$بەهەشت و دۆزەخ هەمان خەونەکەی خۆتن!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئاننامێری شیمێڵ ژنە ئۆریانتالیست، مەولاناناس، پڕۆفیسۆری هارڤرد کە دەگاتە ئەو فەرموودەیەی دەڵێت: الناس نيام إذا ماتوا انتبهوا؛ مرۆڤەکان نووستوون کە مردن ڕادەچڵەکێن و بەخەبەر دێنەوە ڕادەچڵەکێت، وەسێت دەکات لەسەر بەردی گۆڕەکەی ئەم فەرموودەیە هەڵکۆڵن. کە ڕێم کەوتە ئەو وڵاتە سەد میل زیاترم بڕی تا گەیشتمە سەر گۆڕەکەی و شەرەفی ئەوەم پێ بڕا فاتیحایەک لەسەر گۆڕەکەی بخوێنم و ئەو ڕستەیە ببینم کە کتومت وەک وەسێتەکەی خۆی بە خەتێکی شکەستەی فارسی لەسەر مەڕمەڕی گۆڕەکەی هەڵکەنداربوو.
بە گوێرەی ئەم فەرموودەیە و تێگەیشتن لێی هەست دەکەیت ئەوەی لە لەززەت و ناخۆشی و پێودانگەکانی ئەم جیهانە نەسرەوتەدا هەیە هەمووی خەونن، مادەم ئێمە لە خەوێکی قوڵداین کەواتە دەتوانین بڵێین ئەوەشی دەیبینین لەم جیهانی مەوجودات و مەحسوساتە، لەم جیهانی دژ و فرەییەدا هەمووی سێبەری شوێنێکی دیکەیە، خەونێکە دەبێت لە جێگایەکی دیکە تەعبیر و تەئویل بکرێتەوە. مادەم ئێمە نووستوین کەواتە ئەوەی ڕوودەدا لە حوکمی خەوندایە بۆ ئێمە و پێویستە کاتێک خەبەرمان دەبێتەوە ئەم خەونە لێکبدرێتەوە.
پرسیارێک لێرەدا دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە ئایا مەرجە هەموو خەونێک مانای هەبێت؟ بەیەک وشە و بە ڕەهایی وەڵامەکە نەخێرە. نەخێر مەرج نییە هەموو خەونێک مانادار بێت، بەڵام بەدڵنیایی هەموو خەونێک ڕەمزە بۆ مانایەک، لێکدانەوە و تەعبیرێکی تایبەت بە خۆی هەیە. دەشێت زۆرینەی خەونەکانمان لە ڕواڵەتدا بێمانا و چروک دەربکەون بەڵام هەرگیز ناشێت بێ تەعبیر بن، لە قوڵاییدا حیکایەتێک لە هەست یا نەستی ئێمە دەگێڕنەوە کە پێمانەوە لکاون.
ژیانی دونیا و دەقیقی چواندنی بە خەون شتێکی هەر لەم شێوەیەیە. مانا و تەعبیر دوو شتی تەواو جیاوازن، مانا زیاتر سەر بەجیهانی تەفسیرە کە دەشێت هەندێ جۆری خەون بۆ تەفسیرکردن دەست نەدەن، بەڵام خەون لە جنسی ڕەمزە و دبێت تەئویل یا تەعبیرمان هەبێت بۆی.
سایکۆلۆجیستە فرۆیدییەکان لەوەدا هەڵەن کە تەفسیر و تەعبیر، مانا و تەئویل تێکەڵ دەکەن سەبارەت بە خەون.
بە گوێرەی ئەو فەرموودیەی سەرەوە حەقیقەت کاتێک خۆی دەردەخات کە ئێمە لە خەو ڕابچەڵکێین و خەبەرمان ببێتەوە. ئەوی هەیە و لێرە ڕوودەدات لە حومی خەونێکدایە، حەقیقەت و تەئویلەکەی لە شوێنێکی دیکەیە. بەهەشت و دۆزەخ هەمان تەئویلی ئەو خەونانەن کە ئێمە لێرە دەیانبینین. بە گوێرەی ئەوەی لێرە هەموو شتێک سیفەتێکی ڕێژەیی و فانی و خەون ئامێز و ناپایەداری هەیە، دەشێت حەقیقەتی ئەم خەونە لە شوێنێکی دیکە، لە شێوەیەکی دیکەدا لێکبدەدرێتەوە و خۆی بەیان بکات.
کە لەخەو ڕاچڵەکین ئیدی تەئویلی خەونی نێو ئەم ژیانە و جیهانە خەون ئامێزەکەی خۆمانی تێدا دەستدەخەین، تێدەگەین ئەم خەونانەی لێرە دیتومانن ماناو تەئویلەکانیان چی بوون!
لەنێو ئەم جیهانە شێلراو بە خەو و خەونەدا هەندێ کەس پێشوەخە دەگەنە ئەەی هەر لێرە خەبەریان ببێتەوە، ڕابچڵەکێن و ئێمەش ڕابچڵەکینن پێمان بڵێن هەستن لەخەو، هەستن پێش ئەوەی ئەوەی ڕابچڵەکێندرێن خۆتان هەرلێرە تەعبیری خەونەکەی خۆتان لێکبدەنەوە:
لەدونیا جەننەتی خۆ دیوە هەرکەس //کەتۆبی حازری وەختی وەفاتی.
لە دونیایەک کە خەواڵوەکان تێیدا زۆرینەین ، قوڕەکەی بە خەو شێلدراوە، خەو و خەون خاڵی جەوهەری ناسینەوەینی، ئەوانەی کە بێدار دەبنەوە لەم دونیایەدا زۆر کەمن، چونکە بنەڕەتی هەموو شتێک تێیدا غەفڵەت و خەواڵووییە، ئەوانەشی بێدار دەبنەوە لە خەوفی تەڵعەتی حەقیقەتی ئەو ڕۆژەی کە دەیبینن ئیدی جارێکی دیکە چاویان ناچێتەوە خەو، بە قەولی حەزرەتی نالی خەوێک، وەنەوزێک نامێنێت تا ئەم خەونی تێدا ببینێ ئەوەی دەیبینێ حەققەتە:
خەو ئەزانێ نییە، دەیوت: دە بنوو بێمە خەو//نێکبەختم بە وەنەوزێ بکە، ئەی بەختە مەدەد
یا بە قەولی مەلا محەمەدی مەحوی، بواری وەنەوزدانێکیشی تێدا نامێنێتەوە بۆی:
وەنەوزێکم شەوێ دا گەییە سەرم و// وتی هەستە هەتاوت وا لەسەر کەوت
دیتنی حەقیقەت بە جۆرێک مەستیان دەکات ڕۆژ تا ئێوارە شەو تابەیانی لەحزە دەژمێرن، خەو بۆیان دەبێتە دوژمنی خوێنی، چونکە تەئویلەکەی دەبینن، ئەوان کە حەقیقەت دەبینن ئیدی چاویان لە هەڵیت و پەڵیتی نێو خەونەکان نییە:
مەستی خەیاڵی ئەوە، لەحزە ژمێری شەوە//دوژمنی خوێنیی خەوە، دیدەیی بێداری من
ئێمە ئەمڕۆ لە دونیایەکدا دەژیین کە بە چاوی نوقاوەوە، یا بە چاوی نیمچەکراوە وە سەرخۆش و سەرمەست دێین و دەچین، دەدەین بەیەکدا، ئەوەی دەیبینین خەونێک زیاتر نییە، چاوەکانمان هەریەکی و بە بیانوویەک ناتوانێت بەتەواوی بکرێتەوە تا بتوانین تەعبیری ئەوەی لە خەونەکانماندا دەیبینین بکەین. بە دڵنیایی دونیاکەی دیکە دونیای ئەودیو خەوە، دونیای بینینی تەعبیری ئەوەیە کە لێرە دیومانە، تێیدا ژیاوین، پێداویستی سەرەکی ڕۆیشتن بۆ ئەو دونیایەی ئەولا ئەوەیە لانی کەم لێرە جارێک خەبەرمان بووبێتەوە، ەر بە بە نیوەناچڵیش بووبێت تێگەیشتبین لەوەی کە ئێمە نووستوین، تاو و ڕووناکی دوای خەبەر بوونەوە زۆر بەهێزە، بۆ ئەوەی چاوەکانمان بەرگەی حەقیقەت بگرن لە جیهانی تەعبیری خەونەکاندا دەبێت چەندجارێک لێرە شۆردبێتمانن، ڕاهێنانمان کردبێت لەسەر کردنەوەیان، بەر ڕووناکیمان خستبن ئەگەر چی کەمیش بووبێت، چونکە ئەوەی لێرە کوێر بووبێت، چاوی نەکرابێتەوە، لەولاش هەر کوێرە و هەر بە کوێریش حەشر دەکرێت و هەرگیز چاوی ناکاتەوە: وَمَن کَانَ فِي هَٰذِهِ أَعْمَىٰ فَهُوَ فِي الْآخِرَةِ أَعْمَىٰ وَأَضَلُّ سَبِيلًا
بۆ بە ئاگاهاتنەوە لەم خەوە ڕێگایەک جگە لە گۆڕینی ئەم جیهانە لەبەردەست نییە، گۆڕینی ئەم جیهانەش بە جگە لە خۆگۆڕین و بەئاگاهاتنەوە بە شتێکی دیکە دەستەبەر نابێت:
کەی مەشی نە سیلک یارانی هەمدەم//کەی ڕوتبەی عالی مەوینی وە چەم
هەرکەس تەوەللود دووبارەش نییەن//ئەڵبەت سەعادەت ستارەش نییەن [1]