#ئەوان چاوەڕێی کازیوەن#
#جان دۆست#
وەرگێڕانی:#کوردۆ شابان#
ناوەند: ماڵی وەفایی
ژمارەی لاپەڕە:536 لا.
ڕۆمانێکی زۆر سەرنجڕاکێش و گرینگی گەورە نووسەری کورد جان دۆستە، کە تایبەتی کردووە بە گێڕانەوەی بەشێک لە خەبات و شۆڕشەکانی کوردانی باکوور، لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، تایبەتمەندیەکی داوەتە گێڕانەوەی شەڕی نێوان #پەکەکە# و وڵاتی #تورکیا#، بەردەوام لە درێژەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا، نووسەر دوو بژاردەت دەخاتە پێش؛ ئەویش خەباتی شەڕ یان خەباتی مەدەنی و ئاشتیانە، هەڵبەتە لەڕێی کارەکتەرەکانەوە بەوردی زیانەکانی خەباتی چەند ساڵەی شەڕی ئەم حزبە و تەواوی لێکەوتەکانی بەسەر کۆمەڵگای کوردی باکووردا خراوەتە ڕوو، لەزۆر شوێندا ئاماژە بە تاکڕەوی و نەخوێندنەوەی بەرانبەر دەکات لەلایەن پ.ک.ک و چۆن بەردەوام هەوڵی قۆرخکردنی تەواوی کایەی سیاسی داوە لە باکووردا و ئەمەش چەند بە سلبی کاری کردۆتە سەر ڕێچکەی خەباتی کوردانی ئەو بەشە گرینگ و گەورەیەی کوردستان.
بەشێکی ڕۆمانەکەی تەرخانکردووە بۆ گێڕانەوە و باسکردنی مێژووی ئەم حیزبە کە چۆن لەسەرەتای درووستبوونیەوە، بە دروشمەکانی کاری لەسەر بیر و هزری گەنجانی وڵات کردووە و پەیام و بژاردەی جەنگ و خوێنڕشتنی لە پێش هەموو بژاردەیەکدا داناوە، هەروەها زۆر فۆکەسی خستووەتە سەر ئەو گوندنشینانەی کە دۆش داماون، لەنێوان دەسەڵاتێکی خوێنڕێژی بێبەزەیی و حزبێکی تاکڕەوی چەقبەستووی دید داخراو، کە هەموو ئاواییە کوردییەکان خرابوونە پێش سێ بژاردەوە، یان ئەوەتا چەک لەگەڵ دەوڵەت هەڵگرن و لەوکاتەش حزب لەناویان دەبا، یان بە پێچەوانەوە لە دژی دەوڵەت هەڵی بگرن و دووبارە ئەنجامی لە ناوچوونیان مسۆگەرە، بۆیە زۆربەیان هەڵبژاردەی سێیەمیان هەڵبژارد و ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت، تەنیا بۆ ئەوەی بژێن و نەکوژرێن و نەهاڕدرێن لەنێوان ئەم دوو بەردی دەساڕەیا.
هەروەها لە ڕێگەی پاڵەوانی ڕۆمانەکەوە زیاتر شارەزای زیندانەکانی وڵاتی تورکا دەبی، کە چ کارەساتێک و پێشێلکاریەکی تێدا ڕوودەدات و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کوردانە دەکەن کە دەکەونە ژێردەستیان و چ ئەشکەنجە و ئازارێکی جەستەیی و دەروونی و دەستدرێژیی سێکسییەک دەکرێتە سەریان.
زۆر بنەمای گرینگ هەیە کە چەندین ساڵە پ.ک.ک بانگەشەی بۆ دەکا و بۆ هەموو لایەکی دەیەوێ بیسەلمێنی کە بۆ ئەم چەمکانە خەبات دەکا، لەم ڕۆمانەدا تەواوی ئەو بەرگانە لەبەری ئەم حزبە دادەماڵێ و بە ڕووتی دەیهێڵێتەوە، وەک خەباتیان بۆ پاراستنی زمانی کوردی، مافەکانی مرۆڤ، ئازادی سیاسی، هتد، لەکاتێکدا ، خۆی تەواو دژی ئەم چەمکانە ڕەفتار دەکا هەروەک لە ڕۆمانەکەدا بە پوخەی باس کراوە.
ڕۆمانێکە کەسایەتیەکانی کەمن و مەشهەدەکانی درێژن و لە چەند کاتێکی جیاوازدایە، نووسەر زۆر لێهاتوانە لەنێوان کاتەکاندا دێت و دەچێت، سەرەتا بۆ خوێنەر کەمێک زەحمەتە تا لە زەمەنەکاندا خۆی دەدۆزێتەوە بەڵام پاشان پێ بە پێ لەگەڵ نووسەر لەناو کاتەکاندا گوزەر دەکات.
ئەوەی ماوە بیڵێم لەسەر وەرگێڕانەکەیە، بەڕاستی زۆر ناوازە و ڕێکە و ئەو چەند سەد هەزار وشەیە، هەڵەی چاپی بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت و هەڵە چنینێکی زۆر وردی بۆ کراوە، هەروەها ڕوونکردنەوی پێویستی لەسەر چەمک و کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکە نووسیوە کە زۆر کاریگەرە لەسەر زیاتر تێگەیشتنی ڕوداوەکان، لەگەڵ بەکارهێنانی چەندین دیالێکت لە ڕستەیەکدا شتێکی نوێ و چێژبەخشبوو بۆ من. [1]