#شاناز ئیبراھیم ئەحمەد# خانمی یەکەمی ئێراق، لە کۆشکی سەلام لە #بەغدا# پێشوازیکرد لە گرووپێک لە ھونەرمەندانی ئێراق کە نیشتەجێی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتن.
دوای گوێگرتن لە کوورتەیەک لە کارە داھێنەرەکانیان، بەشدارییان لە پێشانگە ناوخۆیی، عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەیدا بە لێھاتوویی ھونەرمەندانی ئێراق و تایبەتمەندی ھونەرەکەی کە بەرھەمەکانی لە ئاست کارە جیھانییە بە ناوبانگەکاندایە، جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی نەخشاندنی دیواری کۆشکەکانی سەرۆکایەتی، دامەزراوە حکومییەکان بە کاری داھێنەران لە تایبەتمەندییە جیاوازەکان.
وتیشی: داھێنەران توانای ئەوەیان ھەیە دیوارە بێدەنگەکان بکەن بە شانۆی گێڕانەوەی مێژووی کۆن و تازە، دەتوانن وابکەن دیمەنی شارەکان زیاتر جوان بکەن لەبری دانانی پەیکەری ھەڕەمەکی و تابلۆی بێگوزارشت کە ھیچ ڕۆڵێکیان نییە لە باشکردنی سەلیقەی کۆمەڵگە، دەتوانێک دیاردە نەرێنییەکان بگۆڕێت بۆ ئەرینی.
خانمی یەکەمی ئێراق، دوای بینینی نموونەیەک لە کاری ھونەرمەندان، ستایشی تایبەتمەندی و داھێنەرانەی کرد، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو جۆرە بەرھەمانە ئەگەر لە شوێنی خۆی لە دیوارەکانی ناوخۆدا بن، دەبنە خاڵی وەرچەرخانی ڕۆشنبیری بۆ نەوەکانی داھاتوو.
لە دیدارەکەدا، ئامادەبووان ئاماژەیان بە گرفت و ئاستەنگییەکانی بەردەمیان کرد، بە تایبەت لە نەبوونی بازاڕ بۆ بەرھەمەکانیان، نەبوونی ئاسانکاری بۆ بەدەستھێنانی ڤیزا بۆ بەشداری لە پێشانگا عەرەبی و جیھانییەکان.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، خانمی یەکەمی ئێراق بانگھێشتکردنی بۆ پێشانگا تاک و ھاوبەشەکان قبووڵکرد. [1]