$هەڵەکە لە کوێیە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە سنووری سلێمانی 43 نەخۆشخانەی گەورەی حکومیی، سێ نەخۆشخانەی پێشمەرگە، زیاد لە 67 مەڵبەند و 100 بنکەی تەندرووستی و 31 مۆڵی پزیشکی و نەخۆشخانەی ئەهلی گەورە و سوپەر گەورە و لای کەمی هەزار دەرمانخانەو و موزەمید و لاکۆڵانی تێدایە بەڵام سیحەت و تەندرووستی خەڵک ئەوەیە کە ڕۆژانە دەیبینین لە چ کارەساتێکدایە. کۆی گشتی ژمارەی کلینیک و بنکە و نەخۆشخانەو دەرمانخانە و مەڵبەند و نەخۆشخانە تایبەتەکانی سلێمانی لەوانەی لەندەن زیاترن، ئەمە لەکاتێکدایە دانیشتووانی سلێمانی کەمتر لە دوو ملیۆن و دانیشتووانی لەندەن بەبێ گەشتیار زیاتر لە نۆ ملێۆن کەسە.
هەر لە سلێمانی ئاساییش و پۆلیس و پێشمەرگە و هێزی تایبەت و لیوای تایبەت و لیوای بەپرسان و پاسەوانی سنوور و دەیان کۆمپانیای ئەمنی ئەهلی و سەدان ناوی دیکەی دەزگای ئەمنی هەیە بەڵام ئەمنیەتی شار ئەوەیە کە دەیبینین، لەشەوێکدا دەشێ لەپڕ بقڵیشێتەوە..
لە سلێمانی دەیان ڕۆژنامەنووس، سەدان ڕۆشنبیر، هەزارن سیاسیی، دەیان دەزگای میدیایی هەن، ڕۆژانە پانێڵ و مێزگرد و دیدار و فۆرم ڕێکدەخرێت، بەڵام لە هەفتەیەکدا چەند خولەکێک ئاو دەدرێت بە دانیشتووانەکەی و ئەم شەکرۆکە ڕۆشنبیر و سیاسیی و ڕۆژنامەنووسانەش هەر خەریکی تەحلیلی فۆکۆ و نیتشە و تێزەکانی مارکسن لەسەر ئابووری و سۆسیالیزم. ڕۆشنبیر لە سەدەی 21 دەبێت پێش نیتشە خەم لە ئاو و پێش ڕۆسۆش خەم لە سەوزایی شار و پەروەردەی منداڵ و کارەبای میللەت و لە هەمووشی گرنگتر فەرهەنگی میللەت بخوات.
هەر لە سلێمانی زانکۆیەکی حکومیی بە جەیشێک لە خوێندکار و زانکۆیەکی پۆلیتەکنیک و دەیان پەیمانگا و لانی کەمی 8 زانکۆی تایبەت و دەیان پەیمانگا و سەنتەری فێربوون هەن بەڵام ئەوەی حزوری نییە خوێندەواریی و بەرهەمی خوێندەوارییە، دەمبوسێکی یەخە، مەسینەیەک یا بوتڵێکی سەفەری بۆ ئاو درووستناکرێت تێیدا!
لێرە پارێزگارێک بە نزیکەی نیو ملیۆن دەنگی هاووڵاتیانییەوە، سوپایەک لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە بە مووچەی مۆڵەوە، دادگایەک بەو هەموو دادوەر و داواکاری گشتیی و پارێزەرەوە دەبێت چاویان لە مەرحەمەتی لالەیەک، ئاغایەک، مەلا شێخێک بێت تا کێشەیەکی تەواو یاسایی و ئەمنییان بە سوڵحی عەشایەری بۆ چارەسەر بکات.
سلێمانی نمویەکی بەراوردکارییە، هەولێر و دهۆکیش هەمان تاس و هەمان حەمامن.
ئەوەی دەبێت ئیسڵاحی تێدا بکرێت مەنیجمێت و ئیدارەیە، ناردنە ماڵەوەی بێ ئیشەکان و داوای بەرهەمکردنە لەوانەی ئیدیعای کارکردن دەکەن، نەک شتی دیکە، ئەمەش بە چەند مانگێکی زۆر کەم دەتوانێت سلێمانی بگوازێتەوە ئاستی شارێکی وەک عەمان، بە پێچەوانەوە ئەم دۆخە لە ئاییندەدا دەیکاتە مەقدیشۆ. [1]