$تاک و کۆمەڵگە لەنێوانی میدیای نوێ و میدیای باو دا$
#بەهات حەسیب قەرەداغی#
لەم سەردەمەدا ئەرکی میدیای باو (ماسمیدیا - میدیای جەماوەری) بە بینراو و بیستراو و، خوێنراوییەوە لە جاران زۆر سەختتر و گرانتربووە. جاران ماسمیدیا یەکێک لە قارەمانە سەرەکییەکانی ناو گۆڕەپانەکە بوو. زۆربەی کات بە یەک ئاڕاستە پەیامی دەنارد بۆ ناو جەماوەر. هەرخۆی ئەندازیار و دیزاینەرێکی سەرەکیی ئەقڵ و هۆش و سۆز و میزاجی جەماوەر بوو. ئێستا و لە سەردەمی (میدیای نوێ و بەرجەستەبوونەکانیدا) رکابەریی زۆری بۆ پەیدابووە و گۆڕەپانەکە پڕیەتی لە یاریزانی جیاجیا، زۆرینەی یاساکانی گەمەکە گۆڕاون. پێوەرەکانی سەرکەوتن و نسکۆ و شکست لەم سەردەمەدا زۆر لەوانەی پێیان ڕاهاتبووین جیاوازن، فەلسەفە و میکانزم و ئامانجەکانی میدیا بە گشتی گۆڕانی ڕیشەییان بەسەرداهاتووە.
ئەرکەکانی ماسمیدیا زۆر و فرەجەشن بوون: (هەواڵپێدان، ڕۆشنگەری و گەشەپێدان، پەروەردەی زانستی و هونەری و ئەدەبی، تەندرووستی و مافی مرۆڤ و ژینگەدۆستی، بەهێزکردنی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی و ئاشنایەتی لەگەڵ مێژوو، جیوگرافیا و کەڵچەری میللەتان، فەراهەمکردنی خۆشباری) ئەوانە هەرهەموویان بە ئاست و ڕێژەی جیاجیا لە چەقی بایەخپێدانەکانی هەر کەناڵێکی ماسمیدیادا بوون. هەر میدیایەکیش بەگوێرەی تیۆری و فەلسەفەی کارکردنی خۆی ڕستێکی لەو ئەرک و ئامانجانە بۆخۆی دارشتبوو، بەڵام ئێستا هیچ دەزگەیەکی ماسمیدیا ناتوانێ وەک پێویست پەیوەست بێت بەو ئەرک و ئامانجانەوە کە ڕەنگە لە پلانی کاری خۆیدا داشیانبڕێژێت، چونکە یاساکانی گەمەکە گۆڕاون و گۆڕەپانەکەیش ئاڵۆزییەکی ئەوتۆی تێکەوتووە کە ئەستەمە بتوانیت پێشبینیی پێشهات و کاردانەوە و کارلێکەکان بکەیت. ئەوە جگە لەو ڕاستییەی کە ڕۆژانە بەرەوڕوومان دەبێتەوە: جاران خەڵک لەژێر کاریگەریی ئامانجدار و دیراسەکراوی میدیادا بوو، ئێستا میدیا لەژێر کاریگەریی و هەژموونی هەڵچوون و داچوونی خەڵکی عەوامدایە! سایکۆلۆژیای جەماوەریش بەردەوام لە دۆخێکی هولامی و هەڵبەز و دابەزدایە و لە توانای هیچ هێزێکی کۆمەڵایەتیشدا نییە تاسەر کۆنترۆڵی بکات.
ئاستەنگەکانی سەر ڕێی ماسمیدیایەکی بەرپرس لەم ڕۆژگارەدا زۆر و فرەچەشنن، سەرەکیترینیان پەیوەندییان بە کات و میکانزم و شێوازی کارکردنەوە هەیە. لەڕووی کاتەوە ماسمیدیای باو پێی ناکرێ بەهەمان خێرایی میدیای نوێ و میدیای هاووڵاتی ڕێبکات و پەیام و هەواڵ ڕابگەێنێت، چونکە پرۆسیجەری بەرهەمهێنان و گەیاندنیان کەمێک ئاڵۆزە و بە چەندین فلتەر و دەرکەواندا تێدەپەڕێت. ڕووماڵی فرەسەرچاوە و هەڵسەنگاندن و داڕشتنەوە و وردبینی و دڵنیابووونەوە و پاشان گەیاندنی هەوڵ و پەیام، پێویستی بە کات و پشوودرێژی و پسپۆڕی و کارامەییە، لەکاتێکدا هاووڵاتی لە زۆربەی دەرکەوتە و شێوازەکانی میدیای نوێدا، زنجیرەی ئەو ڕێکارییانەی سڕیوەتەوە و لە سات و شوێنی دڵخواز و بۆ لواودا، تاک ڕەهەندانە و پشتبەستوو بە تاک سەرچاوەی نادیار و بەبێ پسپۆڕی و بەبێ هەڵسەنگاندن و داڕشتنەوە و وردبینی، ڕاستەوخۆ هەواڵ و پەیامەکە دەنێردرێتە ناو فەزای ئیتەرنێتی و تۆڕەکانییەوە و هەموو سنوورەکانیش دەبەزینێت.
وێڕای کات، ئاستەنگیی زۆر سەختیش بۆ ڕێکار و شێواز و مەرجەکانی کاری میدیایی هاتوونەتە پێش. لە یاسا و ڕێساکانی کاری ماسمیدیادا دەبێ ئەمانە ڕەچا بکەیت: (تۆ کێیت و بەنیازی چی بڵێیت؟ پشتبەستوو بە چی دەیڵێیت؟ بۆ کێی دەڵێیت؟ بە چ زمانێک دەیڵێیت؟ لە چ کەناڵێکەوە دەیڵێیت؟ کەی دەیڵێیت؟ بە چ مەبەست و ئامانجێک دەیڵێیت؟ وەڵامدانەوەت بۆ کاردانەوە و لێکەوتەکانی چی دەبێت؟) بۆ نموونە لە میدیای باودا زمانی نووسین و ئاخاوتن، هەروەها زمانی جەستەیش هەزار و یەک حیسابیان بۆ دەکرت، بەڵام بە بەرچاوی هەموومانەوە دەیبینین لە کەناڵەکانی میدیای نویدا، کەمترینی ئەو مەرج و ڕێکارانە پەیڕەویان لێ دەکرێت. تاکی پەیامدەر لەو ساتەدا بەبێ ڕەچاوکردنی ئەخلاقیاتی پیشەی پەیامدەر و میدیاکار، هەرچییەکی بە دەمدا بێت بەبێ هیچ فلتەرێک دەیڵێت و نایگێڕیتەوە. ڕەنگە خۆیشی نەزانێت بۆ کێی دەڵێت: هیچ بەلایەوە گرنگ نییە زمانەکەی پاراوبێ و وشەو دەربڕینی بریندارکەری تێدا بێت یان نا، گوێ نادات بەوەی پەیامەکەی سەنگین و پابەندی ڕەوشت و ئاکاری کۆمەڵگە بێت، بێ دەروەستە لەوەی لێکەوتەکانی ئەوەی دەیڵێت و دەیکات چیی دەبێت و کێ زیانی ماددی و مەعنەویی پێدەگات. هیچ گرنگ نییە بەلایەوە کەی دەیڵێت و چەند دەخایێنێت، لەڕووی ئامانج و مەبەستیشەوە زۆرجار یان تەواو خاڵییە لە مەبەست و ئامانج و لەوپەڕی پووچگەرایی و بێ واتاییدایە، یان لە باشترین دۆخدا مەبەست و ئامانجێکی خۆپەرستانەی نەگریسی لەدواوەیە.
تائێستا لە کوردستاندا ئەوەی پێی دەڵێن ڕۆژنامەوانیی هاووڵاتی پێگەیەکی ئەرێنیی ئەوتۆی نییە کە شیاوی هەڵسەنگاندن و نرخاندن و پیا هەڵدان بێت. بە پێچەوانەوە ڕۆڵێکی زۆر نەرێنی دەگێڕێت و بووەتە هۆکاری تەشەنەکردنی زمانی ڕق و کینە و نەمانی متمانە و دابڕانی خەڵک لە میدیای باو، کە بەڕای من هێشتا لایەنی پۆزەتیڤ و ئەرێنیی زۆر زیاترە لەلایەنە نێگەتیڤ و نەرێنییەکانی.
بەداخەوە هەندێک لە دەزگاکانی میدیای بینراو و بیستراو و، خوێنراوی باو لە هەموو جیهاندا و لەلای خۆشمان کەوتوونەتە ژێر هەژموونی بەناو (رۆژنامەوانیی هاووڵاتی) یەوە و دەستیان لە زۆربەی پرنسیپ و بنەما ئەخلاقی و پیشەییەکانی کاری میدیایی هەڵگرتووە و بوونەتە کۆپی و لاساییکەرەوە و پشتیوان و جاڕچی بۆ ئەو بێسەروبەرییەی لە (میدیای نوێ) دا بەرپابووە.
بەلای منەوە هێشتا زووە پێشبینیی داهاتوو بکەین ئەگەرچی دۆخی میدیا لە دونیا و لە هەرێمی کوردستاندا بەتایبەت، لە بەردەم هەڕەشەدایە و زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم گەیشتووە بە سنووری سڕینەوەش، بەڵام بڕوایەکم هەیە کە سرووشتیی ژیان و یاساکانی بەردەوامی، ڕێنادەن ئەم بێسەروبەرییە تاسەر بەردەوام بێت.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە ڕووکەشدا وا دەردەکەوێت کە گوایە خواستی خەڵک و میللەتانە و کاردانەوەی تاک و هاووڵاتییە لەبەرانبەر میدیای باودا کە بابەتیبوون و متمانەی لەدەستداوە و کەوتووەتە ژێر گوشار و هەژموونی لۆبیی دارایی و سیاسیی و چیی دی ناتوانێت دەنگ و ڕەنگی خەڵک بێت! ئەوە تەنیا پاساو و ڕووکەشکردن و ماکیاژکردنی ڕاستیی بابەتەکەیە. لە ڕاستیدا ئەوەی دەگوزەرێت هەوڵێکی بە بەرنامەیە بۆ چۆکپێدادانی خەڵک و ڕازیکردنیان بە خۆبەدەستەوەدانێکی بێ مەرجی تاک و کۆمەڵگە لە بەردەم هەژموونی مارکێتینگی کاڵا و سێرڤسی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دونیای سەرمایەداریدا، ئەگەر کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەتان و ناوەندە ئاکادیمی و پارتە سیاسییە مرۆڤدۆستەکانی دونیا بەهۆش خۆیان نەیەنەوە و جڵەوی ژیان و شارستانییەت و بەردەوامی و مانەوەی توخمی مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەوییە لە دەستی سەرمایەدار و کارتێلە پارە پەرستەکان نەسننەوە، بە دڵنییاییەوە نەک هەر بۆ میدیای باو، بگرە بۆ کۆی کایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، ئاییندەیەکی زۆر تاریک و پڕ ئاژاوە و نا دادپەروەری بەڕێوەیە. [1]