ناونیشانی بابەت: ڕۆڵی قوتابخانەی بنەڕەتی لە پەروەردەکردنی منداڵان
ئامادەکردن: #ڕەزا شوان#
(جۆن دێوی) دەڵێت:”منداڵ ئەو خۆرە گەشەیە.. کە هەموو دەزگا پەروەردەییەکان بە دەوریدا دەسووڕێنەوە”.
پەروەردەکردنی منداڵان بە درووستی، ﮪونەر و زانستییە. ئەرکێکی پێویستی زۆر گرنگ و ﮪەستیار و پیرۆز و چارەنووسسازە. پەروەردەکردنی منداڵان، کارێکی ئاسان و بێ ماندووبوون و ﮪەڕەمەکی و بەڕێکردن نییە. بەڵام کارێکی ئەستەمیش نییە. لە بارەی گرنگی پەروەردەی منداڵانەوە:
(ئەفلاتوون) دەڵێت:”ﮪونەڕێکی تر بوونی نییە.. کە لە پەروەردە بەرزتر و پیرۆزتر بێت”.
(دانتۆن) یش دەڵێت:”لە دوای پارووی ژیان.. پەروەردە یەکەم پێویستی گەلانە”.
(ئەرستۆ) ش دەڵێت:”رەگی پەروەردە تاڵە.. بەڵام بەرەکەی شیرینە”.
کوردیش دەڵێت:”منداڵان شیرینن.. بەڵام پەروەردە شیرینترە”.
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان، کە دربارەی گرنگی ڕۆڵی قوتابخانەی بنەڕەتییە لە پەروەردەکردن و فێرکردنی منداڵان و کاریگەرییان لە ژیانی ئەمڕۆ و داﮪاتوویاندا.
دەکرێ بە شێوەیەکی ساکار و گشتی پێناسەی چەمکی قوتابخانە بکرێ، کە بریتییە لە گرنگترین دامەزراوەی فەڕمی پەروەردەیی و فێرکاری و کۆمەڵایەتی. لە دوای ماڵ و خێزان، قوتابخانە ماڵی دووەمی منداڵانە. شوێنێکە کە منداڵان ڕۆژانە ماوەیەکی زۆر بە فێربوون و بە چالاکی هەمەچەشنە تێیدا بەسەردەبەن. قوتابخانەی بنەڕەتی لە ڕووی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەوە، لەژێر چاودێریی مامۆستایانی پیشەیی و پسپۆر دایە. ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەریی لە گەشەکردنی دەروونی و جەستەیی و کەسایەتی و کۆمەڵایەتی منداڵاندا ﮪەیە. چونکە قوتابخانە شوێنێک نییە کە منداڵان تەنیا تێیدا فێری خوێندنەوە و نووسین بکرێن. بەڵکوو قوتابخانەی بنەڕەتی بناغەیەکی بەﮪێزە بۆ گەشەکردن و پەروەردەکردنێکی درووستی منداڵان و ئامادەکردنیان بۆ داﮪاتوویەکی گەشتر. لەم قۆناغەدا منداڵان وەکوو ئیسفەنج، زانست وزانیاریی ﮪەمەچەشنە ﮪەڵدەمژن. لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵانیشدا، مافی پەروەردە و خوێندن جێگیرکراوە. بە بێ جیاوازی مافی ڕەوای ﮪەر منداڵێکە، کە بە خۆڕایی لە قوتابخانەی بنەڕەتیدا وەربگیرێت و پەروەردە بکرێت و درێژە بە خوێندن بدات.
هەر لە کۆنەوە، لە سەردەمی یۆنانی کۆن (گریکییەکان) و ڕۆمای کۆن (بیزەنتییەکان) و ﮪێندستان و چین دا، قوتابخانەی فەڕمیﮪەبووە.
پێویستە ئەوەش بزانین، کە پەروەردە و فێرکردن، دووانەن و تەواکەری یەکترین و گیانێکن لەدوو جەستەدان و لە یەکتری جیانابنەوە. لەم سەردەمەشدا پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکی زۆر لە شێواز و لە ڕێبازەکانی پەروەردەکردن و فێرکردنی قوتابییاندا ﮪاتوونەتە ئاراوە. ئەمەش پێویستیەکی سرووشتییە، چونکە نە ئەمڕۆمان وەکوو دوێنێ وایە، نە قوتابییانی ئەمڕۆشمان وەکوو قوتابییانی دوێنێ وان. شێوازی پەروەردە و فێرکردنی کلاسیکی تەڵقین ئاسایی و تووتی لاساییکردنەوە و پەندێری بەسەرچوون. لە سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکاریی خێرا و داﮪێنانی سەیر و سەمەرەداین. لە سەردەمی جیهانگیری داین. بێگومان منداڵانی ئەمڕۆمان زیرەکتر و زۆرزانتر و هۆشیارتر و بلیمەترن لە منداڵانی سەدەی ڕابردوو. پێویستە قوتابخانە و مامۆستاکان و بەرنامە و پرۆگرامەکانی پەرەوەردەی نوێ و شێواز و ڕێبازەکانی فێرکردنیش، لە ئاستی ﮪیوا و خەون و پێداویستییەکانی قوتابییانی ئەمڕۆدابن.
قوتابخانەی بنەڕەتی، ڕۆڵێکی گرنگی لە پەەروەردەکرنی درووستی منداڵاندا ﮪەیە.
ئامانجی سەرەکی پەروەردەش، یارمەتیدانی منداڵانە بۆ ئەوەی بە درووستی گەشەبکەن و پێبگەن، بە باشی ڕەفتار و هەڵسوکەوت بکەن.. لە بارەی گرنگی قوتابخانەەوە:
کەڵەنووسەری جیﮪانی (ڤیکتۆر ﮪۆگۆ) دەڵێت:”ئەوەی دەرگای قوتابخانەیەک بکاتەوە.. دەرگای بەندیخانەیەک دادەخات”.
بە کورتی و بە چڕی، باس لە هەندێک لە گرنگییەکانی ڕۆڵی قوتابخانەی بنەڕەتی، لە پەروەردەکردن و فێرکردنی منداڵان دەکەین:
1 توانای دیاریکردنی ئامانج: خوێندنی وانەکان و هاندانی ﮪەمیشەی قوتابییان لەلایەن مامۆستاکانەوە و گەشەکردنی ڕۆشنبیرییان، وا لە منداڵان دەکەن کە ئامانجی ژیانیان دیاری بکەن. وا دەکەن کە ﮪەر منداڵێک بیربکاتەوە و خەیاڵ لەوە بکاتەوە کە لە داﮪاتوودا ببێت بە چی. بە ئەوپەڕی تواناشییەوە ﮪەوڵبدات بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی کە لە خەیاڵی خۆیدا دیاریی کردووە. چونکە ژیان بەبێ ئامانج نابێت.
2 منداڵان فێری ﮪاوڕێتی دەبن: قوتابخانەی بنەڕەتی یەکەم شوێنە، کە منداڵان لە واتای ﮪاوڕێتی تێدەگەن، ئەگەرچی بە ﮪۆشیارییەکی کەمیشەوە بێت. بەڵام لە دواییدا ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت کە ﮪاوڕێیانی قوتابخانەیان، ڕاسترین ﮪاوڕێن کە تا ساڵانێکی زۆر ئەم ﮪاوڕێتییەیان دەمێنێتەوە و کاڵ نابێتەوە. هاوڕێتی لەم قۆناغەدا لەسەر بەشداریکردنی ڕۆژانەی بێ ئامانج و بێ بەرژەوەندییە. لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویسی و دڵپاکی و دڵسۆزییە. بۆیە تا ساڵانێک درێژ دەمێنێتەوە.
3 ڕێز و بەرپرسیارێتی: قوتابخانە پرەنسیپی ڕێز بەرانبەر بە ﮪاوڕێکانیان و مامۆستاکانیان و کەسانی تر لە دەروونی منداڵاندا دەڕوێنێت. فێری بەرپرسیارێتیشیان دەکات، پێش ﮪەموو شتێک پێویستە بەرپرسیاربن لە شتەکانی خۆیان. فێری ئەوەشیان دەکات کە چۆن بەبێ یارمەتیدانی دەرەکی، ببن بە قوتابییانی خۆشەویست و ڕێزدار و ﮪاوسەنگ.
4 پێکﮪێنانی کەسایەتییەکی سەربەخۆ: قوتابخانەی بنەڕەتی لە ڕووی دەروونییەوە بەشداری لە پێکﮪێنانی کەسایەتی سەربەخۆی منداڵان دەکات، دوور لەکەسوکارییانەوە. لە ئەنجامدا منداڵان فێری بنەماکانی پشت بەخۆبەستن دەبن، گەر خواردن بێت، یان نووسین خوێندنەوەی وانەکانیان بێت، یا ئەنجامدانی ﮪەر کارێکی تر بێت.
5 ئاشکراکردنی بەﮪرەکانیان: قوتابخانە ڕۆڵێکی گەورەی ﮪەیە لە ئاشکراکردنی بەهرەکانی منداڵان، بەﮪرە لە وێنەکێشاندا بێت یا وەرزش یا ئەدەبیات یا زانیاری یا لە بواری ژەنینی ئامێرێکی موزیکی بێت یا گۆرانی و ﮪەڵپەڕکێ، یا نواندنی شانۆیی. یا لە ﮪەر بوارێکی تردا بێت. منداڵان ئەو ﮪەلەیان بۆ دەڕەخسێت کە بە ئارەزووی خۆیان، گوزارشت لە بیر و ﮪزر و خەیاڵی خۆیان بکەن. لێردا لە ڕێی چاودێریکردن و بینینەوە، مامۆستاکان ڕۆڵیان ﮪەیە لە دۆزینەوەی بەﮪرەکانی منداڵاندا. ئاگاداری کەسوکاریشیان بکەنەوە، تا پێکەنەوە پلان بۆ گەشەکردنی بەﮪرەکانیان دابنێن.
6 فێرکردنی منداڵان بە متمانە بەخۆبوون: زانایانی دەروونناسی و پەروەردە، پێیانوایە کە متمانە بەخۆبوون، گرنگترین کلیلی کەسایەتی درووستە و ڕێگای دڵنیاییە بەرەو سەرکەوتن لە ژیانی ئاکادیمی و زانستیدا. منداڵان لە دایکبوونیانەوە تا پێش قۆناغی باخچەی منداڵان تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە دایکان و باوکانیان دەبەستن. زیادەرۆیی دایکان و باوکان لە چاودێری و پاراستن و ترسیان لە منداڵەکانیان. دەبنە ﮪۆی ئەوەی کە منداڵان متمانەیان بە خۆیان نەبێت و خۆیان بەبێ دەسەڵات بزانن و بەبێ پرس و ڕا و بڕیاری دایکان و باوکانیان نەتوانن بڕیاربدەن و کارێک ئەنجام بدەن. بەڵام قوتابخانە ﮪانیان دەدات بۆ متمانە بەخۆبوون و پشتبەستن بە تواناکانی خۆیان و بڕیاردانی خود لە کارەکانیان. بە بێ ترسیش گوزارشت لە ناخی دەروونی خۆیان بکەن، بێ ئەوەی پشت بە هیچ کەسێک ببەستن یا لە هەڵە و شکستی بترسن.
ﮪەر زانایانی دەروونناسی ئەو ڕاستییەیان پشتراستکردۆتەوە، کە منداڵان بە ڕەمەکی هەست بەوە دەکەن، کە بەﮪا و شکۆدارییان ﮪەیە. پێویستە قوتابخانە گرنگی ئەم ﮪەستە سرووشتییەی مندااڵان بقۆزێتەوە و گەشەی پێبدەن. هەمیشەش پاڵپشت و ﮪاندەریان بن، بۆ ئەوەی منداڵان متمانەیان بە خۆیان هەبێت. و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن. ئەمەش فاکتەرێکی ئەرێنی بەﮪێزە بۆ ئەوەی منداڵان کاری باش و جوان ئەنجام بدەن و ئەزموونیان هەبێت و لە کاری ناپەسەند دوور بکەونەوە.
7 قوتابخانە منداڵان فێری بەﮪا کۆمەڵایەتییەکان دەکات: بوونی کۆمەڵێک منداڵان لە شوێنێکدا، کە پێکەوە یاری دەکەن و ماوەیەکی درێژ پێکەوەن. لەمەوە منداڵان بە کرداری فێری ﮪەندێ بەﮪا و پرەنسیپی کۆمەڵایەتی دەبن، کە پێشتر لە دایکان و باوکانیانەوە گوێیان لێیان بووە، بێ ئەوەی لە واتاکانیان تێبگەن. بۆ نموونە: بە تێکەڵبوونیان لەگەڵ هاوڕێکانیاندا، فێری ئەوە دەبن کە خۆپەسەند نەبن، خواستنی شتەکان و یاریکردن بە شتەکانی یەکتری بە لایانەوە ئاسائیبن. تەنانەت ﮪەندێ جار لە خواردنەکانیشیاندا بەشی یەکتری دەدەن. بەمەش فێری خۆشەویستی یارمەتیدان و بەخشین دەبن. فێری ﮪاوکاری و هەماﮪەنگی و ﮪەرەوەزی دەبن. فێری ئەوەش دەبن لە قسەکردن و گفتوگۆکانیاندا، ڕاستگۆبن و ڕاستییەکان نەشارنەوە. فێری ڕۆحی وەرزشی و لێبووردن دەبن و ڕێز لە بیروڕا جیاوازەکانی هاوڕێکانیان دەگرن.
8 گەشەکردنی زانیاری و زانستی زمانەوانی: گرنگترین ڕۆڵی قوتابخانەی بنەڕەتی، گەشەکردنی زمانی منداڵانە. فێری ڕێزمان و وشە و ڕستەی تازەیان دەکەن. بە شێوەیەکی زانستی، شارەزاییان لە زمانی پەتی کوردیمان دەبێت و فەرﮪەنگی وشەکانی زمانیان گەشەدەکات و پێشدەکەوێت و دەوڵەمەند دەبێت. فێری ئەوە دەبن کە بە زارەکی و بە نووسین، گوزارشت لە هەست و بیر و ﮪزری خۆیان بکەن.
9 منداڵان لە قوتابخانەی بنەڕەتیدا فێری ڕێزگرتن لە دەستوور و یاساکان دەبن: قوتابخانە ئەو شوێنەیە، کە منداڵان تێیدا فێری ئەوە دەبن کە بەجوانی و ﮪێمنی و بە ڕێزەوە قسە لەگەڵ مامۆستاکانیان و ﮪاوڕێکانیاندا بکەن. فێری ئەوەش دەبن کە لە هەڵسوکەوتەکانیاندا، بە ڕێکوپێکی ڕەفتاربکەن و سنووری یاسا نەبەزێنن. فێری ئەوەش دەبن کە نابێت لە ئەرەکەکانیدا کەمتەرخەمی بکەن. ﮪەستیش بە گرنگی و بە چێژی سەرکەوتن و درچوونیان بکەن، کە بەری ﮪەوڵ و کۆششیانە.
10 ئازادی بۆ منداڵان و گەورەکان پێویستییەکی زۆر گرنگە: ﮪێج ئەڵتەرناتیڤێکی تر نییە کە بتوانێت جێی ئازادی بگڕێتەوە. پێویستە قوتابخانە ڕووبەرێکی فراوانی ئازادی بۆ منداڵان بڕەخسێنێت. بۆ ئەوەی بەبێ ترس گوزارشت لەهەست و سۆزی ناخی دەروونیان بکەن و بەشداربن لەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە منداڵانەوە ﮪەیە. سەرپشک و ئازادبن لە هەڵبژاردن و بەشداریکردن لە چالاکییەکانی قوتابخانەکەیان.
11 گواستنەوەی ڕۆشنبیری: قوتابخانە کار بۆ ئەوە دەکات کە ڕۆشنبیریی بۆماوە، بە شێوازێکی سووک و ئاسان، لە دوای بژارکردنی لە ئەفسانەی پڕوپووچ، بۆ نەوەی تازە بگوازێتەوە. بیگۆمان قوتابخانەی بنەڕەتی ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکیی لە ڕۆشنبیریکردنی منداڵاندا ﮪەیە. بۆ ئەم مەبەستەش، قوتابخانە دەتوانێت بەشێک لە ﮪۆکارەکانی ڕۆشنبیریی منداڵان کە زۆرن دابین بکات.
12 پەروەردەکردنی منداڵانی کوردمان بە ﮪاوبەستەبوون بۆ کوردستان: قوتابخانەی بنەڕەتی، ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەریی هەیە، لە چاندن و لە شیرینترکردنی هەست و سۆز و خۆشەویستی و ﮪاوبەستەبوونی منداڵانی کوردمان بۆ کوردستانی نیشتمانی جوان و شیرینمان. ئەمەش گرنگترین و پیرۆزترین ئامانجە لە پەروەردەکرنی منداڵەکانمان، کە ﮪیوای داﮪاتووی کورد و کوردستانن. ئەم ئەرکەش بە تەنیا ئەرکی قوتابخانە و مامۆستاکان نییە، بەڵکوو ئەرکی دایکان و باوکان و دادەکان و نووسەران و ﮪونەرمەندان و میدیاکان و ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوەکانی منداڵان و ﮪەموو دڵسۆز و ﮪیواخوازێکی داﮪاتوویەکی گەشترە بۆ کورد و کوردستان.
بێجگە لەو گرنگییانەی سەرەوە، قوتابخانەی بنەڕەتی ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەریی لە چەندین گرنگی تردا ﮪەیە، لە پەروەردەکردن و فێرکردن و ئاڕاستەکردنی ڕاست و درووستی منداڵەکانمان، بە ئاڕاستەی ﮪیوا و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان. [1]