$تامی ترێ یان ماناکەی؛ کامیان خۆشترە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە دەفتەری دووەمی مەسنەویدا حیکایەتێکی سەرنجڕاکێش هەیە کە پیاوێک چوار دینار دابەش دەکات بەسەر چوارکەس لە چوار زمانی جیاوازدا و پێیان دەڵێت بیدەنە ترێ. فارسەکەیان دەڵێت من دەیدەمە انگور، عەرەبەکە دەڵێت دەیدەمە عِنَب، ڕۆمەکە دەڵێت دەیدەمە ستافیل staphyl و هەرچی تورکەکەشە دەڵێت نەخێر من دەیدەمە ئوزوم Üzüm. دوڕدنگی و تێنەگەیشتن لەم ناوانە بەتوندی دەیاندات بەیەکدا و تێکدەپژێن، سەروگوێلاکی یەکتر دەشکێنن. حەکیمێک بەوێدا تێدەپەڕێت و پێیان دەڵێت من تەنیا بە یەک دینار ئارەزووی هەرچوارتان جێبەجێدەکەم. گەر خاوەن دڵێکی پاک بوونایە و مەبەستتان تامکردنی ترێ بوایە لە بری شەڕکردن بە یەک دینار لەو چوار دینارە هەر چوارتان دەبوونە خاوەنی ترێی خۆتان و سێ دیناریشتان بۆ دەمایەوە. ئێوە لەسەر شتێک شەڕتانە کە لەبنەڕەتدا هەرچوارتان بەیەک شتی دەزانن؛ انگور و عنب و ستافیل و ئوزم و هەرچواری ترێیە، دەی ئیدی لەسەر چی وا تێک پژاون؟
پس بگفتی او که من زین یک درم
آرزوی جملەتان ڕا میدهم
سەدەیەک بەر لە ئێستا فەیلەسوفێکی نەمساوی وەک لودڤیک ڤیتگنشتاینیش وتی: ئێمە کێشەیەکی بنەڕەتی فەلسەفیمان نییە ئەوەی هەیە کۆمەڵێک گرێوگۆڵی زمانەوانییە، گەر ئەوانە چارەسەر بن کێشەی فەلسەفە چارەسەر دەبێت.
کێشە و لێکترازانی ئەم چوارکەسە سەبارەت بە ترێ زۆر نزیکە لە کێشەو لێکترازانی ئەربابانی ئەمڕۆی مەزهەب و دینەکان. دینەکان ئەمڕۆ بەشی هەرەزۆریان یەک شتە، لانی کەم لە جیهانبینیدا چونیەکن بەڵام زۆرترین پێکدادان و لێکترازان لای ئەمانە.
ئەو جیاوازییەشی کە هەیە لە دینەکاندا لەبنەڕەتدا جیاوازی تێڕوانینی پێغەمبەرانی ئەم دینانەیە بۆ بوون و ژیان نەک جیاواز تێڕوانینی پەیڕەوکارانیان، بە واتایەکی دیکە جیاوازی دینەکان جیاوازی ئەو تەجەلییەیە کە خودا بۆ پێغەمبەری ئەم دینانەی کردووە، لای عیسا بە جۆرێک و لای موسا بە جۆرێکی دیکە خۆی دەرخستووە، دەنا لە بنەڕەتدا خودای هەموو دینەکان هەمان خودایی تاک و تەنیایە، ئەوەی هەیە جیاوازی دەرکەوتنەکانی خودایە بۆ دوو پێغەمبەری وەک حەزرەتی محەمەد و حەزرەتی عیسا نەک شتێکی دیکە لا نفرق بین احد منهم لێرەدایە لە جیاوازی تەجەلیدا نەک شتی دیکە، موکاشەفەی عیسەوی جۆرێکە و هی محەمەدی جۆرێکی دیکە.
واتە ئاگرەکە یەک جۆرە ئەوەیە هەیە چراکانن کە دەگۆڕێن، هەریەکەیان بەگوێرەی ئامادەیی ویست و ویسع و ئیرادەی خۆی ئاگر وەردەگرێت و ڕووناکی بۆ دەوروبەری خۆی دەداتەوە. چرایەک ڕووناکییەکەی زیاتر و ڕوونترە لە یەکێکی دیکە، ئەمە ناکاتە ئەوەی ئێمە پێمان وابێ ڕووناکی ئەم چرایانە جیاوازن، ڕووناکییەکە هەر یەکە و هەمانە.
هەڵەکە لەوەدا درووستدەبێت کە دیندارن ئەمڕۆ قسە لە جیاوازی ڕووناکییەکە دەکەن، جیاوازی چراکانیان لێ بۆتە جیاوازی ڕووناکییەکە، لێرەدایە جیاوازی ڕیشەیی لەنێوان ئیماندار و دیندار، یاخود موئمین و موعتەقیددا درووستدەبێت.
فەیلەسوفی ئینگلیزی ئالان واتس Allan Watts لە پەڕتووکی حیکمەتی نا-دڵنیاییدا بۆچوونی وایە کەسی ئیماندار کەسێکە شەیدای حەقیقەتە، لەکاتێکدا کەسی موعتەقید کەسێکە شەیدای عەیقدەکەیەتی ، واتە ئەمیان حەقپەرەست و ئەویان عەقیدەپەرەستە. کەسانی موعتەقید وەک ئەو چوار کەسە دێنە پێشچاو کە لەسەر ترێ بوو بە شەڕیان، لە بری ئەوەی تامی ترێ بکەن لە چەمکە جیاوازەکاندا مانەوە، ڕێکنەکەوتن لەسەر چەمکی ترێ، هەم ترێیان لە کیس چوو هەم دینار، حەکیمەکە کەسی ئیماندار بوو تامی ترێ وایلێکردبوو ئاوڕ لە شەڕی بێ بنەما و بێ مانای چەمکەکان نەداتەوە، جیاوازی عەقیدە و ئیمان هەمان جیاوازی چەمکی ترێ و تامکردنی ترێیە.
لە ئیماندا تۆ تامی ترێ دەکەیت، بەڵام لە عەقیدەدا تۆ شەڕی چەمکی ترێ دەکەیت. کەسی موعتەقید لەوەدا لە کەسی ئیماندار جیادەبێتەوە کە هەمیشە بەشوێن دەرکەوتنی نەگۆڕ و سابت و نەجوڵاوەوەیە، ئەم نەگۆڕی دەرکەوتن و تەجەلییە وایلێدەکات هەموو شتێکی دەرەکی بە مەترسی ببینێت بۆسەر عەقیدەکەی، هەمیشە دوڕدۆنگ و لەرزۆک و نادڵنیا دەربکەوێت، بەردەوام لە سترێس و خوتخوتەی ئەوەدایە نەبادا هۆکارێکی دەرەکی بێت و ببێتە مەترسی بۆسەر ئەم نەگۆڕە عەقەدیانەی ئەم. گەورەترین دوژمنی کەسی موعتەقید پلورالیزمی دینییە، چونکە جگە لەوەی خۆی هیچی دیکە بەڕاست نازانێ. ئەمە لەکاتێکدایە لای کەسی ئیماندار هیچ شتێکی نەگۆڕ بوونی نییە، چاوەڕوانی نەکردنی نەگۆڕ و باوەڕهێنانی بەوەی دووجار تەجەللیەک دووبارە نابێتەوە لەم بوونەدا دەیخاتە دڵنیاییەکی تەواو ناوەکییەوە. جونەیدی بەغدای وتی دڵی مونافیق حەفتاساڵ وەک خۆی دەمێنێتەوە بەڵام دڵی ئیماندار لەڕۆژێکدا حەفتاجار گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەمدیو و ئەو دیو دەکات. ئیماندارن هەموویان پلورالیست و واقیعین، لە توێکڵ و قاوغی عەقیدە ڕزگاریان بووە.
بەڵێ ڕۆچوونی مرۆڤ لە نەگۆڕ و ثەوابیتی عەقیدەیی وایلێدەکات لە کۆتاییدا ببێتە کەسێکی عەقیدە پەرەست و چەمک پەرەست، ئەریک فرۆم ئەمەی ناونابوو بت پەرەستی Idolarity یان عەقیدە پەرەستی. لە لاتیندا idol بەمانی بت و idea بەمانای عەقیدە و زیهنییەت دێت.
دینداری گەر ئیمانی دینی پشکی شێری هەبوو تێیدا دەبێتە حەقیقەت و حەقیقەت پەرەستی، بەڵام گەر لە پشکی ئیمانی دینی بڕدرا بۆ بابەتە شوناسی و عەقیدەیی و سیاسیی و ئایدۆلۆژییەکان ئەوا لەبری حەقیقەت پەرەستی خاوەندارێتی کردن و خۆ بەخاوەنکردن لە حەقیقەت دێتە ئاراوە، ئەوسا کەسانێک دێن بەناوی حەقیقەتەوە مارکێتینگ بۆمەرام و بۆچونی کەسی خۆیان دەکەن و بەرژەوەدی شوناسی و سیاسی و ئایدۆلۆژی وادەکات کەس ئەوی دیکەی پێ قەبوڵ نەبێت.
هەڵەکەی ئێمەی دیندار لەوێدایە وا دەزانین دین کەشتییەکە لە زەریایەکی پڕ شەپۆلدا هاتووە ئێمە ڕزگار بکات، ئەوەی سواری ئەم کەشتییەی ئێمە نەبوو دەبێت بخنکێت و خودا غەزەبی لێگرتووە. ئەم بۆچوونە عەقیدەییە تەواو هەڵەیە. دین هەرگیز کەشتی نییەو ناشبێتە کەشتی. دین شتێکی جگە لە مەلەکردن زیاتر نییە، کەشتییەک لە ئارادا نییە، ئەوەی هەیە خۆمان و هونەر و ئامادەیمانە بۆ مەلەکردن. دین و دینداریکردن سواربوونی کەشتی نییە، بەڵکوو مەلەکردنە بە گوێرەی تواناو تاقەت و هونەری خۆت. موتەدەین کەسێکە لە هونەری مەلەکردن تێدەگات، لە بیری کەشتی و ڕزگاریدا نییە، توانا و لیاقەت و هونەری بەرزی مەلەکردن و چاوکراوەیی بەردەوام وایلێدەکەن لە شەپۆل نەترسێت. بیرۆکەی کەشتی بیرۆکەیەکی ناتوانا و بێ هونەر و تەمبەڵ و خەواڵووەکانە نەک کەسی ئیماندار. [1]