#رۆژ شەماڵ#، ڕاپەرێکی تەمەن 23 ساڵی ناسراوی کورد بوو بە زمانی سویدی گۆرانی دەوت، یەکشەممەی ڕابردو لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری ستۆکهۆڵم تەقەی لێکراو کوژرا.
=KTML_Italic==KTML_FontSize_Begin=16=KTML_FontSize_Between=براکەم، ئەو ژیانەی هەمانە زۆر کوورتە!=KTML_FontSize_End==KTML_End=
ئەمە دێڕی گۆرانییەکی ڕۆژ شەماڵە بە بۆنەی کوژرانی برا گەورەکەیەوە، کە ساڵی ڕابردو لەستۆکهۆڵم کوژرا.
ئێوارەی یەکشەممەی ڕابردو، ڕۆژ شەماڵیش لە بەهاری تەمەنیدا کوژرا. کاتێک ڕۆژ و سەگەکەی لە ماڵ دێنەدەر بۆ پیاسە کردن، ماتۆرسوارێک تەقەیان لێدەکات و دەیانکوژێت، پاشان بەخێرایی شوێنی ڕووداوەکە بەجێدەهێڵت. ئەم تەقە کردنە لە ئێوارەی یەکشەممەدا، سێیەم تەقەکردن بو کە لەماوەی یەک ڕۆژدا لەپایتەختی سوید ڕوبدات و سێ قوربانی لێبکەوێتەوە.
دراوسێیەکی ڕۆژ، کە ڕووداوی تەقە کردنەکەی بەچاوی خۆی بینیوە، دەڵێت وێنەی بکوژەکە لە کەلەسەرما ون نابێت، کە تەقەکانی کرد کوژراوەکە لەتاو ژیانی دەستی بەرزکردەوەو هاواری کرد نا، نا، نا.
دەشڵێت چەند شەوە خەو نەچوەتە چاوم، وێنەی بکوژەکە لە مێشکما دێت و دەچێ و دەڵی تەق تەق تەق، هاواری گەنجەکەش لە کەلەسەرما دەزرنگێتەوە.
میدیاکانی سوید ئاماژە بەژان و ئازاری دایکی ئەم دو کوڕە کوردە دەکەن کە لەباس کردن نایەو چۆن دو جگەرگۆشەی لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا لەسوید گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژ شەماڵ، کە بە زمانی سویدی گۆرانی ڕاپی وتوە و بینەری گۆرانیەکانی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب زیاتر لە ملیۆنی تێپەڕاندوە، زۆربەی گۆرانیەکانی وەک میدیاکانی سوید دەڵێن پەیوەندی بە بازرگانی کردن بەمادەی هۆشبەر و تاوان و توندوتیژییەوە بووە.
لەکلیبێکیدا ڕۆژ بەچەکی قوورس و فیشەکلەغ و هێڵەکی دژە گولەوە دەردەکەوێ، هەرچەندە خۆی لە توندوتیژییەوە نەگلاوە و تەنیا لەکاری هونەرییدا بەکاری هێناون. وەک دیاکۆی ئامۆزای ڕۆژ ڕایگەیاندووە.
دیاکۆ دەڵێت هەموو ئەوانەی لەدوای خۆی بەجێهێشت، ئەو تەنیا شەیدای مۆسیقا و گۆرانی بوو.
ساڵی ڕابردو، ڕۆخ شەماڵی برای ڕۆژ سی گولە نرا بەملییەوەو لە ستۆکهۆڵم کوژرا. میدیاکانی سوید ئاماژە بەوە دەکەن ئەم دو برایە لەکێشەی کۆمەڵایەتییەوە تێوەگلاون کە ساڵی 2014 ڕویداوە و لەلایەن پۆلیسیشەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.
پاش سێ ڕووداوی تەقەکردن کە لە رۆژی یەکشەممەدا لە پایتەختی سوید ڕویدا، پۆلیسی ئەو وڵاتە پشکنین و لێکۆڵینەوەیەکی چڕی ئەنجام دا، ڕۆژی دوشەممە ڕایگەیاند کە بەتۆمەتی کوشتنی ڕۆژ شەماڵ، پیاوێکی تەمەن 25 ساڵیان دەسگیرکردووە.
پۆلیس ڕاشیگەیاند چەند بەڵگەیەک هەن کە وادەکات گومان لەم دەستگیرکراوە بکەین، بەڵام هێشتا لەقۆناغی سەرەتای لێکۆڵینەوەکانداین.
میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەسی گومانلێکراو لەساڵانی ڕابردودا چەندین تاوانی تری ئەنجامداوە و ئەندامی یەکێک لە گرووپە تاوانکارییەکانە، کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو کاری تاوانکاری ئەنجامدەدەن.
بەپێی ئامارەکان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردودا 16 گەنجی کورد لە سوید کوژراون، بەڵام کوژرانی ڕۆژ دەنگدانەوەی زیاتر بوو، لەبەر ئەوەی یەکێک بوو لە ڕاپەڕە ناودارەکانی ئەو وڵاتە. [1]