ناونیشانی بابەت: ئازاری کلێنچکە چییە؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
ئازارێکە لەبەشی خوارەوەی بڕبڕەکانی پشتدا درووست دەبێت کە کلێنچکەیە، کۆتا ئێسکە لەبڕبڕەکانی پشتدا و ئێسکێکی سێگۆشەییە، لەسێ ئێسکی بچکۆلە پێکھاتووە. لەکاتی پێکان یاخود فشار خستنە سەر ئێسکەکە و بەستەر و ماسوولکەکانی دەوروبەری، تووشی ئازار دەبیت،
بە ئینگلیزی بە (coccydynia) ناودەبرێت.
لەزۆربەی حاڵەتەکاندا، ئازارەکە چەند ھەفتەیەک یاخود چەند مانگێک دەخایەنێت و لەدوای ئەوە ئازارەکە نامێنێت. بەڵام لەھەندێک حاڵەتدا ئازارەکە بەردەوام دەبێت و کار دەکاتە سەر چالاکی ڕۆژانەی کەسەکە.
$نیشانەکانی ئازاری کلێنچکە:$
گرنگترین نیشانەکانی ئازار و ھەستکردن بە ئازارە لەکاتی دەستلێدانی ناوچەی کلێنچکەی سەروو سمت . ئازارەکە لەوانەیە بەم شێوانەی خوارەوە بێت:
- ئازارێکی توندی بێزارکەر و جاڕس بێت لە کلێنچکەدا، ھەندێک جاریش تیژ دەبێت.
- ئازارەکە زیاد دەکات لە کاتی دانیشتن، جوڵان لە دانیشتنەوە بۆ ھەڵسان، وەستان بەپێوە بۆ ماوەیەکی زۆر، لەکاتی جوتبوون وسێکسکردندا، لەکاتی سەرئاو و پیسایکردندا، لەئافرەتاندا لە کاتی سوڕی مانگانەدا زیاد دەکات.
- خەوزڕاندن بەھۆی درووستبوونی ئازار لەکاتی پاڵکەوتندا، لەدەستدانی توانای ئەنجامدانی چالاکییەکانی ڕۆژانە پێیھەڵدەستیت، وەک ئۆتۆمبێل لێخوڕین ، چەمانەوە، ھەڵگرتنی شتومەکی قورس....ھتد.
ھەندێک کەس لەگەڵ ئەم نیشانانەی سەرەوەدا، ئازاری ھەردوو سمت و ڕانیشیان بۆ درووست دەبێت، یاخود وەک ئازاری سایەتیکا لەوانەیە بداتە پوز و قاچەکان.
$گرنگترین ھۆکارەکانی ئەمانەن:$
- لەکاتی منداڵبوونی سرووشتیدا، بەتایبەت ئەگەر منداڵبوونەکە کاتێکی زۆری پێ بچێت و زەحمەت بێت.
- پێکان یاخوود لەکاتی ڕووداوێکدا ئازاری کلێنچکە بدات یاخود درز یان شکاوی درووست بێت، وەک ڕووداوی ھاتوچۆ یاخود کەوتنە خوارەوە...ھتد.
- فشاری بەردەوام یاخود دووبارە لەسەر کلێنچکە، بۆ نموونە لەکاتی دانیشتنی زۆر یاخود وەستان بەپێوە بۆ ماوەیەکی زۆر، قەبزی، لەکاتی سوڕی مانگانە لە ژناندا کە فشار دەخەنە سەر ناوچەی حەوزیان لەبەر ئازار ......ھتد .
- کێشی زۆر فشار دەخاتە سەر کلێنچکە، بە پێچەوانەشەوە کێشی زۆر کەم ماسوولکە و بەستەرەکان لاواز دەکات ، بۆیە لەھەردوو حاڵەتدا ئەگەری درووستبوونی ئازار ھەیە.
- ھەندێک حاڵەتی دەگمەنیش ھەیە وەک: درووستبوونی داخوران و ئێسکی زیادە لەسەر کلێنچکە، ھەوکردنی کرکڕاگەی کلێنچکە، ھەندێک جار کلێنچکە ڕەق و نەجوڵاو دەبێت، ھەندێک حاڵەتی زۆر دەگمەنیش لەوانەیە گرێی شێرپەنجەیی بێت.
$دەستنیشانکردن:$
لە ڕێگای پشکنینی سەریری پزیشکی پسپۆڕ ، نیشانەکان و ھەستکردن بە ئازار لەکاتی دەستلێدانی ناوچەکە، ھەندێک جار پزیشک پێویستی بە ئەشیعەی ڕەش و سپی و ھەندێک پشکنینی تاقیگەیی دەبێت، سەیرکردنی ناوچەکە بە ئامێری سۆنەر گرنگە بۆ زانینی ھەر بریندارییەک لە بەستەر و ماسوولکەکانی دەوری کلێنچکە، ھەروەھا لەھەندێک حاڵەتدا ئەشیعەی تەنووری (MRI) پێویستە.
$بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە چی دەتوانیت بکەیت؟$
- لەکاتی دانیشتندا دۆشەکەڵەی تایبەت بەکاربێنە، کەناوەکەی کونێکی تیادابێت لەشێوەی دۆنات بێت، یاخود لەشێوەی حەرفی (V) ی ئینگلیزی بێت.
- لەکاتی دانیشتندا دەتوانیت خۆت بچەمێنیتەوە بۆ پێشەوە، بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە.
- جەوەنەو پاکی سارد یاخود گەرم دەتوانیت بەکاربێنیت بۆ شوێنی ئازارەکە، بەپێی نەخۆشەکە بەکامیان ئارامتر دەبێت.
- ئازارشکێنەکان دەتوانرێت بەکاربھێنرێن بە تایبەتی دژەھەوکردنە ناستێرۆیدەکان ، بەڵام باشترە لەژێر ڕێنمایی پزیشکدا بێت لەبەر زیانە لاوەکییەکانیان.
- ئەنجامدانی چارەسەری سرووشتی و وەرزشی تایبەت بەو کێشەیە، کەپزیشکی پسپۆڕ بۆت دادەنێت.
ئەگەر ئازاری کلێنچکەت بەو ڕێگا چارانەی سەرەوە چاک نەبوو، ئەوا پزیشکەکەت لەوانەیە پشکنینی کۆمت بۆ بکات بۆ زانینی ھۆکاری تر، ئەشیعەی ڕەش و سپی و ئەشیعەی تەنووری ھەندێک جار پێویستن بۆ بینینی شکاوی، داخوران، یاخود ھەندێک حاڵەتی دەگمەنی وەک شێر پەنجە .
$چارەسەرکردنی ئازاری درێژخایەنی کلێنچکە:$
- لێدانی دەرزی ستیرۆید ، پرۆلۆتێراپی ، پلاز ما بۆ کلێنچکە لەژێر دەلالەتی سۆنەردا .
-بەکارھێنانی ئامێری شۆک وەیڤ و تێنس لەگەڵ یەکدا بۆ شوێنی ئازارەکە و ھەندێک جار دەرزی ئاژنینیش لەناوچەکەدا سوودی دەبێت.
- بەکارھێنانی ئامێری ڕادیۆفریکوینسی (radiofrequency) لەژێر ئامێری (C arm) دا بۆ گرێ دەماری (ganglion impar) بۆ نەھێشتنی ئازاری درێژخایەنی کلێنچک.
- نەشتەرگەری؛ کەئەمیش زۆر بەدەگمەن دەکرێت و ئێسکەکە لادەبرێت. [1]