$دۆسیەی دوو مێرمنداڵەکەی کەلار و داوایەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان$
#عارف قوربانی#
شتێک کە بیرمان لە دەرئەنجامەکانی نەکردووەتەوە و هەمیشە ئومێدی بۆ دەخوازین، سەربەخۆبوونی دادگەکان و دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان. هۆکاری سەرەکیی پشت ئەم خواستەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناهەقی زۆر دەکرێن، زووڵم و ستەمی جۆراوجۆر لەلایەن بەهێزەکانەوە بەرانبەر بە لاوازەکان ئەنجام دەدرێن. دادگە کە پێویستە پشت و پەنای ستەملێکراوان بێت و مافی مافخوراو وەربگرێتەوە، زۆرجار بەهۆی دەستوەردانی دەسەڵاتداران و حیزب و تەنانەت خێڵ و عەشیرەتەوە لە کاروباری دادگەدا، وادەکات بڕیارەکانی دادگە لە بەرژەوەندیی ستەمکارەکان بێت.
لە بادینانەوە تا گەرمیان نموونەی بەرجەستەی زۆر هەن، کەسانی دەستڕۆ و تەنانەت دەست و پێوەندەکانیشیان، لە ئازاردان و چەوساندنەوە و تەعداکردنە سەر شەرەف و داگیرکردنی ماڵ و موڵکی خەڵکەوە تا کوشتن، زووڵمی جۆراوجۆریان کردووە، هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵ نەکراوە. نموونەگەلی زۆریش هەن لە و دۆسێیانەی براونەتە بەردەم دادگە، ناڕەوایەتی گەورە بە بەرژەوەندیی زاڵم و ستەمکار لە بڕیارەکانی دادگەدا بیندراون. بەشێوەیەکی گشتی هۆکارەکانی پشت ئەم نادادپەروەرییە بەوە بەستراوەتەوە کە دادگەکان سەربەخۆ نین، یاخود هۆکارەکەی بۆ ئەوە گێڕدراوەتەوە کە حیزب و دەسەڵاتدارەکان دەست لە کاروباری دادگە وەردەدەن.
ئەمەش وێنایەکی گشتی بۆ دادگەکان و دەسەڵاتی دادوەریی درووستکردووە کە خەڵک پێی وایە هەر ناڕەوایەتی و نادادپەروەرییەک لە بڕیاری دادگەدا ڕووبدات، بەهۆی ئەو هەژموونە زاڵەی عێل و عەشیرەت و حیزب و حکومەتەوەیە بەسەر دادگەوە، ئەگەر دەستی ئەوان لە دادگە دووربخرێتەوە، ئەوە بڕیارەکانی دادگە ئەوەندە دادپەروەرانە دەبن (هەق لە بزنی شاخدار بەسەر بزنی کۆڵەوە) وەردەگرنەوە، بەڵام ئایا سەروەرنەبوونی یاسا و نەچەسپاندنی دادپەروەریی لە بڕیارەکانی دادگەدا، هۆکارەکەی تەنیا دەستوەردانی دەرەوەی دادگەیە، یاخود پەیوەندی بە میزاج و ویژدانی دادوەرانیشەوە هەیە؟
وەک چۆن نموونەی زۆرمان هەن کە نادادپەروەری بڕیاری دادگە دەسەلمێنێت بەهۆی دەستوەردانی حیزب و حکومەت و دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووەکانەوە، نموونەگەلی زۆریش هەن ناڕەوایەتی بڕیاری دادگەمان نیشان دەدەن کە هیچ دەستوەردانێک لە کەیسەکانیان نەکراوە و بڕیارەکانی دادگەش زۆر نادادپەروەرانە بوون. ئەگەر دۆسییەکانی بەشێک لە زیندانەکانی چاکسازی گەوران و زیندانی نەوجەوانان وەک ئەوەی هەیە بخرێتە بەرچاوی خەڵک، تێگەیشتنی هاووڵاتییان زۆر دەگۆڕێت لەبارەی دادوەر و دادگەکانەوە. سەتان دۆسیەی لە و جۆرە هەن کە هیچ دەستوەردانێک لە دۆسییەکان و هیچ گوشارێک لە دادوەرەکان نەکراوە، بەڵام ناڕەوایەتی گەورە لە بڕیاری دادگە و لە جۆری سزاکەیان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕای گشتی ئەمەیان نابینێت، بۆیە هەر ناهەقییەکی دادگە و هەر سزایەکی ناڕەوا، هەر نادادپەروەرییەکی لە بڕیاری دادگە بەرگوێ کەوت، وادەزانێت بەهۆی دەستوەردانەوە بووە. ئەم وێنا گشتییە خزمەتی گەورە بە ناڕەوایەتی و بەردەوامیدان بە نادادپەروەری لە بڕیاری دادگەکان دەکات، بێئەوەی پەنجە بخرێتە سەر خودی کێشەکە کە جگە لە دەستوەردان، کێشەی گەورە لە خودی کەرتەکەشدا هەیە.
پێشتر چەند جارێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسی ئەوە کراوە کە لە زیندانی نەوجەوانانی سلێمانی مێرمنداڵ هەیە بە چەندین ساڵ سزای زیندانی بەسەردا بڕاوە لەسەر دزینی جووتێک کۆتر. یا لە زیندانی چاکسازی گەوران خەڵک هەیە بەهۆی (دزینی 20 کیلۆ ئارد کە برسێتی منداڵەکانی ناچاری ئەو دزییەی کردووە) ، چەند ساڵێک حوکم دراوە. ئەگەر ئەم گێڕانەوانە جێی باوەڕی خەڵکیش نەبووبن، بەڵام چیرۆکی ئەو مامۆستایەی شاری کفری زۆر کۆن نییە کە لە سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچەدا (مامۆستایەک لە مارکێتێک شیر و دایبی بۆ منداڵەکەی دزی بوو) لەلایەن دادگەوە چەندین ساڵ حوکمی زیندانی بەسەردا درا. هۆکاری پشت ئەو بڕیارەی دادگە هیچ دەستوەردانێک نەبوو جگە لە ویژدانی دادوەرەکان.
هەفتەی ڕابردووش هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە لەلایەن دادگەیەکی گەرمیانە وە سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ دوو مێرمنداڵی کەلار (عەبدوڵڵا هیوا، 16 ساڵ و سابیر ئەحمەد، 17) بڕدراوەتەوە بەهۆی ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر کە ئەوکات تەمەنیان 14 ساڵ و 15 ساڵان بوو، لە خۆپێشاندانەکانی گەرمیان بەشدارییان کردووە، گوایە زیان بە موڵک و ماڵی گشتی کەوتووە. یەکێک لەم قوربانییانە نەوەی ئەنفالە و باوکی لە ڕۆژی هێنانەوەی ڕووفاتی منداڵەکانی دیکەیدا دڵی وەستاوە و مردووە. ئەم نەوجەوانە لە خانوویەکی هەژارانەدا دەژی، کە هێشتا بلۆکەکانی لەبغ نەکراون. ئەم منداڵە مافی خۆیەتی کە ئەو هەموو نادادی و گەندەڵی و زووڵم و ستەمە دەبینێت ڕقی لە هەموو شتێک ببێتەوە، مافی خۆیەتی بەگژ ستەم و نادادیدا بچێتەوە. دادگە لە بری ئەوەی مافە زەوتکراوەکانی ئەم منداڵە وەربگرێتەوە، لەپای ئەوەی داوای مافەکانی کردووە، دەیخاتە زیندانەوە.
پێم وا نییە هیچ کەس دەستوەردانی لە دۆسیەکەدا کردبێت، ئەم دوو منداڵە نەک لە حیزب و حکومەت، تەنانەت ئەگەر لەناو عەشیرەتەکانیشدا تەنیا یەک کەسێک پشتیوانیان بوایا و دەستی لە کاروباری دادگە وەربدایا، ئەو حوکمەیان بەسەردا نەدەدرا. منداڵی هەژار و بێکەسن، بۆیە سزایان بەسەردا بڕاوە، جگە لە ویژدانی دادوەر باوەڕ ناکەم هۆکاری دیکە لە پشتی بڕیارەکەوە بێت، ئەم بڕیارەی دادگە پێویستە ڕامان چڵەکێنێت لەبەرانبەر دەسەڵاتی دادوەری، دەبێت هەڵوەستەمان پێبکات لە و خواستەی هەمان بووە بۆ سەربەخۆبوونی دادگەکان و بڕینی دەستی دەرەوە لە کاروباری ناوەوەی دادگە، بێ ئەوەی هەڵسەنگاندن بکرێتەوە بۆ ئەوانەی لە ناوەوەی دادگە دەبێت دادپەروەری بچەسپێنن.
ئەو کاتەی بڕیاری سزای مامۆستاکەی کفری بڵاوکرایەوە و باسی منداڵە حوکمدراوەکەی کە جووتێ کۆتری دزی بوو، هاتەوە بەرباس. هەندێ کەسیش هەبوون لەنێو دادگەکان و نزیک بە و کەرتە، بەرگرییان لە بڕیارەکانی دادگە دەکرد و دەیانگوت دزی هەر دزییە، پاساو و هۆکارەکانی هەرچییەک بن، پێناسەی دزیکردنەکە ناگۆڕێت. دوور نییە ئێستاش دڵیان بە بڕیاری چوار ساڵ سزای ئەو دوو نەوجەوانەی گەرمیان خۆش بێت و ڕەخنە لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگرن، بەوەی دادگە ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە لە سزای کەسانێک کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر ماڵی گشتی، بەڵام دادگە و دەسەڵاتێکی دادوەریی چاوی خۆی داخستبێت لە ئاستی ئەو هەموو دزیی و تاڵانییەی موڵک و ماڵی گشتی و داگیرکردنی زەوی و پارک و سەرچاوەکانی سامان و قووتی خەڵک، بەڵام لەسەر سووتاندنی کابینەیەکی تەختە بێتە دەنگ، دەبێت فاتیحا بۆ سەروەریی یاسا و دادپەروەریی دادگەکان بخوێنین.
پەیوەست بەم دۆسیەیەی کەلار و بڕیاردان لەسەر بڕینەوەی چوار ساڵ زیندانی بەسەر دوو نەوجەوانی خێرلەخۆنەدیوی گەرمیان، داوا دەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە حوکمی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی دەستوەردان لە کاروباری دادگە بکات و بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگە، ئەم بێویژدانییە ڕابگرێت. [1]