ناونیشانی بابەت: پەروەردە؛ ڕۆڵی لە گەشەپێدانی کۆمەڵگە
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
پێشکەوتن، بەمانا لۆجیکیەکەی واتە، تێپەڕاندن و بەردەوام بوون، یان هەنگاونان بۆ دەرچوون لەدۆخێکی خراپ و وەستاو، بۆ قۆناغێکی باشترو گەشاوەتر و پێشکەوتووتر.
هەرکایە و لایەنێک بگری و بەپێوەرە زانستییەکان، هەڵسەنگاندنت بۆ ئەنجامدا، ئەنجامەکەی ئەوە دەرئەخات، تاچەند توانراوەگۆڕانکاری بەپێی پلان و بەرنامەی زانستی بەئەنجام بگات، ئەم هەڵسەنگاندنە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک و لە وڵاتێکەوە، بۆ وڵاتێکیتر، جیاوازە بەپێی ئەو نەخشەو سیستەم و یاسایانە، ئاستی زۆری و کەمی و باشی و خراپی ئەو گۆڕانکارییە، دەردەخات.
دونیای شارستانی و پێشکەوتن، وابەستە و گرێدراوی پەروەردەیە، هیچ وڵاتێک گەشەناکات و پێشناکەوێت، تا خەمی پەروەردە و فێربوون نەکاتە، ئامانجی یەکەم، مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو وانانەی کە بایەخی پەروەردە و گرنگیپێدانی شادیکردوون بە سەرفرازی و لوتکەی پێشکەوتن و ژیانی شایستە.
هەر نەتەوەومیللەتێک ڕووە و ئاسۆ هەنگاوینا، هیچ گومانێک نامێنیت بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە ئاکام.
وەک (نەک براون) دەڵێ: (بۆ مانگ بڕۆو هەنگاو بنێ، ئەگەر شکستت هێنا، لەنێو ئەستێرەکاندا دەنیشیتەوە) ئەم وتەیە ئاماژەیەکی ڕاست و ڕوون و ڕەوانە، کاتێ مرۆڤ بە پلان و بەرنامەو هیواوە، کاربکات و هەنگاوبنێ، بە خواستەکەی دەگات، (کامەران موکری) شاعیری کورد بۆ ئەم مەبەستە، دێڕێکی جوانی هەیە دەڵێ:
هەر کاروانێ، بۆپڕشنگی خۆر بڕوانێ
کەم بن یان زۆر، لەئەنجاما ئەگەنە خۆر
کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان، لەئێستادا سەدەی بیست و یەک وەک کۆمەڵگەکانی سەدەی شانزە و حەڤدەی ئەوروپا وان، کە خۆیان وابەستەی پەروەردەی کۆن و دواکەوتووکردووە، بۆیە تا ئەو دۆخە نەگۆڕن و ئاڕاستەکەیان ڕووەوهاوچەرخ بوون نەکەن، هەربەوجۆرە دەمێننەوە، هیچ شتێک لەچاوەڕوانی بێ کرداردا نایەتە بەر دەستت، بۆیە (بیل کۆسبی) دەڵێ: (چاوەڕێی ئەو دەرفەتە نائاساییە مەکە بێتە لات، بەڵکوو دەرفەتە ئاساییەکان وەربگرە و گەورەیان بکە).
بۆ ساڵی 2023 لەپۆلێنکردنی دە دەوڵەتی جیهان کە ئاستی پلەبەندیان بۆ گەشە کردن و پێشکەوتوویی بواری پەروەردە و فێربوون، لەلایەن زانکۆی (سێنتراڵ کوینتیکت)ی ئەمریکی ئەنجامدراوە، ڕیزبەندیەکە بەمجۆرەی خوارەوەیە:
پلەبەندی بۆ گەشەکردن و پێشکەوتوویی بواری پەروەردە و فێربوون
|
|
|
|
ئەم پۆلێنکردنە بۆ ئەو وڵاتانەیە کە گرنگی زۆر بە پەروەردە و فێربوون ئەدەن، ئەم وڵاتانەی لەمەڕ خۆمان ناچنە ناو چوارجێوەی ئەم پۆلێنانە، چونکە لێرە ئەوەی جێناگرێ و نابێتە جێی سەرنج وبایەخی پێنادری، ڕەخنەو پێشنیاری زانستییە، بەڵام ئەو وڵاتانەی دەچنە پلەبەندی و پۆلێنبەندی گرنگی زۆر بە پیسنیاروڕەخنە دەدەن و کاری لەسەردەکەن بۆ گەشەسەندن و ڕەخساندنی دەرفەتی باشترتا دەگەن بەوەی مەبەستیانە، کە پەروەردەیەکی هاوچەرخ و مۆدێرنە، لەپێناوشادبوون بە خۆشنوودیی و دادپەروەری.
کاتێ گویی خۆمان لەئاستی ڕەخنە بئاخنین، هیچ هەڵوێستێکمان نەبێت ، دەگەین بەوەی کە ئێستایە و ناومان ناچیتە ناو کولەکەی تەڕیش، بۆ ئەم حاڵەتە وتەیەکی (ئەلبێرت هابارد) دەهێنمەوە، کە دەڵێت:
(بۆ ئەوەی لە ڕەخنە دوور بکەویتەوە، هیچ مەکە، هیچ مەڵێ و هیچ نەبیت).
بەو هیوایەم ئێمە شت بین، ئەویش کاتێک کە، شت بکەین و شت بڵێین، بەڵام کەی و چۆن و بەچی دەگەین بەو ئامانجە بەرزە؟ دڵنیام هەرکات ئەوەمان کرد و ئەنجامماندا، لەخەم دەڕەخسێین و شاد دەبین بەو خەونەی لە ئێستادا لامان مەحاڵە. [1]