نەخشە هەڵکۆراوەکانی سەر چیای زاوا یەکێک لە جوانترین و دەگمەنترین شوێنەوارەکانی کوردستانە کە بە مێژوویەکی زیاتر 3 هەزار ساڵە، لە ناو دڵی چیایەک دەدرەوشێتەوە.
ئەم شوێنەوارە کە ئەشکەوتی هەڵامەتیشی پێدەگوترێ، دەکەوێتە چیای زاوا لە 7 کیلۆمەتری باشووری ڕۆژاوای شاری #دهۆک#، بەرانبەر گوندی کەڤەرکێ.
شوێنەواری ئەشکەوتی هەڵامەت، هەرچەندە بە ڕێگایەکی سەختدا پێی دەگەی، بەڵام خەیاڵی بینینی شوێنەوارێکی دەگمەن و ناوازە هێزی بەردەوامبوونت پێ دەبەخشێت و وات لێ دەکات بەرەو خوارەوەی چیاکە و بەرەو شوێنی مەبەست بڕۆیت.
چوار تابلۆی بەردینی قەبارە گەورە کە بە دەست و ئامێری کونکردنی ئەو سەردەمە لە ناو قەدی چیاکە درووستکراوە، ئەمە سەرەتای نەخشێەکی مێژووییە.
یەکەم تابلۆی بەردی کە کەوتە کە دەکەوێتە بەر دیدەی گەشتیار، نەخشێکە بە پانی پێنج مەتر و 75 سانتیمەتر، کە گەورەترین و گرینگترین نەخشی شوێنەواری ئەم کۆمەڵە نەخشەیە، ئەو تابلۆ شوێنەوارییە شوێنی هەڵکۆڵینی وێنەی کۆمەڵێ خواوەند و پیاوی ئاشورییە کە هەر یەکەوە لەسەر ئاژەڵێکی ئەفسانەیی لەبەرانبەر پاشای ئاشوری سەنحاریب (705 - 681) کە نزیکەی 24 ساڵ دەسەڵاتداری ئەم دەڤەرەی کردووە ڕاوەستاون. لە ناو بەڵگە مێژووییەکان ناوی خواوەندەکانی ناو نەخشەکە بریتییە لە خواوەند ئاشور، ننلیل، سین، نابو، شمش، ئەدەد، عەشتار.
زانایان پێیان وایە ئەم نەخشە بەردینە باس لە ڕێوڕەسمێکی ئایینی و سەربازی دەکات، چونکە هەر یەکێک لە خواوەندەکانی ناو تابلۆ مێژووییەکان بە جلوبەرگی تایبەت و بە هەڵگرتنی کۆمەڵێ پێداویستیی تایبەت لەبەرانبەر پاشای ئاشوری ڕاوەستاون و پاشای ئاشوری بە درووستکردنی ئەم نەخشەیە، ویستوویەتی شکۆ و سەرکەوتنی خۆی تۆمار بکات.ئەم نەخشانە لەسەر بەردی کلس درووست کراوەن و دەکەوێنە بەرانبەر گرێ مالتا، کە ئەویش یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکانی ئاشورییەکان و پاشا سەنحاریبە.
هەرچەند ئەم شوێنەوارە یەکێکە لە گەورەترین نەخشە بەردەکانی #هەرێمی کوردستان#ە و کەوتوویتە شوێنێکی سەخت و پڕ مەترسی، بەڵام لەگەڵ ئەمانەش دوور نەبووە لە دەستدرێژیی تێکدان و تەقاندنەوە، لە تەواوی شوێنەوارەکە ئاساری فیشەک و سووتاندن و لێدان و لێکردنەوە بە ئامێرە تیژەکانەوە دیارە و لە هەندێ لە پەیکەرەکان بەشی سەر و سینگیان لێکراوەتەوە، کە بە مەبەستی بازرگانیی شوێنەواری ئەو کارە ئەمجام دراوە، بە تایبەت لە یەکێک لە نەخشەکان کە تایبەتە بەخێزانی پاشا سەنحاریب، بەشی سینگ و سەری لێ کراوەتەوە و شێوێنراوە، کە دوور نییە ئەم جۆرە کارانە بە مەبەستی دزین و فرۆشتنی شوێنەوارەکان بۆ بازاڕەکانی ڕەشی دەرەوەی وڵات، کە تایبەتن بە بازرگانیی شوێنەوار و فرۆشتنیان، ئەنجام درابێت.
شوێنەواری هەڵامەتا لە ساڵی 1935 وەک ناوچەیەکی شوێنەواری ناسێنراوە[1]