگاو# ی شارۆچکەی #چەمچەماڵ# ە، لەکۆتایی مانگی ئازاری ساڵی 1982 لەبەرەی جەنگی شوش بەدیلگیراو ماوەی 9ساڵ وەک دیلی جەنگ لە ئێران مایەوە بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ نیشتمان لە ڕۆژی #24-08-1990# بەسەرهەواری خاڵیدا هاتەوەو هەموو خانەوادەکەی هاوژین و منداڵەکانی #ئەنفال#کرابوون.
چیرۆکی ئەم پیاوە لەتەمەنی خۆی درێژترەو لەناو ئەنفالدا لەزۆربەیان تراژیدی ترە، بەڵام دەتوانم بڵێم لە هەموویان تایبەت ترە .
دوای گەڕانەوەی نامەیەکی لەبارەی ژن و منداڵە ئەنفالکراوەکانیەوە ئاڕاستەی سەدامی دکتاتۆر کرد دوای چاوەڕوانییەکی زۆر تەنیا دوو دێر وەڵامی لە سەعدون عەلوانی سکرتیری دیوان وەرگرتەوە کە تیاید نووسرابوو:
ژن و منداڵەکەت لە پڕۆسەکانی ئەنفالدا لەناوچەی باکوور لەناوچوون
بەداخەوە ئەو پیاوە ئەمڕۆ لە #سلێمانی# کۆچی دواییکرد.
عاسی هەر سەددام غەدری لێنەکرد بەڵکوو ژیان و کۆمەڵگاو تەنانەت دادگاو نووسەرانیش ستەمیان لێکرد. تەنیا سەبوری ئەم پیاوە بەشداری کردنی بوو لەدادگایی کردنی تاوانبارانی ئەنفال بەڵام ئەفسوس لە کۆنووسی دادگاکەدا و لەپەڕتووکەکەی دادوەر محەمەد ئەلعورێبی و پەڕتووکی خەڵکی تریشدا بەهەڵە زانیارییەکانی تۆمارکراون بە جۆرێک ناوی باپیری هەڵەیە، ناوی گوندەکەی هەڵەی ناوی کجێکی هەڵەیە و ڕۆژی گرتنەکەی هەڵەیە.
بەهیوام ڕۆژی مردنەکەشی بەهەڵە بۆتۆمارنەکەن
ڕۆحت شادبێت مرۆڤە تەزیوەکەی ناوتەپ وتۆزی جەنگ و جێنۆساید
کاری زۆرم دەربارەی ئەم پیاوە کردووە بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی بڕوانە گەشتەکانی ئەنفالستان- دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم.
چیرۆکی ئەم پیاوەم لەسیناریۆیەکی درێژدا نووسیوە بەهیوام ڕۆژێک سەرسکرین ببینێت.
خێزانە ئەنفالکراوەکەی عاسی مستەفابریتی بوون لە:
1- عەزیمە عەلی ئەحمەد، لەدایکبووی 1955
2- چرۆ عاسی، لەدایکبووی 1971
3- فەرەیدوون عاسی، لەدایکبووی 1981
4- ڕووخۆش عاسی، لەدایکبووی 1982
[1]