ناونیشانی بابەت: بەنجی نیوە یاخود نیوبەنج چییە؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
بریتییە لە سڕکردنی بەشی خوارەوەی لەش، لەناوکەوە بەرەو خوار، ئەویش لەریگای پیدانی مادەیەکی سڕکەڕ لە ڕیگای پشتەوە بووناو ئەوشلەیەی دەوری دڕکەپەتک ئەدات (spinal anesthesia) ، یاخود بووناوئەوبوشاییەی لەنێوان درکەپەتک وئەو پەردەیەی دەوری ئەدات (epidural anesthesia) وئەویش بەهۆی دەرزیەکی تایبەتەوە.
$سوودەکانی نیوبەنج:$
1- نەخوش هۆشی تەواوی دەبێت وئەتوانیت ئاگای تەواوی لە نەشتەرگەریەکە ھەبێت.
2- هەناسەدان ناوەستێت وپێویست بەهەناسەدانی دەستکرد ناکات.
3- کونتڕۆڵکردنی ئازار بەشیوەیەکی باشتر وەک لە بێهۆشکردنی گشتی .ئەویش بەهوی ئەوەی تا چەند کاتژمێرێک دوای نەشتەرگەریەکەش نەخوش ئازاری نابێت، بەپێچەوانەوە لە بیهوشکردنی گشتی دا پیویستی بە دەرزی ئازارشکێن دەبێت.
4- گەرانەوەی جولەی ڕیخوڵەکان بەشێوەیەکی خیراتر، کەئەمیش وادەکات بەشیوەیەکی خیراترنەخوشەکە بتوانیت بخوات وبخواتەوە.
5- نەبوونی مەترسییەکانی بیهوشکردنی گشتی بەتایبەتی لە کەسی بەتەمەن دا، یاخود لە و نەخوشانەی کەنەخوشی تریان لەگەڵدایە وەکو: شەکرە ، نەخوشیەکانی سنگ، نەخۆشییە درێژخایەنەکان..ھتد.
6- کەمکردنەوەی ڕێژەی پیدانی ئەودەرمانانەی پیویستە لەڕێی خوێنهێنەرەوە بدرێت لەکاتی بێهۆشکردنی گشتیدا، کە لەوانەیە زیانی لاوەکیان هەبێت وەک ڕشانەوە ودڵ تێکەڵهاتن.
$ئاکامە نەخوازراوەکانی بەنجی نیوەیی:$
1- دابەزینی فشاری خوێن: زورجار ڕوئەدات لەکاتی نەشتەرگەری داو بەئاسانی چارەسەر دەکرێت ئەویش بەپێدانی شلەمەنی پێویست لە ڕێگەی دەمارەوە.
2- سەرئێشە و و ڕەق بوونی ماسوولکەکانی مل: ئەمەش ڕوودەدات لە (1 کەس لە 200 یاخود 300 کەسدا) کە نیوبەنج وەردەگرن، لەژنە گەنجەکان لەکاتی منداڵبووندا زیاتر و لەبەتەمەنەکاندا کەمتر ڕوودەدات. جۆر و قەبارەی ئەو دەرزیەی بەکاردێت کاریگەریی هەیە لەسەر درووست بوونی سەر ئێشەکە، وە هەروەها زوو هەستانی نەخوش وسەربەرزکردنەوەی پیش ئەو ماوەیەی بوی دیاری دەکرێت لەھەندێک جاردا.
3- دومەڵ یاخود کوبوونەوەی خوێن لە وشوێنەی دەرزی نیو بەنجی تێدا کراوە کەبەڕێژەیەکی زۆر کەم ڕودەدات.
4- هەوکردنی پەردەی مێشک کەپێ دەوترێت (سحایا) کە بەڕیژەیەکی زۆر کەم لەوانەیە ڕوبدات ئەویش لە ئەنجامی نەبوونی تعقیمی باش وپاکوخاوێنی لەشوینی لێدانی دەرزی نیو بەنج.
5- وەستانی دڵ: زۆرزۆر دەگمەن ڕوئەدات وە لە نەخوشێک دا ئەگەری زیاترە کە خۆی نەخۆشی دڵ یاخود نەخۆشی درێژخایەنی لەگەڵ بێت.
6- برینداربوونی بەشی خوارەوەی دڕکە پەتک: کە زۆر دەگمەن ڕوئەدات وتەنیا لە کاتێکدا کە ئەو دەرزیەی دەکرێت زور لە سەروو ئاستی پیویست بکرێت.
7- میزکردن بەزەحمەت: ئەمیش زیاتر لە پیاواندا ڕوودەدات، کەئەمە ڕوویدا پێویستە سۆندەی میز دابنرێت تا نەخۆشەکە بە تەواوی لەژێر کاریگەریی نیوبەنجدا نامێنێت.
8- گەشکە کە حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە.
9- هەندێک جار حاڵەتێک ڕوودەدات کە بە high spinal ناودەبرێت و بەنجی مەوزعییەکە بۆ ئاستی سەرەوە دەڕوات و ماسوولکەکانی سنگیش دەگرێتەوە.
$ئەوکەسانە کێن کە دەبێت بە وریاییەوە نیوبەنج وەرگرن:$
1- پزیشکی بێهۆشکار دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە کێ دەتوانێت نیو بەنج وەربگرێت یاخوود وەرنەگرێت.
2- ئەوکەسانەی کەنەخوشی خوێنبەربوونیان لەگەڵدایە یاخود ئەو چارەسەرانە وەردەگرن کە دژبە مەیینی خوێنە، وەکوو ئەسپرین ، هیپارین، زۆرینەی جار دەبێت بەلایەنی کەمەوە پێش ھەفتەیەک بوەستێنرێن.
3- بوونی برین یاخود هەوکردن لە و شوێنەی کە بەنجەکەی تێدا دەکرێت ، کە نابێت نیو بەنج وەرگرن.
4- بوونی ناڕێکی زکماکی لە بڕبڕەکانی پشت دا یاخود کەسێک کەچەند جارێک نەشتەرگەری فقرات و بڕبڕەی پشتی بۆ کرابێت، چونکە بەزەحمەت نیو بەنجیان بۆ دەکرێت.
5- بوونی گرێ یاخود ھەر وەرەمێک لە مێشکدا یاخود هەوکردنی پەردەی دەماغ (سحایا)
6- لە کاتی بوونی خوێنبەربوونێکی زوردا بەهۆی هەر ڕوداوێکەوە.
زۆرینەی پسپۆڕەکانی بێھۆشکاری جەختدەکەنەوە لەسەر ئەوەی پێویستە نەخۆش دوای نیو بەنج بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی (6 - 8) کاتژمێر لەسەر پشت پاڵبکەوێت لەسەر پشت، ئەویش لەبەرئەوەی لەو بڕوایەدان کەبەمە پەستانی شلەی دڕکە پەتک کەمدەبێتەوەو کەمتر دزە دەکات، کەبەو ڕێگایە ڕێگری دەکات لەتووشبوون بە سەرئێشەی دوای نیوبەنج، ھەرچەندە ھەندێک لەتوێژینەوەکان و پسپۆڕەکان ئەوە ڕەتدەکەنەوەو دەڵێن ھیچ کاریگەریەکی ئەوتۆی نییە پاڵکەوتن لەسەر پشت دوای نیو بەنج.
$لە ماوەی چەند کاتژمێردا کاریگەریی نیوبەنج نامێنێت؟$
کاریگەریی لەنێوان (4 - 8) کاتژمێر نامێنێت بەتەواوی، کە ئەویش دەکەوێتە سەر جۆری ئەو بەنجە مەوزوعیەی بەکارھاتووە.
$پێویستە چی بکەیت دوای نیو بەنج بۆ ئەوەی تووشی سەرئێشە نەبیت؟$
پێویستە نەخۆش هەتا ئەتوانێت پشوو بدات، شلەمەنی بە ڕێژەیەکی زۆر بخواتەوە، وەکو: (ئاو، شەربەت، وە بەتایبەت ئەو خواردنەوانەی کافاینیان تیادایە وەکو: چا، نسکافە و قاوە) ، دورکەوتنەوە لە و خواردنانەی تونن یاخود تیژن یان بەزەحمەت هەرس دەکرێن، ئەگەر ئازار بەردەوام بوو دەتوانن ئازارشکێنەکان بەکاربھێنرێت و ڕێگای تری جیاواز پەیڕەو دەکرێت. [1]